ژەمێک بە تەنها..زۆر ئاساییە..

04:33 - 2025-04-14
نەرمین عوسمان محەمەد
96 خوێندراوەتەوە

لە سەردەمی ئەمڕۆی پڕ ژاوە ژاو و سەرقاڵییدا، مۆدێلیکی نوێی نانخواردنە وەک خواردنی دەرەوە یان ژەمە خێراکانە کە بە دیلیڤەری دەگەیەنرێتە ماڵان، من بۆخۆم تابتوانم لەگەڵ هیچ جۆرێک لەو ژەمانەدا نییم و خواردنی ماڵەوەم پێخۆشە کە خۆم ئامادەی بکەم، بەڵام هەندێکجاریش ناکرێت هەموو شتێک بەدڵی خۆمان بێت و بێ کاتیی وام لێدەکات ناچار بم رووبکەمە ئەو ژەمانە وەکو ئەوەی لەم دواییەدا روویدا لێم و دەبوایە ژەمێک لە دەرەوە بکڕم تا پێشکەشی میوانێکی ئازیزمی بکەم، بەڵام کاتێک خۆم ئامادە کرد و گەیشتمە رێستۆرانتەکە و لەو کاتەدا چاوەڕوانی ئامادەکردنی ژەمەکە بووم کە داوام کردبوو، لە بەشی خێزانیی رێستۆرانتەکەدا خانمێکی لاوی شیک پۆش زۆر بە هێمنی خۆی کرد بە بەشی خێزانییەکەدا و بەرامبەرم دانیشت لە سەرەتادا کارمەندی رێستۆرانتەکە بە شوشەیەک ئاوەوە هات بۆلای و بەخێرهاتنی کرد و دواتر بەدەنگێکی کەمێک بەرز کە منیش گوێم لێبوو لێی پرسی:
_خاتوون چەند کەسن؟
لەوەڵامدا خانمە لاوەکە بەزەردەخەنەیەکەوە وتی: وەڵا هەرخۆمم.
دوای ئەو وەڵامە کارمەندەکە بۆماوەیەکی کورت دیار نەما و دواتر هاتەوە و بەهەمانشێوەی پێشوو بە دەنگێکی کەمێک بەرز، بەڵام ئەمجارەیان بە جۆرێک لە تووڕەییەوە لە خانمە لاوەکەی پرسی:
_فەرموو، چی دەخۆیت؟
خانمی لاویش بەجۆرێک لە پەشۆکاوی لەجیاتی زەردەخەنە ئەمجارە وەڵامی دایەوە: نەفەرێک کەباب بەئەرک نەبێت...زۆر سوپاس.

 

ئایا دەکرێت منی ژن کە خۆم هاوسەرەکەم لەگەڵە، ئیتر بەنامۆیی بڕوانمە ژنێکی تەنها کە دڵنیام بۆ نانخواردن هاتووە و هیچی تر؟

 

سەرسوڕمانێکی گەورە
کارمەندەکە دیارنەما هەڵبەت بەرەو ئامادەکردنی خواردنەکە رۆیی، بەڵام ئەو شەش کەسەی تر کە لەگەڵ مندا لە بەشی خێزانیی رێستۆرانتەکە بوون و سیانیان خانم بوون زۆر بەئاشکرا دەیانڕوانییە ئەو خانمە لاوە و لایان سەیر بوو بەتەنها هاتووە و ژەمێک خواردن داوا دەکات. بە هەمان سەڕسوڕمانی ئەوانەوە دوای کەمێک شاگردی چایچییەکە هاتبوو بۆ لای خانمی تەنها و پرسیاری لێدەکرد ئایا دوای نانخواردن چای تاڵ دەخواتەوە یان شیرین، ئەمجاریان خانمی لاو بەدەنگێکی پڕ حوزنەوە وەڵامی دایەوە و وتی: زۆر سوپاس چا ناخۆمەوە... لەو کاتە زۆر کورتەدا هەر وەک فیلمێک ئەو رووداوانە لەبەردەم مندا روویاندا و منیش نەمدەتوانی هیچ بکەم، بەڵام هەر لەو ساتەوەختەوە تا ئێستا سەرسوڕمانێکی گەورەم لا دروست بووە لەگەڵ کۆمەڵێک پرسیاری وەک:
-ئایا ئەمە دۆخی ژنێکە کە بە تەنها ژەمێک دەخوات لەنێو رێستۆرانتێکی گەورە و بەناوبانگی شاردا، ئەی دەبێت ئەگەر هەمان ژن لە ناو بازاڕدا بە تەنها نان بخوات چی بەسەر بێت؟
-باشە ئەگەر ئەم ژنە پیاوێک بوایە ،رێستۆرانتەکە هەمان هەڵوێستی دەنواند بەرامبەری؟
_ ئایا دەکرێت منی ژن کە خۆم هاوسەرەکەم لەگەڵە هاوشێوەی خانمەکانی لەوێ بوون ئیتر بەنامۆیی بڕوانمە ژنێکی تەنها کە دڵنیام بۆ نانخواردن هاتووە و هیچی تر؟
ئەمانە و چەندین پرسیاری دیکەی لەمجۆرە تا ئەم ساتەوەختە لەنێو مێشکمدا بێ وەڵامن، بەڵام دواجار دەتوانم لێرەدا و زۆر بەدڵنیاییەوە بڵێم: ژەمێک بە تەنها بۆ هەموو کەسێک زۆر زۆر ئاساییە.

وتارەکانی نوسەر