باوەڕ ناكەم كوردێك هەبێت بە ناوی نوگرە سەلمان ئاشنا نەبێ و لەگەڵ ناوهێنانیدا رانەچڵەكێت.
نوگرە سەلمان، ناوێكە بۆ قەڵایەكی گەورەی سەر بە ناحیەی سەلمان، كە لە ساڵی 1924 لەلایەن ئینگلیزەوە دروستكراوە و پاسەوانی سنووری تێدا جێگیر كراوە، بەڵام دواتر و بە دیاریكراوی لە ساڵی 1948 وەك بەندیخانەیەک دیاری دەكرێت، بە هەزاران کەسی سەر بە حزبی شیوعی، كوردی فەیلی و رۆشنبیرانی عیراقی تێدا زیندانی کرا.
زۆرترین ژمارەی کەس کە تێیدا زیندانی كرابێت ئەنفالكراوانی كورد بوون، لە ساڵی 1988 لە گوندەكانی خۆیانەوە راپێچی خوارووی عیراق كران و بەشێكی زۆریشیان كە مەزەندەی 10 هەزار كەس دەکرێت، بە چەند قۆناغێك دەیانبەنە ناو ئەم قەڵایە و ماوەی حەوت مانگ تێیدا دەمێننەوە، نزیكەی 700 کەسیان لە برسێتی و تینوێتیدا لە ژێر كاریگەریی ئەشكەنجە و ئازاردانی دەروونیدا گیانیان سپاردووە، دواتر تەرمەکانیان هەر لە دەوروبەری قەڵاكە كەمێك خۆڵ كراوە بە سەریاندا و دواتر دەبوونە خۆراكی سەگە رەشەكانی بیابان.
ئەوەی مەبەستمە ئاماژەی پێبكەم لە رۆژی 21/4/2025، وەك نەریتی ساڵانە چووینە نوگرە سەلمان و دیسانەوە هەرچی وێنە تراژیدیاكانی ئەنفالە هاتە پێش چاومان، ئەوەی زیاتر ئازاریداین ئەوە بوو، هێشتا بەردەوام كەلـلەسەری ئەنفالكراوان لە دەوروبەری قەڵاكەدا دەردەكەون، دەبێت بە وریاییەوە هەنگاو بنێیت ئەگەرنا پێیەکانت دەکەوێتە سەر کەلـلەسەرێک، یاخود پارچە ئێسكێكی مرۆڤێكی كورد.
بەچاوی خۆم كەلـلەسەری منداڵێكم لەسەر زەوییەکە بینی، وردە ئێسك و ددانم بینی كە بە راستی ئازاری داین، ئەمە جگە لە چەندین پارچە پاشماوەی دیکەی ئەنفالكراوان، لە كڵاوی سەری پیرە پیاوان، پارچەی كەوا و سەڵتە، تەسبیحی پچڕاو، میركی بۆیەمەی ئافرەتانی كورد و چەندین کەرەستەی بەجێماوی دیکە.
ئەوەی جێگەی داخە هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێمیش بێباكن لە ئاست ئەم بابەتە و لە خەمیدانین، لە كاتێكدا دەبوو بە زووترین كات هەوڵی گواستنەوەی روفاتەكان بدرایە بۆ زێدی خۆیان و کەرەستە بەجێماوەکانیش لە مۆنۆمێنتێكدا بپارێزرانایە.
هەر لە رووی شەریعەتی ئیسلامیشەوە دروست نییە ئێسك و پروسكی مرۆڤ نەشاردرێتەوە، لەبەرئەوەی شكاندنی ئێسكی مرۆڤ بە مردوییش وەك ئەوە وایە كە بە زیندوێتی شكاندبێتت.
پێویستە هەرچی زووە ئەو ئێسك و پروسكانە پشكنینی DNA یان بۆ بكرێت و بگەڕێنرێنەوە، هەروەها هەوڵی جدی بدرێت بۆ پاراستنی کەرەستە جێماوەکانی ئەنفالكراوەكان و قەڵای سەلمانیش بكرێتە رەمزی مەزڵومییەتی ئازادیخوازانی عیراق، بە تایبەتی كوردە ئەنفالكراوەكان.