تاپۆی كورسییەكانیان لێوەربگرنەوە

11:04 - 2025-04-28
سامان یاروه‌یس
33 خوێندراوەتەوە

لە دیداری دووەمی یەكێتیدا، خاڵێك كە لە سەرەتای كردنەوەی دیدارەكەدا ئاماژەی پێكرا، گۆڕانكاریی لە پۆستە حكومییەكان و بەهێزكردنی زیاتری تیمی یەكێتی لەناو حكومەت بوو، وەك وترا هێشتا بەشێكی كراوە و بەشەكەی تریشی بەرێگەوەیە و دەکرێت. 
جا لەم کاتەدا وەبیرهێنانەوە هەیە، چۆن؟ یەكێتی حزبێكە سووڕی پێگەیاندنی كادری هەیە، كەواتە دەكرێت تاپۆی كورسی لە بەشێك لەو بەرپرسانە وەربگیرێتەوە كە لەدوای راپەڕینەوە تاوەكو ئێستا لەسەری دانیشتوون و دەستبەرداری نابن، دەكرێت پێوەر دابنرێت، ناكرێت كەسێك  زیاتر لە هەشت ساڵ بەرپرس بێت و چەندین پۆست تاقیبكاتەوە، تەنها لەبەر ئەوەی فڵانە و بەرژەوەندیی فڵانی لەسەرە. كە ئاماژە بۆ پاداشت و سزا دەكەن، زۆر گرنگیشە پێوەرێكی سەرەكی كە لەسەر بنەمای كارامەیی و ویژدانی بێت، بۆ ئەوەی حزبەكە بە ئاڕاستەی راستەقینەی خۆی بڕوات و بتوانرێت ماندوێتی و خۆپێگەیاندنی كادر و هەوڵەكانی، بگاتە ئەنجام، ئەنجامێك كە خزمەت بە خەڵك و یەكێتی بكات. 
شتێكی هێندە گرنگ نییە، ئاماژە بۆ ئەوە بكەم كە دەكرێت بەرپرسانی حكومەت یان ئەوانەی كاندید دەكرێن بۆ پۆستێك دەبێت رەوشت و ئەزموونی كاریان چۆن بێت؟ كێ بن؟ ئایا ئەمانە دەتوانن خواستەكانی یەكێتی كە هەمان خواستی خەڵكە، جێبەجێ بكەن؟ بەڵام یەكێتی لەهەموو كات زیاتر پێویستی بەوەیە كەسانی تۆكمە و چالاك و دەست و داوێن پاك بخاتە ناو پۆستە حزبی و حکومییەکانەوە، كادری یەكێتی زۆر گرنگە پێش ئەوەی  تەماشای پێشەوە بكات، ئاوڕ لە مێژووی رابردووی حزبەكەی بداتەوە كە چەندین داستان و شەهید و مەینەتی و قوربانی بینیووە.
بەرپرسانی باڵای ئەم حزبەش دەكرێت جارێكی تر بە ئاسانی كورسیی بەرپرسیارێتی بەكەس نەدەن، تاوەكو دڵنیا نەبنەوە  لەویژدان و پێوەرەكانی كەسایەتی و هەڵسەنگاندنی وردیان لەو بارەیەوە هەبێت. 
ناشكرێت گۆڕانكارییەكان لەسەر بنەمای شوێن گۆڕكێ بێت، بەڕێوەبەری فڵان بخرێتە شوێن بەرێوەبەری فڵان، بەپێچەوانەوە دەبێت دەرفەت بەزۆرترین كادر و كەسانی بە ئەزموون بدرێت كە بێنە مەیدان و خزمەت بە نیشتمانەكەی خۆیان بكەن، لەبەرامبەریشدا چاودێری و هەڵسەنگاندنیان لەسەر بێت و لە هەڵە و كەموكوڕییان خۆش نەبن.
هەروەها لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ لێپرسینەوە لەو بەرپرسانەی كە سەروەت و سامانێكی خەیاڵی و باخ و ڤێلا و ریزە ئۆتۆمبێلی گرانبەهایان هەیە و بەپێی یاسا لێپێچینەوەیان لێبكرێت.
ڤایرۆسە پیسەكەی دەوڵەتداری لەم هەرێمە، خزم خزمێنە و بەرژەوەندیی دارایی و بازرگانی و گروپ گروپ و خێڵ بەخێڵ و چەندین كرداری خراپ بووە كە زیانی هێندە گەورەی هەبووە، راستكردنەوەی كاتی زۆری دەوێت. 
جا مەبەستم تەنها حزبێک نییە، بەڵكو تەواوی حزبەكانی کوردستانە، بەڵام وەك كورد دەڵێت (ماڵی خۆت بگرە و كەس مەكە بە مەگرە)، دیداری یەكێتی، چاوكراوەتر و بوێرانەتر دروست دەكات، هیوا بەو كادرانە دەبەخشێت كە لە رابردوودا گەندەڵی و پاوانخوازی و كوڕی فڵان و فڵان بێ هیوای كردبوون، ئەركیشە لەسەر یەكێتی تاپۆی چەندین ساڵەی داگیركردنی كورسی حكومەت و حزب لە هەندێک لەو كەسانە وەربگرێتەوە كە جگە لەبەڵایەك هیچی تر نەبوون بۆ ئەم حزبە، كە حزبی خەڵك و ئاوەدانی و ئاسایش بووە.

وتارەکانی نوسەر