ئیدیۆمێكی باوی ناو زانایان و دانایان هەیە دەڵێت: مێژوو بە هەموو وردەكارییەكانیەوە دووبارە نابێتەوە، بەڵام هاوڕایی هەیە لەسەرئەوەی هەندێ لە رووداوە مێژووییەكان لە قۆناغە جیاوازەكاندا لەیەكچوونیان هەیە و تەبان لەسەر ئەوەی لە قۆناغ و شوێنە جیاوازەكاندا دەرفەتی مێژوویی لەیەكچوو هاتوونەتە پێشەوە و لە دیرۆكی گەلی كوردستانیشدا ئەو نموونانە زۆرن.
كاتێك دەرفەتێكی مێژوویی دێتەپێشەوە بۆ گەلێكی خێر لەخۆنەدیوی وەكو گەلی كوردستان، تەنها دوو بژاردە لەبەردەمیدایە، یان سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت و بۆ ئەو مەبەستە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان بە گیانێكی بەرپرسیارانە و لێبووردە و بە یەك ئیدارە و یەك ئەجێندا خۆیان بۆ ئەو پێشهات و رووداوە ئامادە بكەن، یان لەپێناو بەرژەوەندیی بەرتەسكی حزبایەتی ئەو دەرفەتە مێژووییە لەدەست بدەن و پێویستە دەیان ساڵی دیكە چاوەڕوان بن تا هەل و دەرفەتێكی تر دێتەپێشەوە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چونكە دوربین و بەرپرسیارە و لە واتاكانی ئەركە گەورەكان تێدەگات، بۆ ئەم دەرفەتانە هەمیشە دەستی تەبایی درێژ دەكات و پرۆژەی خۆی بۆ چۆنیەتی سوودوەرگرتن لەو هەلانە دەخاتەبەردەم هێز و لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی بەردەم پارتی. لێرەدا دوو نموونەی لەیەكچوو لە دوو قۆناغی جیاواز دەخەینەڕوو:
نموونەی یەكەم:
ـ لە كۆتایی نەوەدەكان كاتێك هێزەكانی هاوپەیمانان خەریكی خۆڕێكخستنەوە و دانانی پلان بوون بۆ رووخانی رژێمی سەدام حسێن و لەو پێناوەدا هەوڵی كۆكردنەوە و رێكخستنەوەی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقیان دەدا، پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی لە دۆخێكی زۆر ئاڵۆز و دژواردا بوون، دەرفەتێكی زێڕین بۆ گەلی كوردستان هاتبووە پێشەوە، بۆیە هەڤاڵ مام جەلال بە یەك ئۆتۆمبێل بەرەو شارۆچكەی پیرمام بەڕێكەوت و لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی رێككەوتنی ستراتیژییان لەپێناو داهاتووی ئەزموون و دەستكەوتەكانی كورد ئیمزا كرد. لەو سەردەمەدا لەسەر ئاستی ناوخۆیی یەكێتی، ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆك مام جەلال نیگەرانییەكی زۆری لێكەوتەوە و لە دەرەوەی یەكێتیش بەهەمانشێوە، لەبەرامبەردا هەڤاڵ مام جەلال لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا ئەو پرسیارەی دەكرد ئایا ئەم سەردان و رێككەوتننامەیە لە بەرژەوەندیی یەكڕیزیی گەلی كوردستاندایە یان زیانی هەیە بۆ گەلی كوردستان؟ ئامادەبووان وەڵامیان دەدایەوە كە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندایە، بەڵام بۆ یەكێتی باش نییە، سەرۆك مام جەلال-یش رایدەگەیاند: یەكێتی لەپێناو بەرژەوەندی و خزمەتكردنی گەلی كوردستان دامەزراوە هەر شتێك لە بەرژەوەندیی خەڵك بێت لە بەرژەوەندیی یەكێتیشە. هەر زوو بەرهەمی ئەو سەردان و رێككەوتننامە دەركەوت و بۆ ئەو قۆناغە چەندین دەستكەوتی هەبوو:
ـ كورد، بوو بە پێشەنگ و هێزی كاریگەری ناو لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی.
ـ هێزەكانی هاوپەیمانان پشتیان بە كورد بەست، وەكو لایەنێكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی بۆ رووخانی رژێم و ناوچەكەش بوو بە بنكەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی.
ـ لەدوای رووخان، كورد بەو تەبایی و یەكڕیزییە توانی رۆڵی سەرەكیی بگێڕێت لە بەڕێوەبردنی عیراق و نووسینەوەی رەشنووسی دەستووری عیراقی.
