سەركەوتنی ناوەكی

بۆچی دنیای ناخی خۆت لە دنیای دەرەوەت گرنگترە؟

09:55 - 2024-04-02
ئابووری
57 جار خوێندراوەتەوە

رۆڵف دۆبێڵێ

لە فارسییەوە: محەمەد كەریم

52 و كۆتایی

هەر وڵاتێك بەجۆرێك لیستی ناوی كەسە دەوڵەمەندەكانی خۆی بڵاودەكاتەوە. لە سویسرا بیلانز 300
(BILANZ 300 List)   کەس لە دەوڵەمەندترین هاووڵاتیانی خۆی دەناسێنێت. لە ئەڵمانیا گۆڤاری مەنەجەر (Manager) ساڵانە لیستی 500 كەس لە دەوڵەمەندترین هاووڵاتیانی خۆی بڵاودەكاتەوە و سەندەی تایمز (Sanday Times) لیستی دەوڵەمەندانی بەریتانیا بڵاودەكاتەوە. لە هەموویان بەناوبانگتر گۆڤاری فۆربیس (Forbes)ە كە تیایدا لیستی ملیاردێرەكانی دنیا بڵاودەكرێتەوە. ئاشكرایە ئامانجی ئەم گۆڤار و بڵاوكراوانە لە بڵاوكردنەوەی ئەم لیستانە چییە. لە راستیدا ئەم بڵاوكراوانە دەوڵەمەندترینەكانی دنیا بە سەركەوتووترینەكانی دنیا لە قەڵەم دەدەن.
هەروەها لیستی لەو شێوەیەش بۆ باشترین بەڕێوەبەران، زانایان، نووسەران، هونەرمەندان و موزیكزانانیش هەیە كە رادەی سەركەوتنی ئەمانە لەگەڵ یەكتری بەراورد دەكات. لە راستیدا هەر كار و پیشەیەك ریزبەندی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام بەڕاستی ئەمانە تا چ رادەیەك سەركەوتوو بوون؟ وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەندی بەوەوە هەیە تۆ چۆن سەركەوتن پێناسە دەكەیت.
تاك و كۆمەڵگا
مامەڵەی تاك و كۆمەڵگا، پێوەری رادەی سەركەوتنی كەسەكان دروستدەكات و دەستنیشان دەكات چ كەسانێكی خوێندەوار و خاوەن متمانەن. دەروونزانی دیاری ئەمریكی رۆی بامیستەر (Roy Baumeister) باوەڕی وایە لە رابردوودا هۆزەكان بۆ گوزەران و بەردەوامیی ژیانی خۆیان پێویستیان بە راو هەبوو، كەسێك بە خوێندەوار و خاوەن متمانە لە قەڵەم دەدرا كە راوێكی زیاتری دەكرد یان دەیتوانی لە بەرامبەر ئاژەڵی ترسناكدا هۆزەكە بپارێزێت. هەروەها زەمانێك ئیشوكاری ماڵ و ئەركی دایكایەتی زۆر گرنگ بوو، چونكە زۆربەی وڵاتان پێویستیان بەوە هەبوو خێراتر ژمارەی دانیشتوان و هێزی كاری خۆیان زیاد بكەن. بەڵام جێبەجێكردنی ئەم داواكارییە و دەركەوتنی ئەنجامەكانی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی گۆڕانكاری بەسەر ئەم گۆتەیەدا هێنا. كاتێك خەڵكەكە لە شەڕ و قاتوقڕی و نەخۆشی رزگاریان بوو، كاتی دەستبەتاڵییان زیاتر بوو. ئەكتەر و فیلمە جیاوازەكان لایەنگری زۆریان پەیداكرد. لە راستیدا بەدرێژایی مێژوو دەسەڵاتداران و سامانداران لەسەر (براند دروستكردن) و (بەها دروستكردن) ئیشیان كرد و لەم رێگایەوە هەوڵیاندا خەڵكی بەرەو ئەو رێگایە بەرن كە خۆیان بەباشیان دەزانی.
