مه‌حموود نه‌جمه‌دین
2-2 کۆتایی
گویلۆم موسۆی په‌نجا ساڵ، یه‌كێكه له رۆماننووسه به‌ناوبانگه‌كانی فه‌ره‌نسا، باپیره‌گه‌وره‌ی له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له شاری پیدمۆنته‌وه رووی له باشووری فه‌ره‌نسا كردووه. له نووسه‌ره ناوداره‌كانی فه‌ره‌نسایه، ساڵانێكه تیشك له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانێتی، یه‌كێكه له‌و نووسه‌رانه‌ی به چاكی ده‌خوێنرێته‌وه و خوێنه‌ران هه‌میشه چاوه‌ڕوانی به‌رهه‌می نوێی ده‌كه‌ن، چون ئه‌م نووسه‌ره به شێوازێك ده‌نووسێ خوێنه‌ر ناچار ده‌كات به دوای نهێنی و گرێی چیرۆكه‌كاندا بڕوات تاوه‌كو ده‌گاته كۆتایی چیرۆكه‌كه و به ته‌واویی شته‌كانی بۆ روون ده‌بێته‌وه.
رۆمانی سێنتراڵ پارك
«ئه‌لیس و گابرێل هیچ شتێكی دوێنێ شه‌ویان بیرنییه، به‌ڵام به ئاسانی ئه‌و شه‌وه‌یان له‌بیر نه‌ده‌كرد.»
ئه‌مه یه‌كێكه له‌و رستانه‌ی ناو رۆمانه‌كه وا له خوێنه‌ر ده‌كات به سه‌رسوڕمان و تامه‌زرۆییه‌وه به دووی رووداوه‌كانی ناو رۆمانه‌كه‌دا بڕوات. ئه‌لیس، پۆلیسێكی گه‌نجه له پاریس ده‌ژی و گابرێل پیانۆژه‌نێكی ئه‌مریكییه، ئه‌م دوانه له‌سه‌ر كورسییه‌ك له‌نێو پاركه گه‌وره و ناوداره‌كه‌ی نیۆیۆركدا به یه‌كه‌وه شه‌ته‌كدراون و كاتێك له خه‌و هه‌ڵده‌سن هه‌ردووكیان تووشی سه‌رسووڕمان ده‌بن. یه‌كتر ناناسن، هه‌رگیز یه‌كتریان نه‌دیوه، كه‌چی به یه‌كه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه! بۆ خۆشیان نازانن چۆن به‌و شێوه‌یه گه‌یشتوونه‌ته ناوه‌ندی ئه‌و پاركه گه‌وره‌یه! له كاتێكدا شه‌وی رابردوو ئه‌لیس له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی له شانۆی شانزلیزێ بووه و هه‌ر له‌و كاته‌دا گابرێل له یانه‌یه‌كی دبلن پیانۆی ژه‌نیوه! كه‌وایه چۆن گه‌یشتنه ئه‌و شوێنه؟! ئه‌مه ئه‌و رسته سه‌یره‌یه وا له خوێنه‌ر ده‌كات تا كۆتایی ده‌ست له خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه هه‌ڵنه‌گرێ تاوه‌كو گرێی ئه‌و چیرۆكه فانتازییه بكاته‌وه. خوێنه‌ر به دووی ئه‌و رووداوه سه‌یره‌دا ده‌ڕوا و ورده‌ورده ئاوێزانی رووداوه ئاڵۆزه‌كان و ئه‌و فانتازیا سه‌یر و به‌ڵاجه‌وییه ده‌بێ. هاوشێوه‌ی زۆرێك له رۆمانه‌كانی نووسه‌ر له‌م به‌رهه‌مه‌شدا گرنگی به كاره‌كته‌ره‌كانی داوه و به‌وردی وه‌سفی كاره‌كته‌ر و ئه‌و شوێنانه ده‌كات كه ره‌وتی گێڕانه‌وه و پاڵه‌وانه‌كان گه‌شتی بۆ ده‌كه‌ن. گێڕانه‌وه رۆده‌چێته نێو ورده‌كاری ژیانی پاڵه‌وانه‌كانه‌وه و له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌دا زانیاری گشتی ده‌ئاخنێته نێو رۆمانه‌كه‌یه‌وه. موسۆ زیره‌كانه كاره‌كته‌ره‌كانی هه‌ڵده‌بژێرێت و وایان لێده‌كات له‌گه‌ڵ ئاڕاسته‌ی پڵۆتدا بگونجێن.
