وەك هەمیشە، وەزارەتی پەروەردە و لیژنەی باڵای هەمیشەیی تاقیكردنەوە گشتییەكان، لە پێشهاتێكی كتوپڕ و بێ لێكۆڵینەوە و لەكات و ساتێكدا كە تەنها چەند رۆژێكی كەم مابوو بۆ ئەزموونەكانی پۆلی دوانزە، چەند بڕیارێكی دەركرد، گوایا بە مەبەستی رەچاوكردنی پێوەری زانستی، ئەو بڕیارانەی دەركردووە و دەبێ هەمووان پێیەوە پابەند بن. بێگومان گەر لەڕووی زانستی و پەروەردەییەوە بڕوانینە ئەو رێسایانەی تایبەت بە پۆلی دوانزە، كە لەو بڕیارە بە ژمارە (42) لە 25/5 دەركراوە، هاتوون، ئەوا دەبینین نەك هیچ پێوەرێكی زانستییان تێدا نییە، بەڵكو جۆرێك لە پێشێلی مافی خوێندكارانیشی تێدایە و ئاستی زانستی دێنێتە خوارەوە.
لەو بڕیارەی وەزارەت دا، چیتر ئاستەكانی پلەبەندی دەرچوونی خوێندكاران لە پۆلی دوانزە، بە زنجیرەی یەكەم و دووەم و سێیەم، دیاری ناكرێن كە لەڕاستیدا ئەمە لەلایەكەوە كوشتنی رۆحی كێبركێی زانستییە لای خوێندكاران و لەلایەكی دیكەشەوە، پێشیلكردنی مافی ئەوانە، چونكە دیاریكردنی پلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەم، بە درێژایی مێژوویی سیستەمی پەروەردە و فێركردن، لە عیراق و كوردستان بوونی هەبووە و پاداشتیش كراون لە سۆنگەی سەركەوتنەكەیان. ئەم بڕیارە، لەڕووی توانستی هزریی و هەوڵدان و خوێندنەوە، كاریگەریی سایكۆلۆژی نەرێنی و گەورە دەكاتە سەر هزر و سایكۆلۆژیای خوێندكاران و ئەو تێگەیشتنەیان لا دروست دەكات، كە مادام هیچ جیاوازییەك لە نێوان نمرەی پێوانەیی بەرزترین ئاست و نزمترین نمرەی دەرچوون نەبێت، بۆچی خۆیان ماندووبكەن و شەونخونی بكەن؟ ئەم بڕیارە وا لە خوێندكاران دەكات كە تەنها بیر لە دەرچوون بە هەر نمرەیەك بێت بكەنەوە، نەك توانستی زانستی و نمرەیی نموونەیی و بەرز.
لەلایەكی دیكەوە، لەو بڕیارەی لیژنەی ئەزموونەكان، خاڵێكی دیكە هەیە، كە لەمەودوا تێكڕایی نمرەی دەرچوونی وەرزی دووەم دەكرێتە پێوەر، بۆ پێوانەكردنی ئاستی زانستی و رێژەی دەرچوون لە پۆلی دوانزەی ئامادەیی كە ئەمەشیان لەڕووی میتۆدیی و پێوەرییەوە زۆر نازانستییە. بێگومان كاتێک خوێندكارێك لە خولی یەكەم، لە هەر حەوت وانەكە دەردەچێت و نمرەیەكی بەرز دێنێت، جیاوازی هەیە لەگەڵ خوێندكارێك كە لە خولی دووەم تەنها یەك تاقیكردنەوە ئەنجام دەدات و دەردەچێت. ئایا دەرچوونی خوێندكارێك لە خولی یەكەم و لە هەموو وانەكان، وەك ئەو خوێندكارەیە كە تەنها لە یەك وانە دەردەچێت؟ بۆیە بە هیچ شێوەیەك نابێت تێكڕای نمرەی خولی دووەم بكرێتە بنەمای هەڵسەنگاندن و لەڕووی زانستییەوە گونجاو نییە.
دواجار بڕوام وایە وەك مامۆستایەك، ئەم بڕیارانە، هیچ خزمەتێك بە بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و پێوانەیی دەرچوون، لە پۆلی دوانزە ناكەن و بە پێچەوانەوە پێشێلكارییەكی زەقی مافی خوێندكارانی پۆلی دوانزەیە، كە مافی خۆیانە ئاستەكانی دەرچوونیان دیاریبكرێت و كەس بۆی نییە لە بری خوێندكاران، بڕیار لە سەر ماف و خوێندنی ئەوان بدات. هاوكات بڕیارەكەش پێچەوانەی نەریتە كارپێكراوەكانی پرۆسەی پەروەردە و فێركردنە، بەلایەنی كەمەوە لە مێژووی پەروەردە و فێركردنی ئێمە و وڵاتی عیراقیشدا !