خول و راهێنانی مامۆستا

11:17 - 2025-06-11
سمکۆ چنارەیی
60 خوێندراوەتەوە

مامۆستا چاوگ، کاکڵە و بنچینەیە لەناو پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا، پلان و فەلسەفەی پەروەردەش بە جۆرێکە بەردەوام پێویستی بە خۆ نوێکردنەوەیە، راوەستان و چەق بەستوویی و خولانەوە لەناو بازنەی جێگیردا بەرەو دواوەی دەبات.
لەبەرئەوە کردنەوەی خول و راهێنانی بەردەوام زۆر پێویستە بۆ مامۆستایان، هەموومان دەزانین میتۆد و شێوازی کۆن وردە وردە بەسەر دەچن و گۆڕانکاریی زۆریش لە رێگەکانی وانەوتنەوەدا روویداوە، تەنانەت زۆربەی پڕۆگرامەکانیش گۆڕاون و ساڵانەش کتێبی نوێ و بابەتی دیکە دێنە نێو پرۆگرامی خوێندنەوە، هەموو ئەوانەش پێویستیان بە رێگەی نوێیە لە کاتی وانە وتنەوەدا.

 

بەهۆی بایکۆت و کۆمەڵێک قەیرانی دارایی و تەندروستییەوە، ئاستی پەروەردە و فێرکردن زۆر بەرەو دواوە هات، بەو هیوایەی پەیمانگەکانی راهێنان و گەشەپێدانی پەروەردە کاراتر بکرێن و کردنەوەی خول و راهێنان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە

 

ناکرێت مامۆستا لەسەر یەک جۆر رێچکە پلانی فێربوون بۆ هەموو ساڵێک دابنێت، بەڵکو پێویستە وەزارەتی پەروەردە بە پلانی تۆکمە لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەکدا کە لە پەرتوکەکانی خوێندندا دەیکات، یان هێنانەئارای هەر سیستمێک و یاسایەکی نوێ، بیر لە کردنەوەی خولیش بۆ مامۆستایان بکاتەوە، بە مەرجێک کاتی خولەکان گونجاوبێت و سوود لە پشوو یان دوای دەوامی خوێندنگە وەربگیرێت، هەروەها شایستەی دارایی پێویست بۆ مامۆستا و بەڕێوەچوونی خولەکان دابین بکات، هاوکات کادری بە توانا و لێهاتوو ببنە فێرکاری خولەکان و راهێنان بە مامۆستایان بکەن، بۆئەوەی بە تەواوی شارەزای ئەو میتۆد و تەکنیکە تازانە ببن کە پەروەردە بەرەوپێش دەبات، نەبوونی خول و سیمیناری پەروەردەیی کراوە بەردەوام لێکەوتەی نەرێنیی لەسەر کوالیتی پەروەردە دروست دەکات، بە تایبەتییش لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی بایکۆت و کۆمەڵێک قەیرانی دارایی و تەندروستییەوە، ئاستی پەروەردە و فێرکردن زۆر بەرەو دواوە هات، بەو هیوایەی پەیمانگەکانی راهێنان و گەشەپێدانی پەروەردە کاراتر بکرێن و کردنەوەی ئەو خول و راهێنانانەش بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

وتارەکانی نوسەر