دەكرێت و بەرپرسیارێتیە، رامانێكی قووڵ و وردمان لەسەر رووداو و كارەساتە كۆمەڵایەتییەكان هەبێت، ئەوەتا تەواوی تیۆرە فەلسەفی و دەروونزانی و خودی كۆمەڵناسیش گوزارشتن لە رێكخستن و چۆنێتی رۆچوون بەناو چۆنێتی كامڵبوونی مرۆڤ، پێگەیشتنی تاك و كاردانەوەی لەبەرامبەر هەڵوێست و رووداو و هەڵسوكەوت و نەریتە كۆمەڵایەتییەكان، بە راستی سەیرە و ئەوپەڕی جێگەی پرسیارە دڵخۆش بین بەم دۆخ و گوزەرانەی ئێستای كۆمەڵگەكەمان بەبێ جیاوازی ناوچەیی و ئیداری و كۆمەڵایەتی، رووداوەكان هێندە سەیر و سەمەرەن، هەندێك جار لەتاو مەترسییەكانیان بەهاکان كاڵ دەبنەوە، بەجۆرێك هەست دەكەیت زۆرشت سڕاوەتەوە، زۆر سیفەتی باش و رەوشتی رێكخراوەیی كۆمەڵایەتی بەتەواوی نەماون .
لە كەلار لەماوەی تەنها 15 رۆژدا، دوو گەنج بە چەقۆ كوژران، پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی تر بە سەدان گەنجیان بە چەقۆ و جلوبەرگی شێواو و چەندین تۆمەتی تر دەستگیركرد، زیندانەكان پڕبوون لەو گەنجانەی كە لەلایەن دادوەرەوە راگیراون و لێكۆڵینەوە لەسەر كەسایەتی و رەفتارو چەك و چەقۆ و مۆبایل و ماتۆڕ و هەندێك شتی تر كرا، ئەمانە هەمووی هەوڵی دڵسۆزانەن، ناكرێت لەرۆڵیان كەمبكرێتەوە، بەڵام ئاخۆ ئێمە بەرنامەیەكی سیستماتیك و رێكخستنێكی درێژخایەنمان هەیە؟ پلانی بی- مان هەیە بۆ چۆنییەتی كۆنترۆڵكردنی دیاردەكان؟ ئەو سیستمە حكومڕانییە؟ ئەو هەموو وەزارەتی ناوخۆ و پەروەردە و پلاندانان و كۆمەڵایەتی و خوێندنی باڵا و .... هەڵسەنگاندنی گشتییان بۆ دەكرێت؟، دەرئەنجامیان چی بووە؟ چۆن دەكرێت لەیەك شەودا 100 گەنج دەستگیربكرێن و هیچ نەوترێت؟ زانكۆ؟ چاودێریی كۆمەڵایەتی؟ وەزارەتی پەروەردە؟ حزب كە خۆی بەخاوەنی خەڵك دەزانێت؟ مامۆستایانی ئاینی؟ نتقەیان لێوەنەیەت؟ خێزان لەكوێی ئەم كێشانەیە؟ ئەمانە هەڵوەستە و پرسیاری جددین مەخابن وەك زۆر پرسی تر چاویان لەسەر دادەخرێت و دەچنە ناو خەرەندی بێ وەڵامی پرسیار و شیركردنەوە زانستی و پەروەردەییەكان لەم هەرێمە.
هەرچەند كێشە گەورەكانیش باكگراوندی مەترسیدارن، بەتایبەتی دواكەوتنی مووچە و بایكۆتكردنی دەوام كە لەو گەرمیانە زیاتر لە 60 هەزار خوێندكار و فێرخواز لە ماڵەوە مابوونەوە، نۆ ساڵە هیچ مەنهەنجێك وەكو خۆی لە خوێندنگاكان تەواو نەكراوە، ئاخۆ چۆن دەكرێت هێندە خەمساردانە تەماشای راوەستانی ناوەندە پەروەردەییەكان بكرێت؟
بۆ رێگرتن لەدەرچوونە كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەكان درەنگ نییە، بۆ رێكخستنەوەی بەهاكان و گەڕانەوەی ناوەرۆکیان درەنگ نییە، رێكخستنەوەی كۆمەڵگە و راستكردنەوەی لارییەكان، پرۆسەیەكی بەردەوام و سیستماتیكییە هەموو كات رۆڵ و گرنگیی خۆی هەیە، مەترسییەكان هێندە روویان لە زیاد بوونە، هێندە كاری باشكردن و كەمكردنەوەی زیانەكانیان ناكرێت، كەواتە دەكرێت خەمی زیاتر بخۆین، پینە و پەڕۆكردن لابدەین، لەپێناوی دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی دادپەروەر و جوان رۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵەكان بەیەكەوە بنێین و دەرئەنجامەكانمان رێكبخەینەوە، چەقۆی دەستی گەنجان بكەین بە چەپکە گوڵ.