دیاردەی جنێودان و سووکایەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکوێ گەیشتووە؟

10:08 - 2024-03-27
ڕاپۆرت
367 جار خوێندراوەتەوە

 راپۆرتی / هاوژین عەبدولواحید

لەدوای پێشکەوتنی بەردەوامی تەکنۆلۆژیا و فراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سات لەدوای سات بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر دەبن و گەیشتۆتە ئاستێک هەرکاتێک بیانەوێت هەڵوێست و رووانینەکانیان دەردەبڕن، دەروونناسانیش پێیانوایە هەموو سەربەستییەک دەبێت هەستی بەرپرسیارێتی لەگەڵدابێت بەرامبەر بە تاک و کۆمەڵگە و ئەگەر هاوسەنگیی نێوان ئازادی و هەستی بەرپرسیارێتی نەپارێزرا، ئەوا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە سەرچاوەی چەندین گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی لەو رووەوە چەند توێژەر و دەروونناسێکمان دواند و لەو رووەوە تێڕوانینی خۆیان لەسەر ئەو دیاردەیە خستەڕوو.

مامۆستا کارزان یاسین، راهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی دەڵێت: دیاردەی جنێودان و تەشهیرکردن تایبەت نییە بە هیچ ناوچەیەک و کۆمەڵگەیەکەوە، کەم تا زۆر لە هەموو شوێنێک ئەو دیاردەیە هەیە، هەرچەندە ئەوەنده زۆر نییە، بەڵام بەهۆی زەقییەوە زۆر دێتە بەرچاومان، ئەمەش لە ئەنجامی هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی هەرتاکێکمان، چونکە گۆڕەپانەکەمان بۆ ئەو کەسانە بەجێهێشتووە و ئەوان کۆمەڵگەی لێوە ئاراستە دەکەن.
وتیشی: ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و تەنانەت بە سەیرکردنیشان پشگیرییان نەکەن، ئەوا تاڕادەیەکی زۆر رۆڵیان لاوازدەبێت لەناو کۆمەڵگەدا. خۆشحاڵیشی نیشاندا لەوەی کە هەنووکە تا رادەیەکی باش هۆشیاریی کۆمەڵایەتی هەیە و وەک پێشتر نییە، چونکە سەردەمانێک ئەو جۆرە کەسانە وێنەیان لەگەڵدا دەگیرا و شانازییان پێوە دەکرا، بەڵام ئیستا شەرم لەو کەسانە دەکرێت و پەسند نین.
ئەو مامۆستایە روونیشیکردەوە کە هەمیشە خۆناساندن گرنگە، بەڵام ئەوەی کە خەڵک چۆن دەتناسێ گرنگترە  چونکە ئەم جۆرە کەسانەی کە بەمشێوەیە دەیانەوێت دەرکەون، بۆشایی فیکریان هەیە و هەست دەکەن نابینرێن، بۆیە دەیانەوێت بەو رێگایە خۆیان دەربخەن و بکەونە بەر دیدی خەڵک، هەرچەندە ئەمە چێژێکی سەرەتاییە بۆیان، بەڵام لە داهاتوودا تووشی شۆکی کۆمەڵایەتییان دەکات و وایان لێدێت نەتوانن بە ئاسودەیی تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە، چونکە لای خەڵک ناشیرین دەرکەوتوون و بە چاوێکی تر سەیریان دەکرێت لەبەرئەوەی رەنگە نەتوانن زەواجیش بکەن، یاخود کاریان بە ئاسانی دەستبکەوێت، بۆیە ئەو کەسانە لە داهاتوو کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونییان بۆ دروست دەبێت، چونکە خاوەنی رابردووی باش نین و بەشێکیان هەوڵدەدەن لەو رابردووە  رابکەن و وڵات بەجێبهێڵن.
بۆ دوورکەوتنەوە دەبێت هەموان هاوکاربن 
هەر سەبارەت بەو دیاردەیە، هەرێم هەمزە عەبدولڕەحمان توێژەری کۆمەڵایەتی پێیوایە كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی چوارچێوه‌یەکی ره‌فتاری بۆ تاكه‌كان داده‌ڕێژێت و هه‌ر تاكێك له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و چوارچێوه‌یه‌دا كار بكات، ئه‌وا به‌مانای لادانە له‌و به‌ها  و داب و نه‌ریتانە كه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ پشتی پێ ده‌به‌ستێت، هۆشیاریی کۆمەڵایەتیش بریتییە لە مەعریفەیەکی عەقڵی و رەفتاری تاک لە کۆمەڵگەدا.
