هاتوچۆسازی

رووداوەكانی هاتوچۆ

10:09 - 2025-04-30
هەڵکەوت عەبدوڵڵا
28 خوێندراوەتەوە

رووداوەكانی هاتوچۆ پەتایەكی مەترسیدارە هەڕەشە لە بوونمان دەكەن و كاریگەرییان لەسەر داهاتوومان هەیە. ئامارەكان دەریانخستووە، كە ساڵانە لە ڤووداوەكانی هاتوچۆدا لەسەر ئاستی جیهان نزیكەی 1.3 ملیۆن كەس دەمرن، واتە رۆژانە 3000 كەس، لەگەڵ 2-5 ملیۆن برینداری قورس و سووك. تێچووی ئابووریی ئەو رووداوانە 518 ملیار دۆلاری ئەمریكی بووە و 65 ملیاری لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بووە. لە دوای رووخانی رژێمی سەدام گۆڕانی زۆر بەسەر هاتوچۆدا هاتووە: ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان زۆر بووە، ناوچەكانی نیشتەجێبوون زیاتر و فراوانتر بوون، ژمارەی مۆڵەتبەدەستان زۆر بووە، سەرەنجام رووداوەكانی هاتوچۆش لە هەڵكشاندابوون و وایان لێهاتووە بە تیرۆری سپی ناودەبرێن.
هەموو ساڵێك بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم ئاماری رووداوەكانی هاتوچۆی راگەیاندووە، بەڵام دواتر هیچ پلانێكی درێژخایەنی نەبووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی كێشەكە. حكومەتی هەرێمی كوردستانیش تا ئێستا لە پلەبەندیی كارەكانیدا نەبووە بایەخی هەمەلایەنە بەو كێشەیە بدات، لە كاتێكدا قوربانییەكان و زیانە مرۆیی، دارایی، دەروونی و كۆمەڵایەتییەکان زۆرن.
بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ پێویستمان بە گۆڕانی ریشەیی تێڕوانینە دەربارەی كێشەكە لەلای سیاسەتمەداران، كاربەدەستان و خەڵك، پشتئەستوور بەم بنەمایانە:
- مردن و پێكانە مەترسیدارەكان ئەنجامی رووداوەكانی هاتوچۆ حەتمی نین و دەكرێت خۆمانی لێ بپارێزرین و قبوڵكراویش نین.
- پاراستنی ژیانی مرۆڤ پێش ئامانجەكانی دیكەی هاتوچۆ دەكەوێت، دەبێت سیستمی هاتوچۆ دڵنیابێت بۆ گشت سوارڕەوەكان و لە هەموو ناوچەكان و بۆ سەرجەم هاوڵاتیان.
- هەڵەكردنی مرۆڤ شتێكە خۆی لێ لانادرێت، بۆیە پێویستە سیستەمی هاتوچۆ بە شێوازێك دیزاین بكرێت، كە رووداوەكان نەبنە مایەی مردن و پێكانی مەترسیدار. 
- خەڵك بە سروشتی خۆیان رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە، پاراستنی خێرایی دیاریكراو هۆكارێكی سەرەكییە بۆ پاراستنی ژیان لە كاتی رووداوی هاتوچۆدا.
- هەڵسوكەوتی سەلامەتخوازانە و فێركردن و پابەندكردن، بنەمان بۆ سیستمێكی هاتوچۆی دڵنیا.
- پێویستە سیاسەتەكانی حكومەت لە بواری هاتوچۆدا بە شێوازێك دابڕێژرێن، كە سەلامەتی ئەوپەڕی ئەولەویەت بێت لەسەر رێگەوبانەكان.
- جەستەی مرۆڤ توانای سنووردارە بۆ بەرگەگرتنی هێزی پێكدادان، بۆیە دەبێت ئەوە پێوەری بنچینەیی بێت بۆ چۆنیەتی دیزاینكردنی سیستمی گواستنەوە.
- ئەگەرچی تاكەكان بەرپرسیارێتی هەڵسوكەوت لە سنووری یاساكانی هاتوچۆدا دەگرنەئەستۆ، بەڵام بەرپرسیارێتی پێشهاتنی رووداوەكان هاوبەشە.
- پێویستە گشت بەشەكانی سیستمی هاتوچۆ بەهێزبكرێن تا كاریگەربن و بەكارهێنەرانی رێگەوبان پارێزراوبن، ئەگەر بەشێكی سیستمەكە شكستی هێنا.

وتارەکانی نوسەر