خانەقی پێویستی بە خزمەتکردنە

09:57 - 2025-05-14
عەباس مەحمود
146 خوێندراوەتەوە

خانەقی وەک شارێکی گرنگیی کوردستانیی دابڕێندراو، لە مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عیراقەوە تا ئەمڕۆ، رووبەڕووی زوڵم و ستەمێکی زۆر بووەتەوە لە هەموو روویەکەوە بە تایبەتی لە خزمەتکردن، ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی سەرەتایی ترین مافەکانی ژیان و هاووڵاتیبوون.
لە دوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە لە ساڵی 2003 تا ئەمڕۆ، بە بەردەوامیی بەهۆی کێشمەکێشی خاوەندارێتییەوە لەلایەن هەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییەوە ئەم شارە پشتگوێ خراوە، نە وەک بەشێک لە هەرێم رووی ئاوەدانی و بوون بە شاری وەک شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی پێوە دیارە، نە وەک شارێکی پارێزگای دیالە خزمەتکردنی پێ رەوا بینراوە.
ئەگەر بڕوانین لە 22 ساڵی رابردوودا هەندێک خزمەتی کەم لە دوای زیاتر لە نیو سەدە لە کاولکاریی و وێرانکاری رژێمی بەعس بە سیمای شارەکەوە دیارە، بەشێکی زۆری ئەم پرۆژانەش لە پێش 16ی ئۆکتۆبەر لەلایەن حکومەتی ھەرێم و لە رێگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بونیادنراوە، بەشێکی ئەو پرۆژانەش بەهۆی گۆڕانکاریی دۆخی سیاسیی و ئابوورییەوە بە نیوەچڵی بەجێهێڵراوە، پێویستە لەسەر نوێنەرانی شارەکە کە بە دەنگی هاووڵاتیان هەڵبژێردراون کاربکەن بۆ تەواوکردنی پرۆژە وەستاوەکان و دەستپێکردنی پرۆژەی نوێ، شارەکە لەم دۆخە نالەبارەی کە هەیەتی دەربکەن و ئاوەدانی بکەنەوە.
دیارە لە دوای نەمانی بەعس تا ئەمڕۆ خانەقییەکان تەنیا متمانەیان بە یەک حزب کردووە بۆ ئەوەی لە پەرلەمان و حکومەت نوێنەرایەتییان بکات کە یەکێتییە، دەبێت یەکێتیش بەرنامەی جدی هەبێت بۆ ئەم مەبەستە، ئێمەش لێرە بەشێک لە داواو داخوازیی خەڵکی ئەم سنوورە دەخەینە پێش چاویان، بۆئەوەی بەشێک لەم داواکارییانە کە ساڵانێکە پشتگوێ خراون بخرێنەوە گەڕ.
1- پرۆژەی ئاوی خواردنەوە:
یەکێک لەو کێشە خزمەتگوزارییانەی هاووڵاتیانی خانەقی هەیانە ئاوی خواردنەوەیە، تۆڕەکانی گەیاندنی ئاو لە خانەقی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی رابردوو، ئەمەش گەیاندنی ئاوی بۆ ماڵان ئەستەم کردووە، شوێن و سەرچاوەی پاڵاوتن و پاککردنەوەی ئاوەکە، بەهۆی پیسی و بوونی چەندین جۆر ئاژەڵی بچووکی مشەخۆر تیایدا بووەتە جێی کۆبوونەوەی ڤایرۆس و میكرۆبی جیاجیا و رۆژانە خەڵک بەوهۆیەوە دووچاری نەخۆشی جۆراوجۆر دەبێت، پێویستە بە زوویی پرۆژەیەکی مۆدێرن بۆ پاڵاوتنی ئاوی خواردنەوەی خانەقی دروست بکرێت.
2- رێگەی مەرگ:
رێگەی خانەقی - کەلار کە تەنیا 28 کیلۆمەترە، رۆژانە بەهۆی خراپیی و کۆنی جادەکە، پێکدادان و رووداوی زۆری لێدەکەوێتەوە، بێجگە لە زەرەر و زیانی زۆری ماددی، بە جادەی مەرگ ناونراوە و بووتە هۆی گیانلەدەستدان و بریندار بوونی رۆژانەی خەڵکی ناوچەکە.
3- پرۆژەی کارەبا:
-تۆڕەکانی کارەبای خانەقی کۆنن و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی رابردوو، پێویستە لەسەر شیوازی نوێ دیزانین بکرێتەوە، هەروەها بەهۆی فراوانبوونی شارەکە پێویستی بە چەند وێستگەیەکی نوێیە بۆ دابینکردنی کارەبا، لەبەرئەوەی بەهۆی خراپیی تۆڕەکانەوە لە هاویندا سیستمی کارەبای شارەکە پەکی دەکەوێت.
4- چاکسازی لە سکتەری تەندروستی:
دروستکردنی نەخۆشخانەی گشتیی خانەقی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشایەتی، پێویستە نەخۆشخانەیەکی گەورە و مۆدێرنی زیاتر لە 200 قەرەوێڵەیی بۆ شارەکە دابین بکرێت و چەندین بنکەی تەندروستی و کلینیکی نوێی لێ بکرێتەوە، هەروەها  ئامێری مۆدێرن و دەرمانی پێویستیان بۆ دابین بکرێت، لەگەڵ کردنەوەی بەشی تایبەت بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی گورچیلە و تالاسیمیا، هاوکات بەشی تایبەت بە نەخۆشییەکانی چاو و نەشتەرگەریی گەورەیان تێدا دروست بکرێت، بۆئەوەی هاووڵاتیانی خانەقی ناچارنەبن بۆ چارەسەر روو لە شارەکانی دیکە بکەن.
5- پشتیوانیی لە خوێندنی کوردی:
لە دوای پرۆسەی ئازادی، خانەقی پێشوازییەکی زۆری لە خوێندن بە زمانی دایک کرد، تەنانەت بووە هۆی ئەوەی بەغدا ناچار بکرێت خوێندن لە زۆربەی خوێندنگەکانی شارەکەدا بکاتە کوردی، بەڵام لەبەر پشتیوانینەکردنی لەلایەن حکومەتی ھەرێم و دابیننەکردنی پێداویستییەکانەوە و پشتگوێ خستنیان لەلایەن ناوەندەوە، لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر ئەو خوێندنگانە داخران، پێویستە حکومەتی ھەرێم بە پلانێكی درێژخایەن و بەرنامەیەکی رێکوپێک هەوڵی بوژانەوەی خوێندنی کوردی بدات لەم سنوورەدا.
6- خزمەتگوزاریی رۆشنبیریی و کەلتوری:
دۆخی ئێستای خانەقی بەهۆی پلانی جیاجیای نەیارانی کورد بۆ سڕینەوەی فەرهەنگ و دابونەریت و مۆرکی رەسەنی کورد لە دۆخێکی خراپدایە، پێویستە حکومەتی ھەرێم و بە تایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە خاوەنی گەورەترین پێگەی سیاسیی و پشتیوانییە لەلایەن دانیشتووانی شارەکەوە، بە بەردەوامی بە سازدانی چالاکییە کەلتورییەکان، فێستیڤاڵ، بۆنە و رێوڕەسمی جیاجیا رێکبخات بۆ زیندووهێشتنەوەی لەرۆحیەتی خەڵکدا و پلانی تەعریب کردنەوەی نوێی ناوچەکە بەمشێوەیە پوچەڵ بکەنەوە.

سەنتەری شاری خانەقین

وتارەکانی نوسەر