له‌م رۆمانه‌دا هه‌ردوو كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی به تایبه‌تمه‌ندیی جیاوازه‌وه ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌لیس كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه كه‌سێكی خه‌مباره و به‌هۆی ئه‌و رووداوه ناخۆشانه‌ی له رابردوودا به‌سه‌ریدا هاتوون ژیانێكی سه‌خت ده‌گوزه‌رێنێ و هه‌ندێك كات توندوتیژه، ئه‌و دۆخه‌ی ئه‌لیس په‌یوه‌سته به رووداوه‌كانی رابردوویه‌وه. گابرێل كاره‌كته‌ری دووه‌می رۆمانه‌كه میوزیكژه‌نێكی جازه و به‌هۆی رووداوه‌كانه‌وه كاره‌كه‌ی ده‌گۆڕێت و ده‌بێت به پۆلیس له نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی، پاشتر ره‌وتی رووداوه‌كانی رومانه‌كه وا ده‌كات گابرێل رۆڵه‌كه‌ی بۆ پزیشكێكی ده‌روونی بگۆڕدرێت. گابرێل هه‌وڵده‌دات یارمه‌تی ئه‌لیس بدات، چونكه به‌هۆی ئه‌و رابردووه تاڵه‌وه تووشی نه‌خۆشی ئه‌لزایمه‌ر بووه. مه‌رگی مێرده‌كه‌ی و كوشتنی كۆرپه‌كه‌ی سكی، تووشی دۆخێكی ئه‌وه‌نده ناخۆشی كردووه زۆرجار بیر له خۆكوشتن ده‌كاته‌وه. موسۆ زۆر به‌وردی و شاره‌زایانه وێنه‌ی ئه‌م كاره‌كته‌ره‌مان نیشان ده‌دات، وه‌سف و وێنه‌ی خه‌سڵه‌ت و ته‌بیاتی تایبه‌تیان نیشانی خوێنه‌ر ده‌دات و دیمه‌نی ئه‌لیس و وه‌سفه‌كان ده‌رخه‌ری دۆخی ده‌روونی ئه‌ون و ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه خوێنه‌ر به باشی كاره‌كته‌ره‌كه بناسێ.
چیرۆكی ئه‌م دووكه‌سه ئاڵۆزه و رووداوه ئاڵۆز و سه‌یره‌كان رۆمانه‌كه ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كه‌ن به فلاشباك، كه زۆرجار یادگه‌ی ئه‌لیس ده‌گێڕێته‌وه بۆ رووداوه‌كانی رابردوو، ئه‌و رووداوه‌ی ژیانی وێران كردووه. بۆ تێگه‌یشتن له راستییه‌كانی ئێستای ناو رۆمانه‌كه یاده‌وه‌رییه ئازاربه‌خشه‌كانی خۆی ده‌هێنێته ئاراوه كه له‌لایه‌ن بكوژی زنجیره‌یی «ڤۆگن»ه‌وه چه‌قۆی لێدراوه و بووه‌ته هۆی له ده‌ستدانی كۆرپه‌له‌كه‌ی، پاشان هاوسه‌ره‌كه‌ی به رووداوی ئۆتۆمبێل ده‌مرێت. ئه‌م یاده‌وه‌رییانه یارمه‌تیده‌رن بۆ تێگه‌یشتن له سروشتی كاره‌كته‌ره‌كانی رۆمانه‌كه و به‌ستنه‌وه‌ی ئێستا به رابردووه‌وه، ئه‌مه‌ش وایكردووه ژیانی ئه‌لیس شافه‌ر پانتاییه‌كی فراوان له رۆمانه‌كه داگیربكات.
ئه‌و سه‌ره‌تا سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه‌ی ئه‌لیس و گابرێل رۆمانه‌كه ده‌باته قووڵایی رووداوه‌كانه‌وه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ رابردوویه‌كی به ژان، رووداوه‌كانی رۆمانه‌كه له نێوان ئێستا و یاده‌وه‌رییه‌كانی رابردوودا ده‌بزوێن، بۆیه موسۆ به «بیرمه« ده‌ستپێده‌كات تاوه‌كو جیاوازیی ئێستا و رابردوو روون بكاته‌وه.
