ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی دیداری دووەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سازدەكرێت، دیداری نوێبوونەوە و خۆڕێكخستنەوەو هەنگاونان بەرەو ئاییندەیەكی نوێ. مانیفێستی ئەمجارەی دیدار، كۆكردنەوەی دیداری شارەكانە لەیەك پاكێج، شرۆڤە و هەڵاوێردكردنی دید و دیدگاكانە، هەر رەخنە و تێبینی و پێشنیازێك لەم ماوە كرابێت، لێرە خوێندنەوەی وردی بۆ دەكرێت. گەنج و عەقڵە تازەكان لەوێن، كچان و ژنانی ئازادیخواز جارێكی دیكە قسە لەسەر ماف و داخوازییەكانیان دەكەن، رۆشنبیران، هونەرمەندان و پێشمەرگە و دایكانی شەهید و تەواوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەنگ هەڵدەبڕن، گوێیان لێدەگیرێت. دیداری ئەمجارە دیداری گەیشتنە بە خەونەكان، دیداری شكۆمەندیی و تازەبوونەوەیە.
خوێنە تازەكان بە بیركردنەوە و روانگەی جوانیان، وێنەی خۆیان لەناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رەنگ دەكەن، دەنگە تازەكان، دەنگیان دەبیسترێت، قسە بۆ دواڕۆژی سیاسیی و ئیداری خۆیان دەكەن. ئێمە لەوێین بۆ ئەوەی قسەی دڵی كادیر و دۆست و لایەنگرانی یەكێتیی بكەین، لەوێین تا بەری درەختی بەرنامەی هەڵبژاردن بدوورینەوە. هەموومان بە دەوری پرۆژەی سەرۆكێكی بەهێز و یەكێتییەكی عادیل و شەفاف كۆدەبینەوە. بەرنامەكان دیارن، نەخشەڕێگای نوێبوونەوە و گەیشتن بە ئامانجەكان نزیكن لێمانەوە.
دیدار پێمان دەڵێت كە یەكێتیی وەك رێكخراوێكی تێكۆشەر، لە شاخ و شاردا مەزنترین رۆڵی لە رەسمكردنی دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە هەبووە. لە هەرێمدا هێزی سەرەكی حكومڕانییە و هەمیشە پاڵپشتی لە حكومەتێكی عادیل و شەفافكردووە، باوەڕی بەوە بووە پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری دەبێت ئازا و ئازاد بێت، بۆ ئەوەش بە كردەوە هەنگاوی بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ناوە. لە دیداری یەكەم و ئێستاشدا پێداگربووە لەسەر رێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی یەكێتیی و لەگەڵ ئەوەشدا خۆی لە شێوازی تەقلیدیانەی رێكخراوەیی پاراستووە، بە مۆدێل و نەفەسی تازەوە فۆڕمی خۆی تازەكردۆتەوە. لەناو دامەزراوەكانی حكومەتیشدا، نەیویستووە ببێت بەبەشێك لەو گەندەڵیی و كارە نا شەفافیانە. بەردەوام رەخنەی گرتووە و پێیوابووە حكومەتی هەرێم چیتر ناتوانێت بەو فۆڕمە خراپە حكومڕانیی هەرێمی كوردستان بكات. لە دیداری یەكێتییدا، كە پاڵپشت بە بەرنامە و بانگەشەی هەڵبژاردن، كە داواكراوە كار بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی بكرێت لە هەرێمی كوردستاندا. هەڵبەتە لە دیداری دووەم پێویستە هەموومان یەك دەنگ بین لەسەر پەرلەمانێكی بەهێز و حكومەتێكی عادیل و شەفاش، لەگەڵ ئەوەشدا كارێكی تەواو یەكێتییانە و كوردانە دەكەین، ئەگەر دیدار بەرەو یەكگوتاری ببەین لە سەر هەموو دۆسییەكان، بەو مانایەی ئەركی مێژووی یەكێتیی لەم قۆناغەدا رزگاركردنی حكومڕانییەتی هەرێمە لەتاك حزبی و یەكجەمسەری بۆ گەیشتن بە فەرمانڕەواییەكی دادپەروەرانە، كە لە خانەقینەوە تا زاخۆ بەیەك چاو سەیر بكات.