یەكێك لە بنەماكانی دەوڵەتسازیی، دروستكردنی پایەی كەلتوری و فەرهەنگییە، كە خۆی لە سیاسەتی زمان و هونەر و ئەدەبیات دەبینێتەوە. گەلی كوردیش هەرچەندە مێژوویەكە بێ دەوڵەت ژیاوە، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت رەخنەی لێنەگیرێت، چونكە بەلای كەمی زیاد 30 ساڵە لە هەرێمی كوردستان پەرلەمان و ئیدارەیەكی سەربەخۆمان هەیە، كە دەبووایە وەك ستراتیژییەت چاو لە پرۆژەی بەڵگەسازیی نیشتمانی بكرابایەوە. بە بەراورد بە كۆمەڵگە نەریتییەكانی دەورووبەرمان سەرباری عەقڵییەت و رژێمە داخراوەكانیان، بەڵام دیمەنی كەلتوری خۆیان لە ئاستێكی باڵا نیشان دەدەن.
ئەوان تێگەیشتوون ئەوەی بە زیندوویی دەیانهێڵێتەوە میراتی كەلتوورسازییە كە بەوانی دیكەیان دەناسێنێت، بۆیە دەبینین لە بەرهەمهێنانی كاری هونەریی و تەقەنیاتی فیلمسازیی و چاپكردنی كتێب و چالاكی جۆرا و جۆری ئەدەبی و رۆشنبیرییەوە گەیشتوون بە پلەیەكی بەرز. لە سەرووی هەمووشیانەوە هەر یەكێك لەو نەتەوە و وڵاتانە گرنگی تایبەتیان بە ئەرشیفخانەی نیشتمانی داوە، كە ئێمە لەوەشیان زۆر هەژارین. هۆكارەكان زۆر زۆرن، بەڵام هیچیان بەهانەنین لە بەرامبەر ئەوەدا دواجار رازیبین بەم دۆخە و بێدەنگی لێبكەین. بێدەنگ نابین، چونكە دەزانین نەبوونی ناوەندێكی دۆكیومێنتاری نەتەوەیی زیانی گەورە بە گەل و نیشتمان و چارەنووسی كوردستان دەگەیەنێت.
گەر لە خۆمان بپرسین بۆچی تا ئێستا نەبوینەتە خاوەنی ناوەندێكی دۆكیومێنتاری؟، باشە كێ رێگرە لەبەردەم ئەو پرسەدا!؟ ئەی بۆچی حزب و بەرپرسە باڵاكان، كە نوێنەرایەتیان لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمدا هەیە، پرسیار لە خۆیان ناكەن هۆی چییە بیرێك لەم پرۆژە ستراتیژیی و نیشتمانییە ناكەنەوە؟ لە كاتێكدا هەموویان باسی دەوڵەتی كوردستان و سەربەخۆیی نیشتمانیش دەكەن، بەڵام بێئەوەی هەوڵ بۆ بیناكردنی بنەما جەوهەرییەكانی دەوڵەت بدەن، كە خۆی لە سیاسەتی كەلتوری و ئەرشیفخانە و كتێبخانە و ناوەندی مەزنی نیشتمانی دەبینێتەوە. رەنگە لە دەستخستنی وەڵامی ئەو تێبینی و پرسیارانەدا نیگەران بین، چونكە ئەگەر حكومەتی هەرێم بە جددی پەرۆشی پاراستنی دۆكیومێنت و سیاسەتی كەلتوری بوایە، ئەوە دوای دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسایی دۆكیومێنت پارێزی دەیخستە بواری جێبەجێكردن و وەك پرۆژەیەكی نیشتمانی سەیری دەكرد، كە لە خولەكانی پێشووی پەرلەماندا دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام حكومەت بەبەهانەی جۆراو جۆر جێبەجێی ناكات.
بەداخەوە چەند خولێكە ئەو پرۆژە یاسایە لە پەرلەمانی كوردستاندا خەوتووە، هیوادارین لەخولی شەشەمدا پەرلەمانتاران ئەو یاسایە زیندووبكەنەوە و حكومەت ناچار بەوە كەن بیخاتە بواری جێبەجێكردن. لێرەوە داوا لە تیمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمان و حكومەتدا دەكەم پێداگربن، لەسەر خستن و جێبەجێكردنی ئەو یاسەیە. لەلایەكی دیكەوە لە شاری هەولێر گۆڤارێكی وەرزی تایبەت بە دۆكیومێنت و بەڵگەكان، بە ناوی گۆڤاری (دۆكیومێنت) دەردەچێت و تا ئێستا 6 ژمارەی لێ بڵاوكراوەتەوە. ئەركی هەموولایەكە، بۆ خزمەتكردنی ئەو گۆڤارە لە رووی ماددیی و مەعنەوییەوە ناوەندی دۆكیومێنت پارێزی نیشتمانی دابمەزرێت بۆ ئەوەی پشتگیری ئەو گۆڤارە بكات، تا خزمەتی زیاتر بە كەلتوری دۆكیومێنتاری نیشتمانی بكرێت.