كاره‌كته‌ره‌كانی رۆمانه‌كه
ئه‌لیس شافه‌ر، پۆلیسه له تیپی دژه تاوان له فه‌ره‌نسا، ژنێكه له كۆتایی سییه‌كانی ته‌مه‌نیدایه، له ژیانیدا تووشی شكستێكی گه‌وره و كاره‌ساتبار بووه، به‌ڵام له كاره‌كه‌یدا پۆلیسێكی سه‌ركه‌وتوو بووه. شه‌و و رۆژ كاری كردووه بۆ ئاشكراكردنی نهێنییه‌كانی ئه‌و تاوانانه‌ی كه خۆی و تیمه‌كه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر كردووه، كاتێك دووگیان بووه له‌وه‌دا بووه منداڵه‌كه‌ی له‌دایك ببێت رۆیشتووه بۆ ماڵی ئه‌و تاوانباره تۆقێنه‌ره‌ی كه به یه‌ك شێوه چه‌ند كچێكی گه‌نجی كوشتووه. ئه‌و كاره مه‌ترسیداره ده‌بێته هۆی ئازاڕێكی سه‌خت و ناخۆش بۆ ئه‌لیس و تاوانباره‌كه ئه‌ویش به‌رچه‌قۆ ده‌دات و به‌هۆی ئه‌وه‌وه منداڵه‌كه‌ی سكی ده‌مرێ و خۆشی له مردن ده‌گه‌ڕێته‌وه و مێرده‌كه‌شی كه بۆ به هاناوه چوونی ئه‌لیس زۆر به په‌له‌بووه و به‌هۆی ئه‌وه‌وه ئۆتۆمبێل لێیده‌دات و ده‌مرێت. ئیدی ئه‌لیس له یه‌ك رۆژدا منداڵه‌كه‌ی و مێرده‌كه‌ی له‌ده‌ستده‌دات، به‌ڵام باوكی و سیمۆری هاوڕێی پشتگیریی ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵیدا ده‌ژین تا له‌سه‌ر پێی خۆی راوه‌ستێ و بگه‌ڕێته‌وه سه‌ركاره‌كه‌ی و به‌رده‌وام بێت له سه‌ركه‌وتنه‌كانی. لێ ئه‌و رابردووه سه‌خت و تاڵه لێی نابێته‌وه و تووشی نه‌خۆشی ئه‌لزایمه‌ری ده‌كات. له كاتێكدا هێشتا له سییه‌كانی ته‌مه‌نیدایه ئه‌لزایمه‌ر ده‌بێته هۆی له ده‌ستدانی كاره‌كه‌ی، هه‌وڵی خۆكوشتن ده‌دات، له نه‌خۆشخانه هه‌ڵدێت، پاشان ده‌یگرنه‌وه و ده‌یبه‌نه‌وه بۆ نه‌خۆشخانه... فریادڕه‌سی ئه‌م ژنه لێقه‌وماوه گابرێله.
گابرێل كوین، پزیشكێكی ده‌رونی لێهاتووه و پێشتر پیانۆژه‌ن بووه له تیپێكی جازدا، پاشان وه‌ك ئه‌فسه‌رێكی پۆلیسی ئه‌مریكی كار ده‌كات و پاشتر وه‌ك پزیشكێكی ده‌روونی.
پۆڵ مالۆری، هاوسه‌ری ئه‌لیسه و پزیشكه له رووداوێكی دڵته‌زێندا گیانی له‌ده‌ستداوه، كه‌سێكی ئارام بووه و به میهره‌بانی و خۆشه‌ویستییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌لیس كردووه و هه‌موو هه‌ڵه‌كانی قبووڵ كردووه.
كلارا ماتوران، ژنێكه له‌لایه‌ن تاوانبارێكه‌وه كوژراوه و دۆسێی ئه‌م ژنه‌ش سه‌ره‌تای ئه‌و كاره‌ساته بووه كه به‌سه‌ر ئه‌لیس دا هاتووه.
ئێریك ڤۆن، ئه‌و بكوژه‌یه به‌یه‌ك شێواز چه‌ند كچێكی كوشتووه، به نایلۆن خنكاندوونی، دواتر ئه‌لیس له‌كاتی دووگیانی‌دا زانیاریی له‌سه‌ر زانیوه و چووه‌ته سه‌ری و ئه‌ویش به‌رچه‌قۆی داوه.
سیمۆر، هاوڕێیه‌كی نزیكی ئه‌لیسه و یارمه‌تی ده‌دات بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و رووداوه ناخۆشانه‌ی به‌سه‌ری هاتووه.
