مامۆستایانی مەخموور لێدوانیان لێ قەدەغە دەكرێت!

11:05 - 2025-04-23
هێدی گەڵاڵی
82 خوێندراوەتەوە

شاردنەوەی زانیاری لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنكاران لەلایەن هەر بەرپرسێكی ئەو هەرێمە لەهەر بوارێكدا بێت، سەلمێنەری بوونی گەندەڵی و كەموكوڕییە لەو شوێنە! هەروەها نایانەوێت سەرووی خۆیان لێی ئاگادار بن



بەمەبەستی ئامادەكردنی راپۆرتێكی رۆژنامەنووسی لەسەر كێشە و كەموكوڕی و داواكارییەكانی پەروەردەی مەخموور و خوێندنگەكانی سنووری ئەو پەروەردەیە، پەیوەندیم بە چەند مامۆستایەك و بەڕێوەبەری پەروەردەی ئەو شارۆچكەیە كرد، دوای پەیوەندیكردن بە بەڕێوەبەری پەروەردە و ژمارەیەك لە مامۆستایان و 10 رۆژ چاوەڕوانی وەڵامی پرسیارەكانم دەست نەكەوت! دوای زیاتر بەدواداچوونم لە هۆكاری وەڵامنەدانەوەیان، بۆم دەركەوت كە بەڕێوەبەری پەروەردەی مەخموور لێدوانی لە سەرجەم مامۆستایانی سنووری ئەو پەروەردەیە قەدەغەكردووە !
یەكێك لە مامۆستاكانی سەر بەو پەروەردەیە بەمەرجێك ئەو زانیاریەی پێوتم، كە ناوی ئاشكرا نەكرێت! وتی، بەنووسراوی رەسمی پەروەردەی مەخموور بەڕێوەبەر و مامۆستایانی خوێندنگەكان ئاگاداركراونەتەوە، هیچ مامۆستایەك نابێت لێدوان بۆ رۆژنامە و كەناڵەكانی راگەیاندن بدات، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێت.
شاردنەوەی زانیاری لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنكاران لەلایەن هەر بەرپرسێكی ئەو هەرێمە لەهەر بوارێكدا بێت، سەلمێنەری بوونی گەندەڵی و كەموكوڕییە لەو شوێنە! هەروەها نایانەوێت سەرووی خۆیان لێی ئاگادار بن، لەكاتێكدا دەیان كێشە و كەموكوڕی پەروەردەیی و كارگێڕی لەو سنوورەدا هەیە!
هاوكات داخوازی و داواكاریی مامۆستایان و خوێندكاران لەو سنوورە بوونی هەیە! دیارە بە باسنەكردنی كێشە و كەموكوڕییەكان هەڵاوسانێكی پەروەردەیی و كارگێڕیی دروست دەبێت، بەڵام دەرخستنی كێشە و گرفتەكان و رەخنەگرتن لێی پێشكەوتنێك دروست دەكات، كە دامودەزگا حكومییەكان گەشە دەكات،  هەر فەرمانگەیەكی حكومی ئەگەر رەخنەت لێگرت ئەوە پێشدەكەوێت، بە پێچەوانەش كە ستایش بكرێت و كەموكوڕییەكان نەخرێتەڕوو ئەوە دوادەكەوێت و كێشە و كەموكوڕیەكانییان زیاتر و زیاتر كەڵەكە دەبێت، وەك چۆن درەخت بەموتوربە و بڕینی پەلوپۆی گەشە دەكات، بەهەمان شێوەش بەرپرسان و دامودەزگاكانیش بەرەخنەگرتن لێیانەوە پێشدەكەون.    


وتارەکانی نوسەر