مۆدێلی موتربەکراو بە گۆڕانکارییەکان!

09:53 - 2025-04-23
د. نەوزاد عەلی ئەحمەد
34 خوێندراوەتەوە

بۆ مێژووی کاروانی درێژی حزبایەتی یەکێک لەو دیسپلین و پرەنسیپانەی هەمیشە کاریگەریی لەسەر زیندوێتی و سەرکەوتن هەبووە، ئەو ئەرگومێناتانەی گفتوگۆ کردووە، کە هاوئاواز و خۆگونجاندن بوون لەگەڵ ئەو هۆکارە نوێیانەی کاری حزبایەتی لە جیهانینی دانابڕێنن، بۆ ئەمەش ژینگەی ژیانی حزب لەبەرچاو گیراوە.
بەهەموو پێوەرێک بێت، ئەم باشوورە لە هەناسەی تەکان و هەژانی گۆڕانکاریی هاوێر نەبووە، ئەگەر دەرگاشی لێ کڵۆم درابێت، گۆشەگیریی شکاندووە و تامی هەوای نوێی کردووە، ئاخر لەماوەی 34 ساڵی رابردوودا، بەتایبەتیش دوای نەمانی شەڕی سارد و خۆسەپاندنی تاک جەمسریی و راونانی ئایدیۆلۆجیای دۆگمایی لە کاری حزبیدا، کارەکتەرە سیاسییەکان درکیان بە سیاسەتێک کرد لەسەر بنەمای هێزی ئابووریی بنیاتبنرێت!
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک مۆدێلێکی تیشکهاوێژی کاری حزبیی سواو دەشکێنێت و هەر زوو باشوور کۆنتڕۆڵ دەکات، ئەمەش وەنەبێت نیشتنەوەی باز بێت! بەڵکو دەرهاویشتەی چەندان ساڵ لە بوونی جیاوازیی بووە لە تێفکرین و قوربانیی و خۆدەربازکردن لە تاک و ئایدیۆلۆجی و سەنرالیزمی تاک سەرکردەیی، وەک ئەوەی لە هەردوو لێکترازانی ساڵی 1953 و 1964 بەیانکرا.
کەواتە ئێستا کاتی گۆڕانکارییە، بەڵام کام گۆڕانکاری و ئەو ماشێنانە چین کە پێویستە بخرێنە خزمەت هەیکەلە نوێیەکە؟ سەرەتا پێویستە کەرەستەی هەنگاوەکان بە وردی وردبکرێنەوە، بە مەرجێک  هەنگاوی خێرا خزمەت بەو پرۆسەیە ناکات، گەیین و پێگەیین، سەرکەوتن و پێشکەوتن مسۆگەر دەکات، بۆ ئەمەش ناکرێت هاوکاریی و هاوکۆمەکیی دەرەوەی ئۆرگانەکانی یەکێتی بخاتە دەرەوەی بازنەکانی. 
ئەوەی زاکیرەی منی گوشیوە ئەم پرسیارانەن، ئایا ئێمە قۆناغی رزگاریی نیشتمانیمان بڕیوە؟ چونکە هەڕەشە ئیقلیمی و ناوخۆییەکان زیادیان کردووە، لە کەمییان نەداوە. ئایا دەسەڵات و شەقامی وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان هەڵگری گەرای دیموکراسیین و مێزی گفتوگۆیان گەرمە، یاخود لوولەی چەکەکانیان؟ ئێ لەم نێوەندەشدا نەبوونی هێزێکی نیشتمانیی و نەبوونی گوتارێکی یەکگرتووی کوردستانی لە خزمەت ئەو کاغەزە نییە، کە ئۆرگانەکان لە چوارچێوە دەدات. 
ئایا هێزی ئابووریی یەکێتی دەرەقەتی فیزلێدانی ئەم و چاوسوورکردنەوەی ئەو دێت؟! لە هەمووی گرنگتر جانتای دیپلۆماسییەت پڕ کراوە بە هێزی بەرژەوەندیی لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و جیهاندا؟ ئەی چی لە میدیایی حزبی دەکرێت؟ داخستن بڤەیە و نوێکردنەوەش وزەی ناسنامە نوێکەیە! هێشتا پرسیارگەلێکی زۆر ماون بخرێنە سەر مێزی ئەو ژوورانەی بۆ دەستکاریی ئۆرگانەکانی حزب تەرخانکراون. 
بەڕای من ناکرێت بوەستین، پێویستە ترس لەخۆمان دەربکەین و قۆناغی کلاسیک تێپەڕێنین، بەمەرجێک هەنگاو بە هەنگاو دەست بۆ کەیسەکان ببەین. 

وتارەکانی نوسەر