گێڕه‌ڕه‌وه
له رۆمانه‌كه‌دا دوو گێڕه‌ره‌وه هه‌ن: گێڕه‌ره‌وه‌یه‌كی زانا كه باس له رووداوه‌كان ده‌كات، هه‌روه‌ها پاڵه‌وان به كه‌سی یه‌كه‌م قسه ده‌كات، چیرۆكه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می رابردوو، ئه‌و رووداوانه‌ی ئه‌زموونی كردووه، پاشان دێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ئێستا بۆ ته‌واوكردنی گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌كانی ئێستای ناو رۆمانه‌كه. گێڕه‌ره‌وه‌ی زانا بۆشاییه‌كانی گێڕانه‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌كه پڕده‌كاته‌وه. گێڕانه‌وه‌كه سه‌رنجڕاكێشه، وه‌ك چۆن به شێوه‌یه‌كی ئاسایی له رۆمانه‌كانی موسۆدا رووده‌دات، پشت به شپرزه‌یی و سه‌رسوڕمان و دۆزینه‌وه نوێ له سه‌رانسه‌ری رۆمانه‌كه‌دا ده‌به‌ستێت و تا كۆتایی به‌رده‌وامه له ئاشكراكردنی ئه‌و شتانه‌ی مایه‌ی سه‌رسوڕمانن، ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندییه‌كی گرنگی گێڕانه‌وه‌ی موسۆیه، چیرۆكه‌كه‌ی له‌سه‌ر زنجیره‌یه‌ك رووداو بنیاتده‌نێت. ره‌وتی گێڕانه‌وه‌ی موسۆ به قووڵی باس له هه‌ندێك كاره‌كته‌ر ده‌كات و گرنگی به مێژوو و رابردوویان ده‌دات. گێڕانه‌وه وه‌ك شاشه‌یه‌ك تایبه‌تمه‌ندی و كاریگه‌رییه‌كانی منداڵی و ژیانی ناوخێزانی كاره‌كته‌ره‌كان نیشان ده‌دات.
سێنتراڵ پارك رۆمانێكی 320 لاپه‌ڕه‌یییه تژییه له ئاڵۆزی و ترس و تاوان و سه‌رنجڕاكێشی و خه‌م و مه‌راقی كاره‌كته‌ره‌كان، به‌ڵام كۆتایییه‌كه‌ی جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی ژیان ده‌كاته‌وه.
ژنه‌كانی موسۆ
موسۆ له‌و نووسه‌رانه‌یه گرنگی به ژن ده‌دات، چیرۆكه‌كانیان ده‌گێڕێته‌وه، ده‌چێته نێو ژیان و سه‌ختی و ناخۆشییه‌كانیانه‌وه، په‌نهانییه‌كانیان ئاشكرا ده‌كات. به‌ڵام كاره‌كته‌ره ژنه‌كانی موسۆ هه‌میشه به‌هێز و بوێرن، زۆربه‌ی پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌و ژنه به‌هێزانن له كاره‌كانیاندا سه‌ركه‌وتوون، له‌وانه‌یه رووداو یان كاره‌ساته‌كان شكستیان پێبهێنن، یان خۆشه‌ویستی شكستخواردوو، یانژی ته‌نیایی قووڵ، یا په‌یوه‌ندی خراپ له‌گه‌ڵ خێزاندا... به‌ڵام هه‌موویان به‌سه‌ر ئه‌م كێشانه‌دا زاڵ ده‌بن و توانای به‌رده‌وامبوونیان هه‌یه له كاركردندا. له ئاشكراكردنی تاوانه‌كاندا رۆڵی به‌رچاویان هه‌یه، نه ته‌نها هاوبه‌شی پاڵه‌وانه نێره‌كانن، بگره له ئاشكراكردنی زانیاری و چاره‌سه‌ركردنی نهێنییه‌كان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كاندا له پیاوه‌كان باشتر و به‌هێزترن.
سه‌رچاوه:
*رۆمانی «سنترال بارك» ساڵی 2014 به زمانی فه‌ره‌نسی بڵاوكراوه‌ته‌وه و ساڵی 2016 ئه‌لجیلالی مۆیری وه‌ریگێڕاوه بۆ عه‌ره‌بی و ناوه‌ندی رۆشنبیری عه‌ره‌بی چاپی كردووه.
*السیرة الذاتیة للروائی الفرنسی غیوم میسو- www.almrsal.com
*أفضل 10 روایات غیوم میسو www.afdal.best
*حوار مع غیوم میسو takweenkw.com
*غیوم میسو... هل تطرف في اللعب بروایتة الجدیدة؟ الشرق الاوسط
*روایات»غیوم میسو» و جرعة لذیذة من التشویق السینمائي!
https://io.hsoub.com/