بۆچی دەسەڵاتداران هەوڵدەدەن وەكو مێگەل خەڵك بەرەو بەكاربردن و مادییەت ببەن و داوایان لێ ناكەن بەها بۆ كاتی دەستبەتاڵی خۆیان دابنێن؟ بۆچی لیستی دەوڵەمەندترینەكان بڵاودەكرێتەوە، بەڵام هەرگیز لێیان ناپرسن چەندە لە ژیانی خۆیان رازین؟ لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت كە گەشەكردنی ئابووری، كۆمەڵگاكان لە یەكتری نزیك دەخاتەوە و دیمەنی باشبوونی ئاستی چۆنایەتی و ستانداردەكانی ژیان كە تەنانەت ئەوەندەش ئاسان نییە، لە بەكارهێنانی فشار بۆ یەكسانی چینایەتی و دابەشكردنی سامان كەمدەكاتەوە. هێنری والیك (Henry Wallick) ژمێریاری پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا باوەڕی وایە:
«زەمانێ كە گەشەكردنی ئابووری هەبێت ئومێدیش هەیە و ئەم مەسەلەیە توانای تەحەمولكردنی جیاوازی چینایەتی زیاد دەكات.»
بەم پێیە ئەگەر نامانەوێت نموونەكانی لیستی فۆربیس ببێتە هۆی بێتاقەتی و سترێسمان، دەبێت سەرنجی ئەوە بدەین، پێناسەی جیاواز بۆ بەختەوەری هەیە كە ملكەچی قۆناغ و سەردەمێكە ئێمە تیایدا دەژین، بۆ نموونە هەزار ساڵ پێش ئێستا وجودی لیستێكی وەكو فۆربیس تەواو گەمژانە و گاڵتەجار دەهاتەبەرچاو. وارین بێفت و بیل گەیتس هەردووكیان لە بەشی سەرەوەی لیستی فۆربیسدان و هەردووكیان رایان وایە لەوانەیە لە رابردوودا گەمژانە و گاڵتەجاڕ هاتبێتە بەرچاو، لەبەرئەوەی پەیوەندی بەو سەدە و سەردەمەوە هەیە كە تیایدا لەدایك دەبیت، كۆمەڵگا گوتەزایەكت وەكو رەمزی سەركەوتن دەرخوارد دەدات و مەسەلە جیاوازەكان دەبنە مۆدەی رۆژگار، بەڵام وەكو كوێر و مێگەل پەیڕەوی روانگەی رەسمكراو مەكە، چونكە كەسانی دەسەڵاتدار و سامانداری كۆمەڵگا هەمیشە بیر لە قازانجی خۆیان دەكەنەوە نەك لە بەختەوەری تۆ. لە راستیدا سەركەوتن لە رووی مادییەوە لە سەدا سەد پەیوەندی بە شانسی خۆتەوە هەیە، هەڵبەتە ئێمە حەزناكەین ئەم بابەتە قبووڵ بكەین، بەڵام دەبێت باوەڕ بكەین واقیع ئەوەیە. جینەكانت، ئەو شوێنەی لێی لەدایك دەبیت، رادەی هۆش و ئیرادەت، هەموو ئەمانە لە سەركەوتنتدا رۆڵی كاریگەریان هەیە، بەڵام هیچ كام لەمانە لە ژێر كۆنترۆڵی خۆتدا نین و زۆرجار ناتوانیت بیانگۆڕیت. هەڵبەتە روون و ئاشكرایە كەسانی سەركەوتوو بۆ گەیشتن بە ئاواتەكانیان هەوڵی زۆریان داوە و بڕیاری عاقڵانەیان داوە، بەڵام ئیشكردنی سەخت و بڕیاری دروست تا رادەیەكی زۆر پەیوەندی بە جینەكانی ئێمە و ژینگە و ئەو كۆمەڵگایەوە هەیە كە تیایدا دەژین، تا چ رادەیەك خواست و توانای ئێمە لەبەرچاو دەگرێت، لەبەرئەوە لیستی فۆربیست نابێت زۆر مێشكت مەشغوڵ بكات، دەبێت واز لە دەستخۆشی لە كەسانی دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار بهێنیت.
لەم دواییانەدا یەكێك لە هاوڕێكانم بە شانازی و لووتبەرزییەوە باسی لەوە كرد بۆ ئێوارەخوانێك داوەتیان كردووە كە چەند ملیادێرێكیش ئامادە دەبن. باشە بەڕای تۆ چ شتێك مایەی شانازییە؟ لە راستیدا ئەو كەسە بۆچی ئەوەندە حەزی لەوەیە ملیاردێرێك لە نزیكەوە ببینێت؟ بە ئەگەرێكی زۆرەوە لەو دیدارەدا پارەیەكی بە نیسب نابێت. بەڕای من تەنیا شتێك كە گرنگە ئەوەیە ئایا ئەو كەسە قسەیەكی بەكەڵكی هەیە بۆ وتن یان نا، دەنا سامانەكەی بە كەڵكی ئێمە نایەت.
