محه‌مه‌د كه‌ریم
"ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بریتییه له شرۆڤه و شیكردنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قی ئه‌ده‌بی، ئه‌مه‌ش به چوار قۆناغدا ده‌ڕوات كه بریتین له "سه‌رنجدان، شیكردنه‌وه، شرۆڤه، هه‌ڵسه‌نگاندن" هه‌نگاوی یه‌كه‌م بریتییه له خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه و هه‌وڵدان بۆ تێگه‌یشتنی ماناكه‌ی. له هه‌نگاوی دووه‌مدا ره‌خنه‌گر ده‌ستده‌كات به شیكردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه و لێك جیاكردنه‌وه‌ی بۆ ره‌گه‌زه سه‌ره‌تاییه‌كانی و زانینی شێوازی رێكخستن و پێكه‌وه گرێدانی به‌شه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا. له هه‌نگاوی سێیه‌مدا ره‌خنه‌گر په‌یوه‌ندی نێوان به‌ش و ره‌گه‌زه‌كانی ده‌ق شرۆڤه ده‌كات و ده‌شیه‌وێت بزانێت نووسه‌ر ده‌یه‌وێت بڵێت چی؟ دواجاریش بڕیاری خۆی ده‌دات له‌سه‌ر بنه‌مای تێگه‌یشتنی كۆی ده‌قه‌كه"
"ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ته‌ركیز له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی لایه‌نه باش و خراپه‌كانی ده‌ق ده‌كات، واته ته‌نیا به‌وه‌وه ناوه‌ستێ هه‌ر بۆ خه‌وشه‌كانی ده‌ق بگه‌ڕێت. دیاره كۆمه‌لێك پێوه‌ر و بنه‌ماش هه‌ن كه ره‌خنه‌گر له شیكردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه به‌سه‌ریان ده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ره‌خنه ته‌نیا بریتی ده‌بێت له ده‌ربڕینی بیروبۆچوونی خوێنه‌ر سه‌باره‌ت به ده‌قه‌كه، بۆیه له‌وانه‌یه بیروبۆچوونی خوێنه‌ر وابێت باسی ئه‌و شتانه بكات كه به‌دڵی نییه، ئه‌وه‌ش جێگای سه‌رسوڕمان نییه كه هه‌ندێ شتی ناو ده‌قه‌كه به‌لای خوێنه‌رێكه‌وه جوان بێت و به‌لای خوێنه‌رێكی تره‌وه وانه‌بێت. ئه‌وه‌ش سه‌یر نییه ده‌قێك له زه‌مه‌نێكدا به‌لای خوێنه‌رانه‌وه باش نه‌بێت و له زه‌مه‌نێكی دیكه‌دا مایه‌ی سه‌رنج بێت."
خوێنه‌ر ته‌نیا رای خۆیه‌تی
ئه‌م دوو په‌ره‌گرافه‌م بۆیه هێنایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌خوێنه‌ری نیشان بده‌م ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی چییه و ره‌خنه‌گر چۆن بڕیار له‌سه‌ر ده‌ق ده‌دات؟ هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش به‌خوێنه‌ر بڵێم بیروبۆچوونی خوێنه‌ر ته‌نیا رای خۆیه‌تی و ناچێته قاڵبی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه، ئه‌ویش له‌به‌ر دوو هۆی ساده و ساكار یه‌كه‌م/ خوێنه‌ر كاتێك بڕیار له‌سه‌ر ده‌قێك ده‌دات، وه‌كو ره‌خنه‌گر پێوه‌ر و بنه‌ماكانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به‌كارناهێنێت. دووه‌میش/ ئه‌وه ده‌قه‌ی به‌لای خوێنه‌رێكه‌وه جوانه، به‌لای خوێنه‌رێكی تره‌وه وانییه.
لێره‌وه ده‌مه‌وێت باسی شتێك بكه‌م كه ته‌قریبه‌ن وه‌كو دیارده‌ی لێهاتووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه خوێنه‌ری لای خۆمان كاتێك ده‌قێك ده‌خوێنێته‌وه ورد ورد ده‌گه‌ڕێت بزانێت، نووسه‌ر له چ به‌ش و په‌ره‌گرافێكدا باسی خه‌وش و كه‌موكووڕییه‌كانی خۆی ده‌كات، هه‌ر به‌وه‌شه‌وه ناوه‌ستێت ده‌گه‌ڕێت بزانێت له كوێدا نووسه‌ر باسی هه‌واو هه‌وه‌سی سێكی یان سه‌رنج و رای ده‌رباره‌ی سێكس و شێوازی باس ده‌كات. به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر نووسه‌ره‌كه ژن بێت، ئیتر خوێنه‌ره نێره‌كان وه‌كو ده‌ڵێن كه‌وكوژی بۆی داده‌نیشین و له زه‌ینی خۆیاندا ته‌نانه‌ت وێناشی ده‌كه‌ن، كاتێك قوڕه‌كه زیاتر خه‌ست ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر نووسه‌ر رۆمانه‌كه‌ی یان چیرۆكه‌كه‌ی به كه‌سی یه‌كه‌می تاك نووسیبێت، ئیتر هه‌رچییه‌ك بكات، ئه‌و خوێنه‌ره پشكنه‌ره حسابی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات كاره‌كته‌ره‌كه خودی نووسه‌ره.
نابێت ده‌قه‌كه‌ی بخرێته قاڵبی یاداشته‌وه
ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه ئه‌م جۆره روانینه بۆ ده‌قی رۆمان لای خوێنه‌رانی عه‌ره‌ب و فارسیش هه‌یه، ناڕه‌زایی و هه‌راسانبوونی نووسه‌رانی عه‌ره‌ب و فارسیشم له‌م باره‌یه‌وه خوێندۆته‌وه، به‌تایبه‌تی نووسه‌رانی ژن. تاڕاده‌كیش ئه‌م جۆره روانینه‌ی خوێنه‌ر بۆ ده‌ق بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی رۆماننووسان سڵ له نووسینی ده‌ق به راناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاك بكه‌نه‌وه. به‌ڵام ئایا ئه‌م پشكنینه‌ی ده‌ق راسته؟ ئایا راسته به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌قی رۆمان‌دا بكرێت؟ پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت ئه‌وه بزانین ئه‌م جۆره روانینه بۆ ده‌ق، یان ئه‌م جۆره خوێندنه‌وه‌یه‌ی ده‌ق ناچێته ناو چوارچێوه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه، ته‌نیا وه‌كو بیروبۆچوونی تاكه‌كه‌سی ده‌مێنێته‌وه و هیچ حسابێكی له‌سه‌ر ناكرێت. له‌لایه‌كی تره‌وه رۆماننووسێك كاتێك ده‌قێك ده‌نووسێت هه‌ست به ئازادی زیاتر ده‌كات، ده‌نا هه‌موو رۆماننووسێك ده‌توانێت یاداشت بنووسێت، به‌ڵام ماده‌م یاداشت نانووسێت و ده‌ق ده‌نووسێت، نابێت ده‌قه‌كه‌ی بخرێته قاڵبی یاداشته‌وه و خوێنه‌ر له ده‌قه‌كه‌ی بكۆڵێته‌وه و بۆ نووسه‌ر بگه‌ڕێت، له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه خوێنه‌ر له خۆیه‌وه ببێته جادووگه‌ر و بڵێت فڵان كاره‌كته‌ر فڵان كه‌سی ناو ژیانی واقیعییه، ئه‌وه‌ی جێگای داخه هه‌ندێ نووسه‌ر خۆیان بۆ ریایی و خۆبردنه پێشه‌وه ماستاو به‌تایبه‌تی له‌لای كه‌سانی ده‌سه‌ڵاتدار و خاوه‌ن سه‌رمایه بڵێن: فڵان كاره‌كته‌ر جه‌نابتی!
مایه‌ی سه‌رنجه زۆربه‌ی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی خاوه‌نی ده‌قی جوان و ناوازه‌ن كاتێك یاداشتی خۆیان ده‌نووسنه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌كو ده‌قێكی ئه‌ده‌بی ئازاد نین و كۆت و پێوه‌ندی واقیعن، ئه‌وه‌نده كرچ و كاڵ ده‌ینووسنه‌وه، خوێنه‌ر بێزار ده‌بێت و به ناچاری ده‌یخوێنێته‌وه.
ئێستا بابێینه‌وه سه‌ر پرسیاره‌كه‌ی پێشتر ئایا ره‌وایه به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌قی رۆمان بكه‌ین؟ نووسه‌ر و ره‌خنه‌گری فه‌ره‌نسی میشێل بوتۆر كه هه‌ندێك وا باسی ده‌كه‌ن دوو هه‌زار كتێبی نووسیوه. له وتارێكدا به‌ناونیشانی (رۆمان وه‌كو لێكۆڵینه‌وه) زۆر به‌جوانی باسی ئه‌م بابه‌ته ده‌كات و ده‌ڵێت:
"ئه‌وه‌ی رۆماننووس بۆمان ده‌گێڕێته‌وه قابیلی لێكۆڵینه‌وه نییه و له ئه‌نجامدا، ئه‌وه‌نده به‌سه گێڕانه‌وه‌كه‌ی بتوانێت ئه‌وه‌ی باسی ده‌كات روكه‌شی واقیع به‌ده‌سته‌وه بدات، ئه‌گه‌ر من هاوڕێیه‌كم ببینم و هه‌واڵێكی سه‌رسوڕهێنه‌رم پێ بڵێت، بۆ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی پێبكه‌م، به‌رده‌وام ئه‌وه دووباره بكاته‌وه و بڵێت فڵان و فڵانیش شایه‌تن خۆشت ده‌توانیت بڕۆیت لێی بكۆڵیته‌وه. به‌پێچه‌وانه‌وه، كاتێك نووسه‌رێك له‌سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كه‌ی ده‌نووسێت (رۆمان)، به‌كرده‌وه ئه‌وه راده‌گه‌یه‌نێت كه لێكۆڵینه‌وه شتێكی بێهووده‌یه. ته‌نیا به پشتبه‌ستن به‌قسه‌كانی نووسه‌ر ده‌بێت كاره‌كته‌ره‌كانی رۆمان قبووڵ بكرێن و بژین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وجودیشیان نه‌بێت."
بابه‌گۆریۆ هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه به‌لزاك بۆمان وه‌سف ده‌كات
كه‌واته پشكنینی ده‌ق به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی نووسه‌ر و ره‌فتار و كرده‌وه و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی، نه‌ك هه‌ر هه‌ر فڕی به‌سه‌ر ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه نییه، نیشانه‌ی نه‌زانی و نه‌شاره‌زایی له رۆمان و گه‌مژه‌ییشه. له جێگایه‌كی دیكه‌دا میشیل بوتۆر سه‌باره‌ت به به‌لزاك و رۆمانی بابه‌گۆریۆ ده‌ڵێت:
"گریمان ئێمه نامه‌ی كه‌سێكی متمانه‌پێكراوی سه‌ده‌ی نۆزده‌مان كه‌وته به‌رده‌ست كه بۆ كه‌سێكی نووسیوه و باسی ئه‌وه ده‌كات زۆر باش بابه‌گۆریۆی ناسیوه، ئه‌و كه‌سه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌و جۆره نه‌بووه كه به‌لزاك له رۆمانه‌كه‌یدا بۆی باسكردووین، بۆ نموونه فڵان لاپه‌ڕه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تیایه. بێگومان ئه‌م قسه‌یه به‌لای ئێمه‌وە هیچ بایه‌خێكی نییه. چونكه بابه‌گۆریۆ هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه به‌لزاك بۆمان وه‌سف ده‌كات (هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌شه كه به خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌ی به‌لزاك دەتوانیت قسه‌ی له‌باره‌وه بكه‌یت و شتی له‌باره‌وه بنووسیت) ده‌توانم لافی ئه‌وه لێبده‌م كه به‌لزاك له هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانیدا سه‌باره‌ت به‌و كه‌سه‌ی كه خۆی دروستی كردووه، به‌هه‌ڵه‌دا چووه و بایه‌خی به‌م لایه‌نه‌ی یان ئه‌و لایه‌نه‌ی نه‌داوه و له‌به‌رچاوی نه‌گرتووه، به‌ڵام بۆ سه‌لماندنی لاف لێدانه‌كه‌م هه‌ر ده‌بێت پشت به رسته‌كانی ده‌قه‌كه‌ی به‌لزاك ببه‌ستم، ناتوانم به‌ڵگه‌یه‌كی تر بهێنمه‌وه."
كه‌واته پشكنینی ده‌قی رۆمان به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی نووسه‌ر یان هه‌ر كاره‌كته‌رێكی تری واقیعی له‌ناو رۆمانه‌كه‌دا نه‌ك هه‌ر ئیشی خه‌ڵكی نه‌خوێنده‌وار و بێ ئیشه، ئیشێكی بێهووده و بێسووده و نه‌خزمه‌تی ده‌ق ده‌كات و نه هیچ نهێنییه‌ك بۆ خوێنه‌ر كه‌شف ده‌كات. جگه‌له‌وه‌ش خوێنه‌ر ده‌كات به پۆلیسی كه‌شفكردنی تاوان كه به زه‌ڕه‌بین به دوای نووسه‌ر و كاره‌كته‌ره‌كانی تردا ده‌گه‌ڕێت، ده‌شێت پۆلیسی كه‌شفكردنی تاوان ئه‌ركێكی پیرۆزی له‌سه‌ر شان بێت و تاوانبارێكی هه‌ڵاتوو ته‌سلیمی دادگا بكات، به‌ڵام خوێنه‌ری پۆلیس جگه‌له خۆماندووكردن هیچی ده‌ستناكه‌وێت.