رەوشی سیاسیی کورد لە ناوچەکەدا

10:02 - 2025-05-25
جەمال ئەکبەر کاکەیی
101 خوێندراوەتەوە

هەلومەرجی نێودەوڵەتی و هەرێمی، بەپێی هاوکێشە سیاسی و ئابوورییەکان رەوشێکی نوێیان بۆ کورد رەخساندووە

ئێستا رەوشی سیاسی کورد لە قۆناغێکی نوێی گۆڕانکاریی نێودەوڵەتی و ئیقلیمییدایە، چونکە زلهێزەکانی جیهان لەم سەردەمەدا تێڕوانین و بەرنامەیان جیاوازەو پشتیوانی لەو دەوڵەتانەی ناوچەکە ناکەن کە پێشتر مافی کوردییان پێشێل دەکرد،  لەگەڵ ئەوەشدا رەوشی جیهان و ناوچەکە بەرەو وەرچەرخانێکی نوێی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی نوێ هەنگاو دەنێت، ئەمەش ئاماژەو هێمایەکی نوێیە بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی و مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی کورد لە کوردستان و لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

 هەلومەرجی نێودەوڵەتی و هەرێمی بەپێی هاوکێشە سیاسی و ئابوورییەکان رەوشێکی نوێی بۆ کورد رەخساندووە، کە بەرەو ئایندەیەکی سیاسی و ستراتیژیی نوێ دەچێت، بۆیە وا پێویست دەکات سەرکردایەتی سیاسی کورد خوێندنەوەیەکی وردی بۆ هاوکێشەو هەلومەرجە بابەتی و خۆییەکان هەبێت، هەوڵیش بدات تێڕوانین و بیرکردنەوەی سەردەمی خەباتی قۆناغەکانی رابردوو بگۆڕێ بەرەو خەباتی سەردەمیانەو بەرجەستەکردنی دیموکراسییەکی راستەقینە لە پێناوی بەدیهێنانی ئامانجە رەواکانی گەلەکەمان لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا. 
  قۆناغی خەباتی سیاسیی ئێستا جیاوازەو نابێت بەپێی سەردەمی رابردوو شرۆڤە بۆ هەلومەرجەکان بکرێت، بۆیە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان، ئاراستەی بەرنامەو کارکردنی بگۆڕێت، چونکە بەپێچەوانەوە گۆشەگیریی نەتەوەیی و حزبایەتی دەبێتە نەیاری پێشکەوتن و گەشەکردن و گۆڕانکارییەکان و لەگەڵ واقیعی سەردەمەکەدا ناگونجێت، بۆ ئەوەی مافەکانی کورد لە چوارچێوەی دیموکراسی راستەقینەدا بهێنرێتەدی و ستراتیژیی دیموکراسی هاوبەش لەنێوان حزبەکانی پارچەکانی کوردستان بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت و لەئەنجامدا  بهێنرێتەدی.
هەرچەند لابردنی سزاکانی سەر سوریا لەم کاتەدا دەبێتە هۆکاری گەشەکردنی ئەو وڵاتە، بەڵام حکومەتی شەرع رەنگە رووبەرووی شکست بێتەوە ئەگەر شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە دروست بێت، کە ئەوەش ئەگەری هەیە، بەوەش سوریا دەبێتە گۆڕەپانی تیرۆریستانی داعش و گروپە جیهادییەکانی تر، ئەوکاتیش نفوزی هەندێ لە وڵاتانی ناوچەکە لە سوریا بەهێز دەبێتەوە، لەبەر هەموو ئەوانە دەبێت کورد و سەرکردایەتی سیاسی کورد خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە بکات و بەپێی ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانیی بەرەو بەدیهێنانی مافە رەوا و ئامانجەکانی خۆی کار بکات و هەنگاو بنێت، بۆ ئەوەش لەڕووی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دیپلۆماسی و ئابوورییەوە تێبکۆشێت.

وتارەکانی نوسەر