کۆنگرەکانی ژنان

10:08 - 2025-06-04
نەرمین عوسمان محەمەد
102 خوێندراوەتەوە

ئامانجێکی دیکەی کۆنگرەی ژنان، بریتییە لە رێنماییکردن و هاوکاریکردنیان لە چۆنێتی بەرەوپێشچوونی دۆخی خۆیان و پاراستنی مافەکانیان بە یەکسانی لە کۆمەڵگەکاندا

کۆنگرە لە سادەترین پێناسەیدا، بریتییە لە کۆبوونەوەیەکی زانستی، لە چەند روویەکەوە گفتوگۆ لەسەر بابەتێکی دیاریکراو دەکات.
 بەشدار بووە تایبەتمەندەکان تێیدا، چەندین توێژینەوە و کارنامەی تۆکمە پێشکەش دەکەن و لەلایەن لیژنەی بەڕێوەبردنی کۆنگرەوە پەسەند دەکرێت. پاشان بە پێشنیازکردنی چەند راسپاردەیەک کۆنگرە کۆتایی بە کارەکانی دەهێنێت. 
رێکخستنی کۆنگرەیەک پێویستی بە درێژەپێدان نییە و مەرجیش نییە ساڵانە بکرێت، یاخود کاتێکی دیاریکراوی لە ساڵەکەدا بۆ دابنرێت.
هەر کۆنگرەیەک لەهەر بوارێکدا بەڕێوەبچێت، پێویستە هەندێک لەو مەرجانە لە خۆی بگرێت ئەگەر هەمووشی نەبێت، بەتایبەتی کۆنگرەکانی ژنان کە مەبەستیان هاوکاریکردنی ژنانە بۆ بەرەوپێشچوون لە هەردوو بواری پیشەیی و تایبەتیدا لە رێگەی کۆکردنەوەی پسپۆڕان و دۆستانی ژنان تا بتوانن ئامادەیی و رۆڵیان لە بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی پاڵپشتدا بۆ ژنان هەبێت. 
ئامانجێکی دیکەی کۆنگرەی ژنان، بریتییە لە رێنماییکردن و هاوکاریکردنیان لە چۆنێتی بەرەو پێشچوونی دۆخی خۆیان و پاراستنی مافەکانیان بە یەکسانی لە کۆمەڵگەکاندا، هەر ئەم بەرنامانەش پیادەکراوە لە هەموو ئەو کۆنگرانەی کە بەسەرپەرشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەچووە. 
هەر لە یەکەمین کۆنگرەوە کە بۆ ژنان رێکخراوە لە ساڵی 1975ەوە لە مەکسیک بە دروشمی (یەکسانی و گەشەپێدان و ئاشتی) تا ئەمڕۆ هەموو ئەو مەرجانە لە گۆنگرەکانی ژناندا کە نەتەوەیەکگرتووەکان رێکیاندەخات و لەسەر ئاستێکی جیهانییە رەچاوکراون.
یەکێکیش لەو بابەتانەی لەم قۆناغەی ئێستای هەرێمی کوردستاندا پێویستی بەردەوامی بە کۆبوونەوە و کۆنگرە هەیە مەسەلەی ژنانە، بەڵام ئایا مەسەلەی ژنان وەکو پێویست و بەپێی ئەو مەرجە زانستی و نێودەوڵەتییانەی کە ئاماژەیان پێدراوە هیچ کۆنگرەیەکی بۆ رێکخراوە؟ 
لەم دواییەدا یەک دوو کۆنگرەی ژنان رێکخرا، بەڵام بەداخەوە وەکو پێویست نەبوون، چۆن؟ لە بنەمادا رێکخستنی ئەم جۆرە کۆنگرانە بۆ ژنان مایەی خۆشحاڵییەکی گەورەیە، بەڵام ئەگەر بە شێوازێکی جیاوازتر و بەرفروانتر بێت، دەکرێت سەرکەوتووتر و سوودبەخشتر بێت بەڕەچاوکردنی هەندێک خاڵ، لەوانە:
-1 دیاریکردنی شوێن و کاتی رێکخستنی کۆنگرە لەسەر ئاستێکی میدیای بەرفراوانتر.
-2 بەشداری پێکردنی ژمارەیەکی گەورەتر لە ژنانی چالاکوان و تایبەتمەند لە گشت بوارەکانی تایبەت بە مەسەلەی ژنان.
 -3 هەوڵدان بۆ رێکخستنێکی پتەوتر بۆ بەرنامەکانی کۆنگرەکە، بۆ نموونە لە کۆنگرە جیهانییەکاندا رێزلێنان دەخرێتە کۆتایی کۆنگرەکەوە نەک لەسەرەتادا بێت.  -4 خستنەڕووی راسپاردە کۆتاییەکانی کۆنگرەکە لە رووبەرێکی فراونتری میدیایدا.
-5 رەچاوکردنی پیادەنەکردنی هەندێک نەریت کە زیاتر تایبەتمەندن بە ڤێستیڤاڵە هونەرییەکان لە جیهاندا، نەوەک کۆنگرەکان.
 دەکرێت کۆی ئەم بابەبەتە تەنها بەرچاو روونییەکی سادە بێت بۆ کۆنگرەکانی ژنان و مەبەست لێی خزمەتکردنی زیاتری مەسەلەی ژنان بێت، نەک رەخنەگرتنێک بەمەبەستی شکاندنەوە.

 

ژنان پێویستییان بە کۆنگرەی بنیاتنەرانەیە بۆ پاراستنی مافەکانیان

وتارەکانی نوسەر