ئیرادە و دەنگی (45) ملیۆن كورد لە قامیشلۆ

12:18 - 2025-04-27
له‌تیف نێروه‌یی
69 خوێندراوەتەوە

كۆنفرانسی قامیشلۆ بۆ یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستیی كورد، وانەیەكی نوێ و هەنگاوێكی بوێرانە و بەرپرسیارانە و نیشتمانییانە بوو، سەلماندی كە ئەگەر كورد تەبا و یەكگرتوو بێت، دەتوانێت دەستكەوتی گرنگ بۆ گەلی كوردستان مسۆگەر بكات و دەر و جیران و جیهانیش رێزی لێ بگرن. 
كۆنفرانسی قامیشلۆ دەنگ و ئیرادەی (45) ملیۆن كوردی بە جیهان گەیاند، چونكە بەبێ ئەوەی لایەنێك، لایەنێكی دیكە تۆمەتبار و تەخوین بكات، بەبێ ئەوەی لایەنێك خۆی دوورەپەرێز بگرێت یان بایكۆت بكات، بەبێ ئەوەی پارچەیەكی كوردستان تێبینیی لەسەر پارچەیەكی دیكە هەبێت، هەر هەموویان هاوشێوەی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ، هەڵگری یەك پەیام بوون، ئەویش پەیامی ئاشتی و تەبایی و یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستیی گەلی كوردستان و پشتیوانیكردن بوو لە مافە رەواكانی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان.
لەو كۆنفرانسەدا ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی وەكو خانەخوێ لە پەیامێكدا سوپاسی ئەو سەركردانەی كرد كە هەوڵ و كۆششیان كردووە بۆ سەرخستنی ئەو كۆنفرانسە و یەكێك لەو سەركردانەش كە ناوی هێنا هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، ناوهێنانی سەرۆكی یەكێتی، بەڵگەی هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی یەكێتییە، بەتایبەتی هەڵوێستەكانی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی كە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو لە چەند رێوڕەسمێکی رەسمیدا رایگەیاندووە: «ئەگەر كوردانی هەموو پارچەكانی كوردستان تەبابین و یەكبگرین، هەموو جیهان رێزمان لێدەگرن» و داواشیكرد یەكێتییەكی نەتەوەیی دروست بكەين و بەو یەكڕیزیی و یەكگرتنە  وڵاتانی جیهان ناچاردەبن رێز لە دەنگی (45) ملیۆن كورد بگرن.
 خۆشبەختانە ئەمڕۆ لە قامیشلۆ ئەو داواكارییە هاتەدی، ئەمەش ئومێدێكی دێرینی یەكێتی و هەڤاڵ مام جەلال بووە و بۆ ئەو مەبەستە لە 1/12/1977 لە بەیروتی پایتەختی لوبنان لەسەر داوای هەڤاڵ مام جەلال كۆبوونەوەیەكی لوتكە لەنێوان سەركردە و نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی كوردستاندا بەڕێوەچوو، كە دەكرێ‌ بە یەكەم هەنگاوی پراكتیكی بەرەو دروستكردنی یەكێتییەكی نەتەوەیی لەقەڵەم بدرێت.
كۆنفرانسەكەی قامیشلۆ و گەیشتن بە بەڵگەنامەیەكی سیاسی بۆ كوردانی رۆژئاڤا، سەلماندنی ئەو راستیەیە كە بە یەكڕیزیی، كورد دەتوانێت مەترسی و ئاڵنگارییەكان بگۆڕێت بۆ دەرفەت، لەپێناوی بەرژەوەندیی و داهاتووی گەلی کوردستاندا.

وتارەکانی نوسەر