وتیشی: جوێن لە زمانی كوردییدا به‌ مانای قسەی خراپ و بەدگۆیی دێت بەشێوه‌یه‌كی گشتی، یان ئه‌وه‌تا سروشتێكی تایبه‌تی هه‌یه‌ وه‌ك جوێن به‌ خودی كه‌سه‌كه‌، یان سروشتێكی ناموسییانه‌ی هه‌یه‌، وه‌ك جوێن به‌ ناموس و كه‌سوکاری كه‌سی بە ئامانج گیراو‌، یان سروشتێكی ئایینی هه‌یه‌، وه‌ك جوێندان به‌ پیرۆزییه‌كانی كه‌سه‌كه.
روونیشیکردەوە کە زۆر جار بەداخەوە لەناو خێزانەکاندا بۆ چێژ وەرگرتن منداڵ فێری جوێن دەکرێت، ئەمەش لەگەڵیدا گەورە دەبێت  و دەبێت بە گرفتێکی کۆمەلایەتی و دەروونی بۆ ئەو تاکە لە کومەڵگەدا.
هەروەها بەهۆی دەستخۆشی و لایک و بینەری زۆرەوە، بەشێک له خەڵکی ئێستا فێری جنێو و تانە و تەشەر بوون و کەسی جوێندەر بەشێوازی جیاجیا پشتگیریی لێ دەکرێت و گەورە دەکرێت. ئەو کەسانە هیچ بەهرەیەکیان نییە و بەبێ هۆکار گەورەکراون، بێگومان ئەوەش کاریگەریی زۆر لەسەر تاک و کۆمەڵگە بەجێدەهێڵێت و رێگە خۆشکەریش دەبێت بۆ چاولێکەری.
وتیشی: بۆ دوور بوون لەم دیاردەیە، دەبێت هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگە هاوکاربن تا نەوەیەک بەرهەمبهێنین کە دووربن لە دیاردەی جوێندان و  هەموو رەفتارە ناپەسندە کۆمەڵایەتییەکان.
بەرلە خۆناساندن، پێناسەت دەکات
رابەر ئەحمەد جۆڵەمێرگی نووسەر و رووناکبیریش لەوبارەیەوە  دەڵێت: ئەگەر بۆ پێویستی خۆم نەبێت، حەزناکەم تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکاربهێنم، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگوزەرێت، لە کەسەکان و بڵاوکراوەکاندا زۆر بێتاقەتم دەکەن.
  ئاماژەشی بەوە دا کە زۆر کەس دەبینین رۆژانە بێ ئەوەی پرسیاریان لێبکرێت، خۆیان دەناسێنن و پێناسەی خۆیان دەکەن لە رێگەی بەکارهێنانی زمانی زبر و تانە و تەشهیرکردنەوە و بەردەوام لە رێگەی هێرشکردن و تیرەبارانکردنی ئەم و ئەو سۆشیاڵ میدیا دەکەن بە مەیدانی شەڕ و دەمەتەقێ و هەراو کێبڕکێی، بۆیە پێویستە بە هەموو شێوەیەک مرۆڤی بە بەها و باڵا، جنێو بە تەواوی لەسەر زمانی کاڵ بکاتەوە، لەبەرئەوەی جنێو سنوورە کۆمەڵایەتییەکان دەپچڕێنێت.
راشیگەیاند کە (لیۆ تۆڵستۆی) وتوێتی:  «جنێو جۆرێکە لە خۆناساندنی بەرامبەرەکەت»، جگەلەوەش تۆڵستۆی دەگێڕێتەوە کە رۆژێک بە شه‌قامێکدا رۆیشتووە، له‌ ناکاو شانی به‌ر شانی ژنێک که‌وتووە، ژنه‌که‌ به‌بێ وه‌ستان ده‌ستیکردووە به‌ جنێودان و قسه‌ی ناشیرین بە تۆڵستۆی، له‌ دوای ئەوەی که‌ تۆڵستۆی پڕ جنێو دەکات، تۆڵستۆی کڵاوه‌که‌ی له‌سه‌ری لادەبات و زۆر به‌ڕیزه‌وه‌ داوای لێبوردن له‌ ژنه‌که‌ دەکات و پێی دەڵێت: «خانمه‌که‌م من لیۆن تۆڵستۆیم،  نووسه‌ری به‌ناوبانگ و سیاسیی روسیا.
ژنه‌که‌ زۆر شه‌رمه‌زار دەبێت و داوای لێبوردنی لێ دەکات و دەڵێت: باشه‌ بۆچی زووتر خۆت پێ نه‌ناساندم؟
تۆڵستۆی-ش له‌ وه‌ڵامدا دەڵێت: به‌ڕێزت وا چوویته‌ ناو قووڵایی خۆ ناساندنتەوە، هیچ رێگەت به‌ من نه‌دا من خۆم بناسێنم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان