یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدێر زەمانەوە بیروڕای وا بووە کە کێشەی سیاسی بە شەڕ چارەسەر ناکرێت، هەر بۆیە سەرۆک مام جەلال لەسەرەتای ساڵانی نەوەدەکان هەوڵی مەیدانی و جوامێرانەیدا بۆ دروستکردنی پەیوەندی و دانوستاندن لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، بەڵام بە کۆچی دوایی تۆرگوت ئۆزال، ئەو پرسە لە باربرا، هەروەها سەرۆک بافڵ تاڵەبانی بە ئاشکرا رایگەیاندووە کە بەشوێن هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلال-دا بەردەوامین و ستراتیژیی نیشتمانیی خۆمان و پشتیوانیی لە بژاردەی ئاشتی و بنەماکانی دەکەین لە تورکیا.
دیارە ئێستا ئەم هەنگاوەی پەکەکە رێگەی پێگەیشتنی قۆناغێکی تایبەتی سیاسییە و دەرگای لەبەردەم دیالۆگ و گفتوگۆ و ئاشتیدا کردۆتەوە، چونکە کۆتایهێنان بە خەباتی چەکداریی پەکەکە، لە تورکیا کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و دیموکراسییەکی راستەقینە دەکات، لەپێناوی دەستەبەرکردنی ئامانجی چارەسەری سیاسی و دیموکراسییانەی پرسی کورد لەو وڵاتەدا کاردەکرێت، ئیتر ئێستا بەرەو قۆناغی نوێی ئارامی و دیموکراسی و ئازادی و پێکەوەژیان لە تورکیا هەنگاو دەنرێت، ئەم پێشهاتە دەرەنجامێکی زۆر گرنگی دەبێت کە باوەڕی تەواو دروستبووە بۆ بەدیهێنانی چارەسەری ئاشتیانە.
وەک ئاشکرایە خەبات و تێکۆشانی پەکەکە ئەرکی مێژوویی خۆی بە جێگەیاند و سیاسەتی نکوڵیکردنی گەلی کوردی لە تورکیا کۆتایی پێهێنا.
ئێستا بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە هەنگاوێکی ئەرێنین و نیشانەی پێگەیشتنی سیاسییە و زمانی دیالۆگی راستەقینەی کردۆتە دوورنمای ئاشتییانە و بناغەییەکی تۆکمەی بۆ ئاشتی بەردەوام و دیموکراسی راستەقینە رەخساندووە، بۆ ئەمەش دەرگا لەبەردەم قۆناغێکی نوێی سیاسی لە تورکیا واڵاکراوە، چونکە ئێستا هەموو لایەک کار بۆ ئاشتی و دیموکراسی دەکەن بۆیە چیتر بیانوو لەبەردەم چارەسەری دیموکراسییانەی کێشەی کورد لە تورکیا نەماوە، ئەم پێشهاتە دەرەنجامی زۆر گرنگی دەبێت لە ئایندەدا، کە پێویستە دەوڵەتی تورکیا پەلە بکات بەشێوەی یاسایی ئۆجەلان ئازاد بکات و هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئایندەی تورکیا و گەلی کورد لە باکووری کوردستان.