گۆڕینی شێوازی خەبات، لە چەکدارییەوە بۆ مەدەنی

10:30 - 2025-07-21
نیان خەسرەو
103 خوێندراوەتەوە

پاش نزیکەی نیو سەدە لە خەباتی چەکداری و تۆمارکردنی هەزاران داستان و چیرۆکی نەبەردی، لە رووداوێکی گەورەی مێژووییدا لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری سلێمانی، پارتی کرێکارانی کوردستان،  شێوازی خەباتی گۆڕی. دانان و سووتاندنی‌ چەک، فەلسەفە و تێڕامانی زۆر لەخۆدەگرێت، لەپێش هەموویانەوە، نەتەوەی کورد هیچ کات لەگەڵ شەڕ و خوێنڕشتن نییە، بەڵکو هەمیشە وەک پەرچەکردارێک و بەرگریکردن پەنای بۆ بردووە، گۆڕینی شێوازی خەبات ئەزموونێکی تاقیکراوەی هەندێك لە وڵاتانە کە بە ئەزموونێکی سەرکەوتوو هەژمار دەکرێن، لەم سۆنگەیەوە دوو نموونەی جیهانی دێنمە بەر باس، ئەوانیش سەنگەری رزگاریخوازیی نیشتمانیی (فارابۆندۆ مارتی) سلڤادۆرییە کە پارتێکی چەپی سیاسییە، ئەم سەنگەرە پێشتر پێکهاتبوو لە پێنج رێکخراوی چەکداریی دژ بە سیاسەت و حوکمڕانی  رژێمی سلڤادۆر.
 پێش دامەزراندنی ئەم سەنگەرە، حکومەتی سلڤادۆر ڕووبەڕووی چەندین ناڕەزایی و  راپەڕینی گەل بۆتەوە، یەکێک لەو رووداوە مێژووییانە راپەڕینی جوتیارانی سلڤادۆرە کە ناسراوە بە قەسابخانەی جوتیارانی سلڤادۆر، دواهەمینیان جەنگی ناوخۆیی سلڤادۆرە کە لە نێوان حکومەتی سلڤادۆر و سەنگەری رزگاریخوازیی نیشتمانی فارابۆندۆ مارتی روویدا ئەم جەنگە زیاتر لە 12 ساڵی خایاند لە 15/1/1992 سەنگەری رزگاریخوازیی نیشتمانی، پێکهاتەی سەربازیی خۆی هەڵوەشاندەوە، پاش دانپێدانانی وەک حزبێکی سیاسی بۆ یەکەمین جار بەشداریی هەڵبژاردنی وڵاتەکەی کرد، بوو بە هێزی دووەم لە حکومەتی سلڤادۆر، دوو جار  سەرۆکایەتیی سلڤادۆری بردۆتەوە. 
نموونەی دووەم، سوپای کۆماری ئێرلەندایە کە ئێستا بەشدارێکی کارا و سەرکەوتووی سیاسەتن، پاش دامەزراندنی ئێرلەندای سەربەخۆ،  شەش کەرتی دوورگەی باکوور هێشتا بەشێک بوون لە شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) ئەم سوپایە ئامانجی یەکگرتوویی ئێرلەندای هەبوو، ئەمەش وایکرد زۆرجار پێکدادان و شەڕ هەبێت  لە نێوان بەریتانیا و سوپای کۆماریی ئێرلەندا، دواجار لەسەر رۆشنایی دانووستانەکانی ئاشتی کە ناسراوە بە دانوستانی هەینیی مەزن لە ساڵی1998، چەکیان دانا، ئێستا خاوەن دەستکەوتی باڵا و گرنگن لە ئێرلەندای باکوور. 
لێرەوە بە گرنگی دەزانم، ئاماژە بە رۆڵی سەرکردەی ئاشتیخواز و نەمر سەرۆک مام جەلال بدەین کە یەکەم سەرکردە بوو هەوڵی بۆ ئاشتی نێوان پارتی کرێکاران و حکومەتی تورکیا دا لە ساڵی 1993 لە نێوان هەردوولادا، بەڵام مردنی تۆرگۆت ئۆزال سەرۆکی تورکیا، ئەو هەوڵەی بۆ ماوەیەک راگرت و هەردوولا درێژەیان بە ململانێی نێوانیاندا و تا ئەمڕۆ کە پێیان ناوەتەوە پرۆسەیەکی ئاشتیی جددیتر بۆ کۆتاییهێنان بە خوێنڕشتن.  

وتارەکانی نوسەر