هاتوچۆسازی

ئۆتۆمبێل لێخوڕینی شەڕانگێزانە

11:00 - 2025-04-23
هەڵکەوت عەبدوڵڵا
68 خوێندراوەتەوە

ئۆتۆمبێل لێخوڕینی شەڕانگێزانە، ئەو كردارەیە لە ئەنجامی توڕەبوون، یان بێ ئۆقرەیی شۆفێرێك سەرهەڵدەدات‌ و شۆفێرەكە هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدات، یان كاردانەوەی شۆفێری توڕەیە بەرامبەر بە شۆفێرێكی تر، توڕەبوونەكەش بە شێوەیەكی زیادەڕەوانە گوزارشتی لێ‌ دەكرێت بۆ ئەوەی بگاتە ئەویتر. لێرەدا ئۆتۆمبێل وەك چەك بەكاردەهێنرێ ‌‌و دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی گرفتی مەترسیدار، هەندێكجار بە مردن كۆتایی دێت. 
بەكارهێنەرانی سوارڕەوەكان لە ژیانی رۆژانەدا كاتێكی زۆر لە قەرەباڵغییەكاندا بەسەردەبەن، ئەمەش نائارامی و پشێویی دەروونی لێدەكەوێتەوە و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی رەفتاری شەڕانگێزانە، كە لە چوار باری سەرەكیدا ئاگرەكەی خۆش دەبێت: هەستكردن بە مەترسی، گیرخواردن لە پشتی سوارڕەوێكەوە كە زیادەڕوانە خاو رێدەكات، بینینی شۆفێرانی تر كە سەرپێچیی یاساكانی هاتوچۆ دەكەن، هەستكردن بە پێویستیی تۆڵەسەندنەوە.
ئۆتۆمبێل لێخوڕینی شەڕانگێزانە بە یەكێك، یان زیاتر لەمانەی خوارەوە دەناسرێتەوە: 
1 - تێپەڕاندن لەلای راستەوە كاتێك سوارڕەوی پێشەوە پێچ ناكاتەوە بۆ دەستەچەپ، یان لە شانی رێگەوە و دەرچوون لە رێگە.
2 - بەزاندنی ترافیك لایتی سوور، یان كەرەستەكانی كۆنترۆڵكردنی هاتوچۆ.
3 - خۆ نووساندن بە ئۆتۆمبێلی پێشەوە یان زۆر نزیكبوونەوە لە ئۆتۆمبێلەكانی تر.
4 - خێرایی زیادەڕەوانە، یان پەلەكردن ‌و پێشبڕكێكردن.
5 - زۆر گۆڕینی سایدەكان ‌و زیگزاك لێخوڕین (تەقەڵ لێدان).
6 - قیژاندن ‌و دەستڕاوەشاندن ‌و هەڕەشەكردن ‌و جنێودان.
7 – دروستكردنی سەغڵەتی ناپێویست بۆ ئەوانیتر.
8 - كتوپڕ ئیستۆپگرتن لە بەردەمی ئۆتۆمبێلێكدا كە لە پشتەوە زۆر نزیكبۆتەوە.
9 - بەكارهێنانی هۆڕن بە شێوەیەكی نائاسایی.
10 - بەكارهێنانی بەردەوامی لایتی بەرز و گوێنەدان بە سوارڕەوی رووبەڕوو یان پێشەوە.
11 – پێشبڕكێكردن و راونان ‌و شەڕفرۆشتن.
12 - تەنگهەڵچنین بەوانی دیكە بە شێوەیەك كە مەترسییان بۆ دروستبكات.
13 - نەپاراستنی مافی پێشڕەویی ئەوانیتر لە ناوچە جیاوازەكاندا.
14 - رێگرتن لە تێپەڕینی سوارڕەوەكانی تر.
15 - پشتگوێخستنی مافی پەڕینەوەی پیادەڕەوەكان.

شارەزای بواری هاتوچۆ

وتارەکانی نوسەر