بڕیارێکی دروست

09:47 - 2025-04-30
نەرمین عوسمان محەمەد
33 خوێندراوەتەوە

نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری دیاردەیەکی باوە لە هەموو جیهاندا و کەس ناتوانێت نکوڵی لێ بکات، بە بەڵگەی ئەوەی ساڵانە رێکخراوی نێودەوڵەتی نەشتەرگەریی جوانکاری (ISAPS) ئاماری خۆی سەبارەت بەو جۆرە نەشتەرگەرییانە بڵاودەکاتەوە و رێژەکەی لە گشت ناوچەکانی جیهاندا رادەگەیەنێت.
دەرهێنانی چەوری ورگ (Abdominoplasty)، یەکێکە لە نەشتەرگەرییە جوانکارییە باوەکان و بەپێی دوایین ئامارەکانی رێکخراوی ناوبراو، لە پلەی چوارەمی نەشتەرگەرییە جوانکارییەکاندایە و بە پلەی یەکەم خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیکەن.
لە هەرێمی کوردستان هەرچەندە ئامارێکی وردمان لە بەردەستدا نییە، بەڵام ئەم نەشتەرگەرییە لەم ساڵانەی دواییدا بە رێژەیەکی زۆر و تێچوونێکی گرانبەها دەکرێت، بە تایبەت لەناو ژناندا باوە سەرەڕای مەترسییەکانی.
بە وتەی پزیشکێکی تایبەتمەند، نەشتەرگەریی جوانکاری دەرهێنانی چەوری ورگ کۆمەڵێک لێکەوتە و مەترسی هەیە، وەک هەوکردنی شوێنی برینی نەشتەرگەرییەکە، خوێنبەربوون لە کاتی نەشتەرگەریدا، تێکچوونی دەمارەکان و ملولەکانی خوێن، گۆڕانی رەنگی پێست و دروستبوونی تۆپەڵە چەوری لە ژێر پێستدا، جگە لە شین بوونەوە و ئاوسان لە شوێنی دەرهێنانی چەورییەکەدا.
جگە لە لێکەوتەکانی نەشتەرگەرییەکە، هەڵبژاردنی پسپۆڕی نا تایبەتمەند و جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی پێش نەشتەرگەریی و دوای نەشتەرگەری، دەکرێت ئەنجامەکانی نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەورییەکە نەهێڵن و سەرکەوتوو نەبێت.
لەبەر مەترسییە زۆرەکانی نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری ورگ پسپۆڕانی بواری تەندروستی رێنمایی هەمووان دەکەن، لەجیاتی نەشتەرگەری بۆ دابەزاندنی کێشی لەش یاخود نەهێشتنی چەورییەکان، دەتوانن وەرزش بکەن و خۆراکی تەندروست بخۆن.
لە ماوەی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان، دوو ژن بەهۆی نەشتەرگەریی دەرهێنانی چەوری ورگ گیانیان لە دەستدا، کە دوایینیان خاتوونێک بوو لە بەریتانیا گەڕابووەوە، ئەو رووداوە بووە هۆی دەرکردنی بڕیاری راگرتنی هەموو جۆرەکانی نەشتەرگەریی لابردنی چەوری ورگ و نەشتەرگەریی تایبەت بە دابەزاندنی کێشی لەش، لە هەموو نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکاندا لە شاری سلێمانی.
بەپێی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی، بڕیارەکە بۆ ماوەیەکی کاتییە، تا ئەوکاتەی بە هەماهەنگی سەندیکای پزیشکانی کوردستان و کۆمەڵە پزیشکییەکان، رێنمایی نوێی تایبەت بەم جۆرە نەشتەرگەرییانە دەردەکرێن، هەروەها  داوا لە بەڕێوەبەری هەموو نەخۆشخانەکانی کەرتی گشتیی و تایبەت دەکەن لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا پابەندی بڕیارەکەبن ئەگەرنا کەسی سەرپێچیکار سزا دەدرێت.
بڕیارەکە جێگەی دەستخۆشی و پێزانین و پشتگیرییە، بەو ئومێدەی ئەو راگرتنە ببێتە هۆی توندکردنی رێکارەکانی سەرجەم نەشتەرگەرییە جوانکارییەکان، لەپێناو پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیاندا بە گشتی.

وتارەکانی نوسەر