هۆشیاریی کۆمەڵگە، كردنەوەی دەرگایە بۆ راكێشانی گەشتیار

09:44 - 2025-05-05
د. شیروان عومەر رەشید
42 خوێندراوەتەوە

گەشتوگوزار بەرهەمێكی ئابوورییە، پێداویستییە خۆشگوزەرانی ‌و دەروونیەكانی مرۆڤ تێر دەكات، لەبەرئەوە بازاڕی گەشتوگوزار لەژێر كاریگەریی خواست‌ و خستنەڕوودایە، رەنگە بنەما و فاكتەرەكانی خستنەڕووی گەشتیاری، لە زۆر ناوچەكەدا بوونیان هەبێت، بەڵام داخراوی و دواكەوتووی كۆمەڵگەكان لەڕووی دابونەرێت و نزمی ئاستی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیان و نەكرانەوەیان بەڕووی جیهاندا، رێگردەبن لە پەرەپێدان و پێشكەوتن و وەبەرهێنان و خستنەگەڕی سەرمایە بەتایبەتی لەكەرتی گەشتوگوزارییدا. دواتر گەیشتنی گەشتیاران بۆ ئەو ناوچانە، چونكە بنەما كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكان، بە رەگەزێكی راكێشانی گەشتیاری هەژماردەكرێت، بەشێوەیەكی بەرفراوان سەرنجی گەشتیاران رادەكێشت، بەمەبەستی شارەزابوون لە شێوازی ژیانی گەلان و پاشماوە دێرینەكان و هەڵسوكەوت و بەها كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكانی ئەو گەلانە، چونكە هەریەكێك لەو گەلانە شێواز و رێگایەكی تایبەتی بۆ ژیان و هەڵسوكەوت هەیە، 
لەلایەكی تریشەوە گەشتوگوزار بەشداری لە بەهێزكردنی بنەما شارستانی ‌و كۆمەڵایەتییەكانی تایبەت بە هەر وڵاتێك دەكات، ئەوەش رێگایەكی گرنگە بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی ‌و كردنەوەی کۆمەڵگە داخراوەكان، چونكە: گەشتیاران بەهەگبەی هەڵسوكەوت‌ و دابونەریت‌ و هونەر‌ و پیشەسازییە میللی‌ و شێوازە شارستانییە جۆراوجۆرەكانەوە، گەشتدەكەن، ئەمەش دەبێتەهۆی قوڵكردنەوەی ئاستی رۆشنبیریی ‌و بەهێزكردنی گیانی لێبوردن ‌و گونجاندنی نێوان كەسەكان‌ و كۆمەڵگەكان، ئەنجامی ئەوە گەشتوگوزار بەشێوازێكی كاریگەر دادەنرێت، لە شێوازەكانی پەیوەندیی بیروهۆشی نێوان گەلان بۆ ئاڵۆگۆڕكردنی رۆشنبیریی‌ و دابونەریت ‌و قۆزتنەوەی خاڵە باشەكانی ‌و وەلاخستنی خاڵە خراپەكانی.
دابونەریت دیاردەیەكی مێژوویی ‌و لەهەمانكاتدا سەردەمیانەیە، بەبەردەوامی دووچاری پرۆسەی گۆڕان دەبێت و ژیانی كۆمەڵایەتی نوێدەكاتەوە، بێگومان  بەرزی ئاستی رۆشنبیریی دانیشتوان و جوان هەڵسوكەت لەگەڵ گەشتیاران لە شوێنە گشتیەكان و ناوچە گەشتوگوزاری و بازاڕ و رێستۆرانت و مۆڵ و كافتریا و  شوێنەکانی تر، وا دەكات خواست و خستنەڕووی گەشتیاری لە ناوچەكەدا زیاتر دەكات و ئەمەش تێكەڵبوون و هێنانی كەلتوری نەتەوەكان بەرەو ناوچەكە و گیانی میواندارێتی بەرزدەكاتەوە، چونكە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی گەشتوگوزاری، ناسینی رۆشنبیری گەلانی جیاوازە، ئەوەی گەشتوگوزار چالاكتر دەكات، بوونی ئەو جیاوازییە گەورەیەی نێوان دابونەریت ‌و رۆشنبیری گەلانە، چونكە هەڵسوكەوتی مرۆڤ‌ و چۆنیەتی مامەڵەكردن و بیروباوەڕیان بەگوێرەی ئەو ژینگەیە دەگۆڕێت، كە تیایدا پەروەردەبوون‌ و دەبن.
لە كۆتاییدا چۆنیەتی هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ گەشتیاردا دەخەینەڕوو:
-1 پێشوازییكردن و بەخێرهاتن و رێزگرتن لێیان، بۆئەوەی وێنەیەكی جوانی وڵاتەكەمان پیشانی گەشتیاران بدەین، كە دواجار دەبێتە خاڵێكی ئەرێنی و پرۆپاگەندە و بە بازاڕكردنی گەشتوگوزار بەبێ‌ ئەوەی هیچ جۆرە سەرمایەك تێدا خەرجكردبێت.
-2 رێزگرتن لە دابونەریت و هەڵسوكەوتیان، ئەگەرچی لە ئێمەش جیاواز بێت، كە ئەمە پیشاندانی ئاستی بەرزی رۆشنبیریی و كراوەی كۆمەڵگای كوردی دەخاتەڕوو.
-3 یارمەتیدان و وەڵامدانەوەی پرسیارەكان و ئاڕاستەكردنی بۆ ئەو شوێنانەی بۆی دەچێت و سەیرنەكردنی وەك دوژمن، چونكە گەشتیار كاریگەری لە چەندین بواری ئابووریی و رەخساندنی هەلی كار و تێكەڵاوی كۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیری و سیاسیی و ژینگەیی و راگەیاندن و هەیە.
-4 پیشەی مامەڵەكردن لەگەڵ گەشتیار و درۆنەكردن لەگەڵیاندا، لەكاتێكدا ئەگەر هەڵەش بكەن بۆیە دەبێت لێبوردە بین بەرامبەریان.
هەموو ئەمانە دەبنەهۆی بڵاوبوونەوەی ئاكاری پۆزەتیڤ و هەستكردنی گەشتیار بە حەوانەوە و ئاسودەیی و پارێزراوی، جگە لە ناسینی دابونەریت و كەلەپوری كوردەواریی و كرانەوەی کۆمەڵگە بەڕووی كەلتوری نوێ‌ و جیاواز و بڵاوبوونەوەی لێبوردەیی و قبوڵكردنی یەكتری.

  *پسپۆری جوگرافیای گەشتوگوزار /
لە زانكۆی سلێمانی

وتارەکانی نوسەر