نەورۆزی 1978 لە کەلار

01:58 - 2024-03-22
ڕاپۆرت
261 جار خوێندراوەتەوە

سەباح عەلی جاف

وەک لەو وێنەدا دیارە، کاک Shírwan Ali بەکامێرای خۆی گرتوویەتی، خەڵکێکی زۆر لە ئێوارەی 20-21 ی ئازاری 1978، بەبۆنەی رۆژی نەورۆزەوە لەدیوی پشتەوەی قەڵای شێروانە کۆبوونەتەوە، لە یادەکەدا هونەرمەندان سەڵاح داودە و فایەق داودە بە گۆرانی و دەهۆڵ و زوڕنا بەشداربوون، وەک دەردەکەوێت گەڕەکی بنگرد لە وێنەکەدا دیارە، بەڵام ژمارەی ماڵەکان زۆر نین.

بەپێی بیرەوەرییەکانی رەوانشاد، مستەفا نەریمان، لەساڵی 1945 یەکەمین ئاهەنگی نەورۆز لەکەلار کراوەتەوە، بەدوایدا ساڵانە ئەو یادە پیرۆزکراوە بە چالاکی جۆربەجۆر، لە ساڵی 1957 لە بەردەم ماڵی مستەفا بەگدا ئاهەنگێکی گەورە کراوە، جگەلەگۆرانی و بەستە و کردنەوەی ئاگری نەورۆز، شانۆگەری (کاوە و زوحاک) تێیدا پێشکەشکراوە، لە 20ی ئازاری 1969یشدا باڵی مەکتەبی سیاسی (جەلالی)، ئاهەنگێکی گەورەییان لە کەلار بەبەشداری هەزاران کەس سازداوە، چەندین بڕگەی شیعر و پەخشان و شانۆ وگۆرانی و سروود پێشکەش کراوە، لە رۆژنامەی (النور)دا راپۆرتێکی نیولاپەڕە لەسەری بڵاوکراوەتەوە، لەساڵانی پاشتردا بەتایبەت دوای بەیانی (11ی ئازار)، نەورۆز بەگوڕوتینێکی کوردانەوە کراوەتەوە، لەبینای ئەو کاتی ناوەندی کەلار (بینای پێشووی پەروەردەی کەلار، تەنیشت ریعایەکە)، نەورۆزێکی جیاواز لە (نەورۆزی1971)، بەچەندین بڕگەی جیاواز کراوەتەوە، رەوانشاد ئەحمەد کەلاری تێیدا شیعری پێشکەش کردووە،  بە بەردەوامی یادی نەورۆز لەکەلار کراوەتەوە بەتایبەت لەسەر قەڵای شێروانە، پاش راپەڕینی 1991 یادەکە بۆنەیەکی جیاواز تری وەرگرتووە و زۆرتر دامودەزگاکانی ئیدارەی گەرمیان پێی هەڵدەسن و خەڵکیش بە جۆش وخرۆشەوە بەجل و بەرگی کوردی وەک بۆنەیەکی نەتەوەی لێی دەڕوانن و بەشدار دەبن. 

یادی نەورۆز لە هەمووان پیرۆز بێت.
وێنەکە بەڕەش و سپی و بەدەستکارییەوە لێرە دادەنێین، بە یارمەتی کاک شێروان عەلی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان