قوباد تاڵەبانی: بە هەموو شێوەیەک دژی دواخستنی هەڵبژاردنین

05:15 - 2024-05-02
کوردستان
141 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ماکسیم روبین، کونسوڵی گشتیی روسیا لە هەرێمی کوردستان پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چەند بابەتێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی هەڵوێستی خۆی و یەکێتی بۆ کونسوڵی گشتیی روسیا روون کردەوە و رایگەیاند: بە هەموو شێوەیەک دژی دواخستنی هەڵبژاردنین و رووبەڕووی هەموو هەوڵێک دەبینەوە کە دژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کرا و قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، هەمیشە لەگەڵ ئەوەدابووین پەیوەندییەکی ئاسایی و تەندروست و هاوسەنگمان لەگەڵ هەموو وڵاتان و بە تایبەتیش وڵاتانی دراوسێدا هەبێت. 
وتیشی هەرێمی کوردستان هەرگیز سەرچاوەی هەڕەشە نەبووە بۆسەر هیچ لایەنێک و لە داهاتووشدا هەوڵ دەدەین پەیوەندییەکی باش و تەندروستمان هەبێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت لە رووی بازرگانییەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی پارێزگای سلێمانی کرا، کونسوڵی گشتیی روسیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە لە دوا سەردانیدا بۆ سلێمانی هەستی بە گەشەسەندنێکی بەرچاو کردوە لەڕووی وەبەرهێنانەوە. 
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد راستە کە پێشتر کێشە و ئاستەنگ لەبەردەم وەبەرهێنەراندا دروست دەکرا، بەڵام لەم دوو ساڵەی دواییدا هەنگاوی باشمان ناوە لە کەمکردنەوەی رۆتین و چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم وەبەرهێنەران، 
وتیشی: خۆی لە نزیکەوە چاودێری چۆنییەتی بەرەوپیشچوونی کاروباری وەبەرهێنان دەکات و هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکات. ئاماژەی بەوەشدا ئەم هەنگاوانە کاریگەری راستەوخۆی هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی وەبەرهێنان لە سلێمانی بە جۆرێک کە ساڵی رابردوودا پارێزگاکە لەسەر ئاستی هەموو عیراقدا یەکەم بووە لە رووی وەبەرهێنانەوە.

# قوباد تاڵە‌بانی #هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان