هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنی عيراق و چەند سەرنجێک

09:41 - 2025-04-15
زانیار جەوهەر
77 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردن یەکێکە لە بنەماکانی پرۆسەی دیموکراسی، هاووڵاتی دەتوانێت لەو رێگەیەوە کەسی دڵخوازی خۆی هەڵبژێرێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی لە رێگەی دامەزراوە جیاجیاکانی پەرلەمان و حکومەت و ئەنجومەنە لۆکاڵییەکانەوە و بەوەش دەیەوێت خواستەکانی دەستەبەر بکات جا بۆ ماوەی چوار ساڵە یان بەگوێرەی یاسا و دەستووری وڵاتەکە.

هەنگاوێک بۆ هەموارکردنەوە
 لەدوای رزگاربوونی گەلانی عیراق لە رژێمی دیکتاتۆری، تا ئەمڕۆ چەند هەڵبژاردنێک چەند خولێکی پەرلەمانی بەڕێکراوە و هەر هەڵبژاردنە و بە یاسایەکی تایبەت جێبەجێکراوە. ئێستا هەنگاوێک لەئارادایە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و وابڕیارە کۆتایی ساڵی 2025 بەڕێوەبچێت، ئامانجی ئەم هەموارەش خواستی لایەنە سیاسییە باڵادەستەکانە، کە رۆڵی کاریگەرییان لە پرۆسەی سیاسی و دەوڵەتداریدا هەیە و دەیانەوێت بە گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن، شێوازێک داتاشن کە لە بەرژەوەندیی ئەو لایەنانە بێت و لە رێگەی هەموارەکەوە هەژموونی خۆیان بەسەر کۆی جومگەکانی دەوڵەت و پەرلەمان  و حکومەتدا بسەپێنن، بۆیە بەشێک لە هێزە سیاسییەکان دەخوان هەڵبژاردنی ئەمجارە بەشێویەک بێت کە بەرژەوەندیی حزبە زلهێزەکانی تێدابێت و لیستە بچووکەکان تێیدا  لاواز بکرێن.
 هاوکات بەشێکی دیکەش لە لایەنە سیاسییەکان دەیانەوێت بە جۆرێک بێت کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیاندا بگونجێت و لە دەسەڵاتی سیاسی دوور نەخرێنەوە و بە شێوازێک هەمواربکرێتەوە و دابڕێژرێت کە یاسا نوێیەکە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکاندا بێت و لە ئایندەدا لایەنە بچووکەکان پەراوێز نەخرێن.

