تا ئێستا ئەو توێژینەوە و بەدواداچوونانەی سەبارەت بە هەرەسی شۆڕشی چەکداری لە ساڵی 1975 نووسراون، زیاتر لەسەر خودی پرۆسەکە و هۆکار و بکەری سەرەکی رووداوەکەن، بەڵام کەمترین لێکۆڵینەوە سەبارەت بە دەرهاویشتەی هەرەسەکە کراوە، ئەوانەی قسە و باسیشیان کردووە، لە چوارچێوەی سیاسەت و پرۆسەی سەرکردایەتیکردنی هەڵەی خەباتەکە بووە، زۆربەی نووسینەکان وتاری رووتی سیاسین بەبێ پشتبەستن بە بەڵگەنامە و سەرچاوەی زانستی کە جێگای گومان نەبێت.
ئەو نووسەرە بێگانانەش، کە کاریان لەسەر ئەو کەیسە کردووە، زۆربەیان بۆ مەبەستێکی سیخوڕیی، یاخود لایەنگیریی نووسراون، چەند کارێکیش هەن، کە بەدەر نین لە سۆز و بزواندنی هەست و ختوکەدانی ئەندامی حزبی.
زۆربەی نووسینەکان وتاری سیاسین، بەبێ پشتبەستن بە بەڵگەنامە و سەرچاوەی زانستی کە جێگای گومان نەبێت
ئەوەی من لەم کورتە وتارەدا چەند سەرەقەڵەمێکی بۆ دەخەمەڕوو، بواری رۆژنامەگەریی کوردییە لە هەندەران کە دوای هەرەسی ساڵی 1975 چاپ و بڵاوکراونەتەوە، وەک سنوورگیریش بۆ باسەکە، تەنیا سێ ساڵم وەرگرتووە 1975 و 1976 و 1977، چونکە ئەو سێ ساڵە، خاڵی دەستپێکن بۆ خەباتێکی دیکە. ئەوکاتە جۆرێک لە دڵەراوکێ، گوتاری توند، پەرگیرکردنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراق، بە نووسین و کارەکانەوە دیارە، تا رۆژنامەگەریی کوردیی باکووریی و خۆرهەڵاتییەکان لە هەندەران بەدەرنین لەو گوتارە، لە هەندێک نووسیندا ئەوان لە کوردی باشوور بەرامبەر بە بکەرەکانی هەرەس توندترن. هەر تەنیا دوو مانگ، یاخود کەمتر دوای هەرەس، جوولەیەک لە ئەوروپا و وڵاتانی ئیقلیمی، دەستیپێکرد بۆ دروستکردن و دامەزراندنی رێکخراو و هێز و حزبی دیکە. رۆژنامەگەریی کوردیی لەو سێ ساڵەی کە دەستنیشانم کردووە، بەسەر ئەم جۆرانە دابەشدەکەم:
1- رۆژنامەی حزبی، بریتیین لە رۆژنامە و بڵاوکراوەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە سەرەتای دامەزراندنی بوو. پارتی دیموکراتی کوردستان- عیراق/ سەرکردایەتی کاتی. پارتی دیموکراتی کوردستان- لیژنەی ئامادەکردن. پارتی سۆسیالیستی کوردستانی تورکیا، پارتی دیموکراتی کوردستان لە تورکیا.. هتد. گوتاریی رۆژنامەگەریی ئەمانە ئاڕاستەکراو بوو بۆ سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراق و تاوانباریان کردوون بەو کارەساتەی رووبەڕووی کورد بۆتەوە.
2- رۆژنامەگەریی خوێندکاران، ئەوکاتە دەبوایە کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا ksse کۆنگرەی حەڤدەمین ببەستێت، بەڵام هەرەس نەک بووە رێگر لەبەردەم بەستنی کۆنگرە، بەڵکو رێکخراوێکی تەمەن 19 ساڵی هەڵوەشاندەوە و پەرتی کرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هاوکاریی چەند رێکخراو و حزبێکی دیکە لە پارچەکانی کوردستان، کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵاتی دامەزراند، رێکخراوە کۆنەکەش واتە کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا، حزبی شیوعی عیراقی لەتێکی برد و پراگ-ی کردە مەڵبەندی سەرەکی چالاکییەکانی. لەتەکەی تریش لە لای پارتی دیموکراتی کوردستان- عیراق مایەوە و بەرلین-ی کردە مەڵبەندی سەرەکی. ئەمانەش گۆڤار و بڵاوکراوەیان دەرکردووە، کە ناوەرۆکیان دژی هەرەس و سەرکردایەتی پێشوو بووە.
3- هەر ئەوکاتە چەند رێکخراوێکی سیاسی لە ئەوروپا دامەزران و چەند بەیاننامەیەکیان دەرکرد و نەمان، خاوەنی بڵاوکراوەی رۆژنامەگەریش بوون، وەک بڵاوکراوەی المسار الجدید و گۆڤاری ئازادی ....هتد. ئەمانەش گوتاریان بەرامبەر بە هەرەس توندە.
4- هەر ئەوکاتە بەناوی پارتی دیموکراتی کوردستان- عیراق بڵاوکراوە و رۆژنامە دەردەچوو، کە پاشناوی قیادەی موەقتە، یان سەرکردایەتی کاتی هەڵنەگرتووە، ئەمەش پرس و پرسیارێک دروستدەکات، تۆ بڵێیت کەسانێک لە ئەوروپا هەبووبن، دژی پارتی دیموکراتی کوردستان- سەرکردایەتی کاتی، بووبن؟
5- ئەوکاتە حزبی شیوعی عیراقی چەند باڵ و رەوتێک بوون، بەڵام لە هەموویان توندتر بەرامبەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان- عیراق، رەوتی وحده القاعده بووە، کە عادل عەبدولمەهدی سەرکردایەتی دەکرد، بەزمانی کوردی رۆژنامەی «ئاڵای کارگەران»یان دەردەکرد.
6- ئەوکاتە رۆژنامەگەریی پارتی دیموکراتی کوردستان- عیراق «سەرکردایەتی کاتی» لە حاڵەتێکی لاواز و متبووندا بوو، نەیدەتوانی بەر بەو شرۆڤە و هێرشانە بگرێت، کە دوای هەرەس دەستی پێکردبوو.
بەم چەند سەرەقەڵەمە لێرەدا دەوەستم، هیوادارم لە دەرفەتێکدا، بە گواستنەوەی کۆمەڵێک بەڵگە لە خودی رۆژنامە و گۆڤارەکان ئەم باسە دەوڵەمەند بکەم.
لەگەڵ ئەم باسەدا بەرگ و لاپەڕەی یەکەمینی، چەند رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەیەکم هاوپێچ کردووە، بە مەبەستی باشتر گەیاندنی ناوەرۆکی بابەتەکەم.