ـ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی، لایەنە كوردستانییەكان بە لیستێكی هاوبەش لە ناوچە دابڕێنراوەكان بەشداریانكرد لە هەڵبژاردنەكاندا و سەركەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا.
ـ پێگەی كورد لە بەغدا زۆر بەهێز بوو و گوێ لێگیراو بوو.
ـ كوردستان سەقامگیریی ئەمنی، سیاسی، ئیداری، بەخۆیەوە بینی و هەرێم ئاوەدانییەكی زۆری بەخۆیەوە بینی.
نموونەی دووەم:
ـ لەئێستادا كە ناوچەكە گۆڕانكارییەكی دیكەی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و دەرفەتێكی دیكە بۆ كورد هاتووەتەپێشەوە، سەرۆك (بافڵ تاڵەبانی) هاوشێوەی سەرۆك مام جەلال سەردانی پیرمامی كرد و لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، پرسی گۆڕانكاری و رووداوەكانی ناوچەكە و پلانی یەكێتی بۆ چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە دواپێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندا، خستەبەردەم بەڕێز مەسرور بارزانی، بەو سەردانە سەلماندی كە دەستی یەكێتی لەپێناو ئاشتی و دۆزی رەوای گەلی كوردستان زۆر درێژە، هاوشێوەی سەردەمی سەرۆك مام جەلال، میدیای زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە میدیای سێبەر و نافەرمی و بەشێك لە میدیای فەرمییان هەوڵیاندا رای گشتی لەسەر ئامانج و گرنگی ئەو سەردانە چەواشە بكەن و تەنانەت كەناڵێكی سەر بە پارتی رایگەیاند «بافڵ تاڵەبانی بۆ هەندێ داواكاری سەردانی پیرمامی كردووە»!! ئەم سەردانە لە كاتێكدایە كە جیهان قسە لەسەر گۆڕانكاری لە نەخشەی ناوچەكە دەكەن:
ـ سوریا گۆڕانكارییەكی ریشەیی بەخۆیەوە بینیوە و رۆژئاوا پێویستی بە پشتیوانیی هەرێمی كوردستان هەیە.
ـ پرسی ئاشتی لە توركیا بۆتە مژارێكی گرنگ و راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان دروست دەكات. هەموو ئەمانە دەرفەتی گرنگن و لەوەش گرنگتر ئەوەیە كورد خۆی بۆ چۆنیەتی سودوەرگرتن لەو دەرفەتانە ئەجێندای هەبێت، لەلایەكی دیكەوە هەر زوو بەرهەمی ئەو سەردانەی سەرۆكی یەكێتی بۆ پیرمام رەنگیدایەوە.
ـ لەسەر چەند پرسێكی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، فراكسیۆنە كوردستانییەكان وەكو یەك تیم هەڵوێستیان نواند و ئەنجامی ئەرێنی بەدەستهێناوە.
ـ پارتی دیموكراتی كوردستان بارەگای مەكتەبی رێكخستنی خۆیان لە شاری كەركوك كردەوە و بەڕێز فازڵ میرانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بە میدیای یەكێتی راگەیاند «ئیدارەی كەركوك پێویستی بە پشتیوانییەكی گەورە هەیە» ئەم هەڵوێستە نوێیەی بەرپرسێكی باڵای پارتی لەسەر ئیدارەی كەركوك دەرخەری ئەو راستییەیە، كە دۆزی كەركوك هەنگاو بەرەو قۆناغێكی باشتر دەنێت و ئەمەش بە دەستكەوتی سەردانی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بۆ پیرمام ئەژماردەكرێت.
ـ چاوەڕوان دەكرێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە ناوچە دابڕێنراوەكان، لیستی هاوبەش هەبێت، ئەگەر لیستی هاوبەشیش نەبێت، ئەوا هەڵبژاردنەكە لە كەشێكی ئارامدا بەڕێوە بچێت.
ـ خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە میدیای لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن هەموو هەوڵەكانی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی وا پیشان بدات كە هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی ژێربەژێر لەگەڵ پارتی رێككەوتووە و هیچ بەڵێنێكی سەردەمی بانگەشەی جێبەجێ نەكردووە.
سەرۆك بافڵ تاڵەبانی، لەدوا دیداری تەلەفزیۆنیدا توانی ئەوەی ئەوان بە چوار مانگ خەونیان لەسەر هەڵچنیبوو بە چەند دێڕێك پوچەڵبكاتەوە و بۆ هەمووانی روونبكاتەوە سەركردەی راستەقینە ئەوەیە بەرژەوەندی و داهاتووی نەتەوەكەی بخاتە سەروو بەرژەوەندییەكانی خۆیەوە.