ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا (مەحمود مەلا عیزەت)ە، ئەو مامۆستایەی بە نیشتمانپەروەر و خاوەنی قەڵەمێکی جوامێر ناسراوە، ئەو رووناکبیرەی کە مێژووی ئەم نیشتمانەی دەنووسییەوە و ساڵانێکی زۆر بەهۆی کوردایەتییەوە ئاوارەی وڵاتان بوو.
مامۆستا لە دوای راپەڕینەوە خزمەتێکی بێ وێنەی بە رۆژنامەی کوردستانی نوێ کرد. ئەمساڵیش وەک هەموو ساڵەکانی تر دەمەوێ یادەوەرییەکی مامۆستا مەحمود بگێڕمەوە، لە نیوەی مانگی ئاداری ساڵی 2002 دا بوو، رۆژێک مامۆستا بانگی کردم کە دەیەوێ بەڵگەنامەکانی دەوڵەتی کۆماری کوردستان لە دوو بەرگدا کۆ بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە ئاگاداری کردمەوە کە هەندێ لە بەڵگەنامەکان لەگەڵ خۆم بەرم و بیاننووسمەوە، زۆر جەختی لەوە کردەوە کە ئایا دەتوانم و دڵنیام لەوەی کە بە جددی و پوختی کاریان لەسەر دەکەم؟ منیش بەڵێنم پێدا کە هەوڵی خۆم بدەم، کاتێک دەستم کرد بە خوێندنەوەی ئەو نامانە، یەکەمجار زۆر لەلام ئاڵۆز بوو، وەک ئەوەی خەتی بزماری یاخود خەتێکی نامۆم لەبەردەستدابێت ئاوابوو، لە دڵی خۆمدا وتم خۆ من بەڵێنم دا، چۆن دەبێت بێ دەسەڵات بم لە ساغکردنەوە و نووسینەوەی ئەو نامانەی کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان _مەهاباد دا نووسراونەتەوە، ئەوانە پیرۆزترین بەڵگەنامەی کۆماری کوردستانێکن کە بۆ هەتاهەتایە جێگای شانازییە، دواتر کەوتمە خوێندنەوەیان، زمانی نامەکان تێکەڵەی سێ زمانی وەک فارسی عەرەبی و کوردی بوون، ئیتر وردە وردە وشەکان لەلام ئاسان بوون، جارجاریش مامۆستا مەحمود شۆفێرەکەی دەنارد بۆ ماڵمان هەتا نامەکانی بۆ بنێرمەوە، مامۆستا پێی وانەبوو کە بتوانم بەڵێنەکەم بەرمە سەر، دوای چەند رۆژێک بە ئامانەتەوە بەڵگەنامەکانم بۆ بردەوە، بەڵام هیچ دڵخۆش نەبوو، لە روخساریدا گومانم دەبینی، دوو هەفتە تێپەڕی و چەند بەڵگەنامەیەکم لامابوو، دوانیوەڕۆیەک هات بۆ ماڵمان، یەک یەک بەڵگەنامەکانم نیشاندا و پێم وت مامۆستا گیان تەماشای وشەکان بکە، تەنانەت ئەو نامانەش کە هەندێ وشەی دیار نەماوە و سوتاوە، دەتوانین مەبەستەکەی روون بکەینەوە، مامۆستا لەژێر چاویلکەکەیەوە تەماشایەکی کردم و وتی ئەوە ئیمڕۆ چەند بەڵگەنامەیەکم هێناوە فەرموو بۆم بخوێنەرەوە، بەڵگەنامەکان زۆر ورد و چڕ و ئاڵۆز بوون، بە وردبین دەبینران، وشەکانم بۆ دەخوێندەوە و دەمەویست بزانم ئایا بە دڵیەتی یاخود نا، بۆ ساغکردنەوەی هەر بەڵگەنامەیەک دوو کاتژمێر زیاتر گفتوگۆی لەسەر دەکرد، ئەو رۆژەش تێپەڕی و چەند بەڵگەنامەیەکی تر لەلام مایەوە، دوای هەفتەیەکی تر مامۆستا هات بۆ ماڵمان، ئەمجارە بە روویەکی گەشتر بینیم، نەمویست هۆکاری ئەو دڵخۆشییەی لێ بپرسم، لە دوای ئەوەی بەڵگەنامە تازەکانم نیشاندا و بۆم خوێندەوە، پێی وتم: (تۆ چۆن دەتوانی سەر لەوانە دەربکەیت، خۆ من چەندینجار ئەو بەڵگەنامانەم نیشانی کۆمەڵە کەسانێکی پسپۆڕ داوە لەو بوارەدا سەریان لێ دەرنەکردووە، من هەتا هەفتەیەک لەمەوبەریش وام دەزانی کەسانێک هاوکاریت دەکەن)، زۆر دڵخۆش بووم بەو متمانەیە، هەرچەند زۆر ئازارم چەشت کە پێشتر بە گومانەوە لە ئەنجامی کارەکانمی دەڕوانی، دیارە لەو پەیوەندییەدا تەنیا من هاوکاری مامۆستا نەبووم، بەڵکو چەندین کەسایەتی ناسراوی ئەم شارە، لە هاوڕێ نزیکەکان و دۆستەکانی مامۆستا هاوکار بوون، بە تایبەت نەوشیروان مستەفا و کاک بەختیاری مەلا عززەت و سەلاحەدینی موهتەدی و کەیوان ئازاد ئەنوەر و زۆری تر. دواتر لە ساڵی 2003 دا بەڵگەنامەکانی دەوڵەتی کۆماری کوردستان لە دوو بەرگدا بەچاپ گەیەندرا. ئای چەند دڵخۆش بوو مامۆستا کاتێک ئەو کتێبە چاپ کرا، هەر ئەو ڕۆژە بە دڵێکی خۆشەوە هات بۆ ماڵمان و مژدەی پێدام، دەیویست دیارییەکم پێشکەش بکات، نایشارمەوە من ئەوکاتە باری داراییم زۆر خراپ بوو، نەمدەتوانی کتێبی گرانبەها بکڕم، کتێبی جیهانی سۆفیا کەوتبووە بازاڕەوە، کە کۆرسێکی فەلسەفی زۆر پڕ بەها و بەسود بوو لەلام، مامۆستا پێشنیاری کرد کە دیارییەکی شایستەم بۆ بهێنێت، وتم مامۆستا گیان ئەو کتێبی فەلسەفەیە لەلای من بەهای خشتێکی ئاڵتونی هەیە، جیهانی سوفیا، بۆ رۆژی دوایی جیهانی سۆفیام بەدەست گەیشت کە لە نووسینی (یوستاین گاردەر)ە و بەهرۆز حەسەن لە زمانی نەرویجییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لەو رۆژەوە مامۆستا مەحمود ناوی منی گۆڕی بە سۆفیا، سۆفیا بۆ من جوانترین خەڵات بوو کە مامۆستا وەک ناو و وەک کتێب پێشکەشی کردم.