سەردەمی سەرۆک مام جەلال
لە سەردەمی سەرۆک مام جەلالدا، بە جۆرێک یاساکە داڕێژرابوو، زەمینەیەکی دیموکراسیی لە باری رەخساندبوو بۆ هەمووان و شوێن و پێگەی لیستە بچووک و کەمینەکانیش تیایدا پارێزراو بوو، ئەوکات سەردەمێکی زێرین بوو، بۆ چەسپاندنی تەواوی بڕگەکانی سیستمی دیموکراسی، کورد بەهۆی کارێزمایی سەرۆک مام جەلالەوە رۆڵ و سەنگێکی بەهێزتری هەبوو، بۆیە هەنووکە گرنگە حزبە کوردستانییەکان پێکەوە کاربکەن، لەپێناوی بەدەستهێنانی مافەکانیان لەکاتی هەموارکردنی یاساکەدا بۆئەوەی گەلی کوردستان و پێکهاتەکان مافیان نەفەوتێت و جێگە و پێگەیان پارێزراوبێت، بەتایبەتی لە ناوچە دابڕێنراوەکان، لەو سۆنگەیەشەوە جێی خۆیەتی هەندێک تێبێنی بۆ چەسپاندنی مافەکانی خەڵک، لە روانگەی دیموکراسی و بەشداریکردنەوە لە هەڵبژاردن، بخرێتە بەرچاوی بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتایبەتی و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەگشتی، لە ئەگەری هەموارەکەدا وەک:
*لە سیستمی کۆتا و یاساکانی ئێستادا، ژمارەیەک کورسیی دیاریکراو بۆ کەمینەکان لە پەرلەمان و ئەنجومەنەکاندا لەبەرچاو گیراوە، بە گۆڕینی ئەو یاسایانە بەبێ جێگیرکردنی ئەم سیستمە رەنگە ئەم کورسییانە کەم بکرێنەوە یان بسڕرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی رۆڵی کەمینەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا و زیانی گەورە بە پرۆسەی دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەگەیەنێت. 
*لە یاساکەی ئێستادا، فرەبازنەیی لە پارێزگاکاندا جێبەجێ کراوە، بۆیە گۆڕینی پانتایی یان ژمارەی ناوچە و بازنەکانی هەڵبژاردن، یان زیادکردنیان، راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر لیستی کەمینەکان دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر کەمینەکان لە ناوچەیەکی دیاریکراودا بن و قەبارەیان بچووک بێت، ئەگەر بازنە گەورەکە دابەشبکرێت و فرە بازنەیی پەیڕەو بکرێت، رەنگە دەنگەکانیان پەرتەوازە ببێت و لەناو دەنگی لیستە گەورەکاندا پەرت و بڵاوببێت.
*بۆ ئێمە وەکو کورد، لە هەندێک سنوور و ناوچەی دابڕێنراودا لە حاڵەتی جێبەجێکردنی یاسای هەڵبژاردنی فرەبازنەییدا، ئەگەر پێکەوە بین و هاوپەیمانی دروست بکەین، دەتوانین کاریگەریی زیاترمان هەبێت و دەنگەکانی خۆمان بەدەستبهێنین و لە هۆڵی پەرلەمانیشدا باشتر هەوڵ بۆ پاراستنی پێگەی خۆمان لەو ناوچانەدا بدەین، کە کورد بە گوێرەی دۆخی گۆڕینی دیمۆگرافیا، تیایدا  بووە بە کەمینە، هەروەها دەبێت کار بۆ ئەوەش بکەین کەمینەکانی دیکە نوێنەری راستەقینەی خۆیان لە رێگەی دەنگەکانیانەوە بنێرنە پەرلەمان و رێگە نەدەین هیچ زلهێزێک باڵادەستی رەها بێت و لایەنەکەی تر بسڕێتەوە، چونکە دواجار زۆرینە دەبێتە فەرمانڕەوای رەها بەسەر کەمینەوە و لەمەشدا کورد وەک کەمینە لەسەر ئاستی عیراقدا دووچاری چەوساندنەوەی سیاسی دەبێتەوە.
*ئەزموونەکانی رابردوو دەریانخستووە سیستمی یەک بازنەیی لە تەواوی عیراقدا پەیڕەوبکرێت، لیستی کەمینەکان دەتوانن تا رادەیەکی باش مافەکانیان دەستەبەر بکەن، ئەگەر لەگەڵ یەک بازنەییدا لیستی کراوە بێت، لەو رێگەیەوە لەسەر ئاستی تاک دەتوانن خۆیان کاندید بکەن و چانسی سەرکەوتنیان زیاتر مسۆگەر دەبێت.
*سیستمی لیستی نیمچە کراوە و یەک بازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکان پێشتر تاقیکراوەتەوە و گونجاوە بۆ ئەم دۆخە سیاسییەی عیراق، لیستی کەمینەکانیش دەتوانن تارادەیەک پێگەی خۆیان بپارێزن، هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن لە عیراق، تەنها ئەگەر بە پاراستنی لیستی کەمینەکان و زیادکردنی دەستکەوتەکانیشیان بکرێت، دەتوانێت سوودبەخش بێت بۆ پرۆسەی سیاسی و چەسپاندنی دیموکراسی.

گۆڕینی یاساکان
بۆ گۆڕینی یاساکان، پێویستە لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکاندا هەنگاو بنرێت و کۆدەنگی لەسەر بکرێت، بۆئەوەی رێککەوتنی لەسەربێت، تا کاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر مافی لیستە بچووکەکان و کەمینەکان دروست نەبێت و هەمووان لە پرۆسەی سیاسیی عیراقدا بەشداربن و کوردیش وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی پارێزراو بێت لەم پرۆسەیەدا.

وتارەکانی نوسەر