مرۆڤی هاوچەرخ لە هەژارییەکی بێهاوتای بەهاکاندا دەژی! به‌شێكیان به‌های خۆیان له‌ده‌ست داوه ته‌نها له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی ماددی. بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پیداویستییه‌كانی، مرۆڤ چه‌ندین رێگه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه، ره‌نگه ئاسانترینییان رێگه ناڕه‌واكه بێت و قورسترینییان رێگه رەواکەیە. فه‌خری سینه‌مای جیهانی (ئال پاچینۆ) له فیلمی (بۆنی ژن)دا ده‌ڵێت: (هه‌میشه زانیومه رێگه راسته‌كه كامه‌یه، به‌ڵام هه‌میشه چه‌وته‌كه‌م هه‌ڵبژاردووه، چونكه راسته‌كه زۆر قورسه). یه‌كێك له‌و رێگه ناڕەوایانەی مرۆڤ زووتر ده‌گه‌یه‌نێت به ئامانجه‌كانی، رێگه‌ی ( ماستاوكردن )ه. كه‌سی ماستاوچی له رێگه‌ی روپامای و خۆسوككردنه‌وه هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پله‌وپۆست و پێگه‌ی به‌رز و پاداشتی ماددی ده‌دات، به‌ڵام له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه نزمتریین پله تۆمار ده‌كات. له هه‌نبانه بۆرینه‌ی هه‌ژاری موكریانی‌دا، هه‌ریه‌ك له وشه‌ی (کلکەسووتە، مەرایی کەر، رووپامایی) به‌كارهاتووه. به‌و جۆره له ره‌فتاری تاك ده‌وترێت كه بۆ گه‌یشتن به مه‌رامێكی تایبه‌تی خۆی له خۆی كه‌م ده‌كاته‌وه و داده‌به‌زێته ئاستێكی نزم.
فریدمان 1974: له‌و باوه‌ڕه‌دایه لە ماوەی دەیەی کۆتایی سەدەی بیستەمدا، رەوتی لێکۆڵینەوە لە رەفتارە بێزراوه‌كان زیادی کرد، چونکە گشتیترین شێوازی کۆنترۆڵکردن یان رێکخستنی کاریگەرییە کە لە رێگەیەوە تاک دەتوانێت دەرئەنجامە کۆمەڵایەتی و ماددییەکانی زیاد بکات، وەک بەدەستهێنانی هاوڕێیەتی و پێشکەوتنی پیشەیی و یان بۆئه‌وه‌یه خۆی لە دەرئەنجامە نەخوازراوەکان بە دوور بگرێت کە لە ئەنجامی سروشتی پەیوەندییەکەی لەگەڵ کەسانی دیکەدا دروست دەبن.
چه‌ندین پێناسه‌ی زانستی بۆ ئه‌م ره‌فتاره ناشرینه كراوه بۆ وێنه «ترنلی» پێی وایه بریتییه له هه‌وڵه‌كانی تاك بۆ راكێشانی خۆشه‌ویستی ئه‌وانی تر، له رێگه‌ی ده‌ستخۆشییه‌كانیان و كاركردن بۆیان و خزمه‌ت كردنیان. هاوكات كارنجی (Carnige,1937) پێی وایه، جیاوازی هه‌یه له نێوان پێداهه‌ڵدان و ماستاوكردندا، چونكه یه‌كه‌میان كه‌سه‌كه دڵسۆزه و خۆپه‌رست نییه و پێزانینی هه‌یه، به‌ڵام دووەمیان خۆپه‌رسته و درۆزنه و مه‌رغوب نییه.
ره‌نگه له دیارترین ئه‌و پێناسانه‌ی كرابێت پێناسه‌كه‌ی جۆنز و وۆرتمان (1973) بێت كه پێیان وایه ماستاوكردن جۆرێكه له ره‌فتاری ستراتیژی ناڕەوا كه پێشوه‌خته پلانی بۆ دانراوه و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌سی به ئامانج گیراو هه‌یه. بۆچی پێیده‌وترێت ره‌فتارێكی ناڕەوا، چونكه پرۆسه‌ی په‌یوه‌ندییكردن تێیدا روون نییه، ئه‌و كه‌سه‌ی ماستاو ده‌كات مه‌به‌ستی نادیاری هه‌یه، ئه‌و كه‌سه‌ی ماستاوه‌كه‌ی بۆ ده‌كرێت نازانی ئامانجی چییه.
له واقیعی ئێستای هه‌رێمی كوردستاندا، مرۆڤ بۆئه‌وه‌ی له كاره‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت یان بۆئه‌وه‌ی زوو دروست ببێت، په‌نا ده‌باته به‌ر ماستاوكردن، رێگه ئاسان و كورته‌كه. له راستیدا كه‌سی ماستاوچی خۆی قوربانییه، چونكه ئه‌وه خاوه‌ن پایه‌كه‌یه دۆخێك ده‌خوڵقێنێ كه پێویسته ئه‌وانه‌ی خوار خۆی ماستاوی بۆ بكه‌ن، هاوكات ماستاوكردن له سایه‌ی نه‌بوو‌نی یاسا و سیستەمدا بره‌و ده‌سێنێت، چونكه گه‌ر ئه‌رك و مافه‌كان له‌لایه‌ن یاساوه رێكخراو بن ئه‌وا هیچ كه‌س بۆ مانه‌وه‌ی له كاره‌كه‌یدا ماستاوكردن به دوا ده‌رفه‌ت نازانێ.
*مامۆستای زانكۆی سلێمانی