سەركەوتنی راستەقینە لە ناخی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت 
هەوڵبدە پێناسەكانی مێشكی خۆت بگۆڕیت، بۆ نموونە من خۆم پێناسەیەكم هەیە بۆ سەركەوتنی خۆم كە پێناسەیەكی زۆر كۆنە و هی دوو هەزار ساڵ پێش ئێستایە. بەپێی بۆچوونی ڤۆیلا (Voila) بیروبۆچوونی كۆمەڵگا و ئامارەكانی سەبارەت بە سەركەوتن ئەوەندە گرنگ نییە، بەڵكو سەركەوتنی راستەقینە لە ناخی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت و ئیشی بە دنیای دەرەوە نییە.
لە راستیدا مەبەستی من ئەوە نییە روو لە خۆدروستكردن، قووڵبوونەوە لەخود یان یۆگا بكەیت، بەڵكو سەركەوتنی ناوەكی یەكێكە لە رێكارە ژیرانەكان بۆ ژیان كە لە وڵاتە خۆرئاواییەكاندا بە یەكێك لە پرەنسیپە سەرەكییەكانی چوارچێوەی فیكری هاوچەرخ لە قەڵەم دەدرێت. هەروەكو لە بەشی (8)دا بینیمان فەیلەسوفانی یۆنانی و رۆمی ئەم گوتەزایەیان بە سەركەوتنی واقیعی و راستگۆیانە ناوناوە. لە راستیدا كاتێك دەگەیتە قۆناغی خۆشبەختی و سەركەوتنی راستەقینە و ناوەكی هەست بە ئارامییەكی زۆر دەكەیت و دەتوانیت لە هەموو هەلومەرجێكدا بیپارێزیت، چ لە هەورازی ژیاندا بیت و چ لە نشێودا، ئومێدی خۆت لە دەست نەدەیت و غەمگین نەبیت.
چۆن دەتوانیت سەركەوتنی ناوەكی بەدەست بهێنیت؟ دەبێت تەركیزت لەسەر ئەو مەسەلانە بێت كە دەتوانیت بیانگۆڕیت و واز لە باقی شتەكانی تر بهێنیت و بەهیچ جۆرێك بیریان لێنەكەیتەوە. لە راستیدا ئێمە دەتوانین دنیای ناوەكیمان كۆنترۆڵ بكەین، بەڵام ناتوانین دنیای دەرەوەی خۆمان كۆنترۆڵ بكەین، چونكە شانس و فاكتەرە دەرەكییەكان زۆر لە ئێمە بەهێزترن و ناتوانین بیانخەینە ژێر فەرمانی خۆمانەوە. لە راستیدا سامان و دەسەڵات و خۆشەویستبوون لە ژێر كۆنترۆڵی ئێمەدا نین، ئەگەر تۆ ئامانجی سەرەكی ژیانت لەسەر بنەمای ئەوانە بنیات بنێیت، لە كاتی بەدەست نەهێنانیان یان لەدەستدانیاندا ژیان بەلای تۆوە دەبێت بە دۆزەخ، بەڵام ئەگەر هەوڵ بدەیت ئارامی و خوێنساردی خۆت بپارێزیت، زۆركات شاد و خۆشحاڵ دەبیت و ئیتر ئەو خراپانەی بەرامبەرت دەكرێن و ئەو ستەمانەی لێت دەكرێن بەلاتەوە ئەوەندە تاڵ نابن. بەم پێیە شادی و سەركەوتنی ناوەكی زۆر جێگیرترە لە شادی و سەركەوتنی دەرەكی.
جۆن وودین (John Wooden) یەكێكە لە راهێنەرە سەركەوتووەكانی باسكە لە مێژووی ئەمریكادا، هەمیشە بە یاریكەرانی دەڵێت پێناسەی خۆیان بۆ سەركەوتن بگۆڕن و بزانن كە سەركەوتن یانی هەبوونی ئارامیی دەروونی كە لە ئەنجامی ئەو باوەڕە بەدەست دێت ئەوەت قبووڵ بێت تۆ هەموو هەوڵێكی خۆتت داوە بۆ ئەوەی بگەیتە باشترین پێگەی مومكین. لە راستیدا بەپێی ئەم پێناسەیە سەركەوتن بە مانای گەیشتن نییە بە ناونیشانی جیا جیا، تەنانەت گەیشتن بە میدال و پارەی زۆریش گرنگ نییە، تەنیا دەبێت لە خۆت و لەو ئیشەی كردووتە رازی بیت و بزانیت كەمتەرخەمیت نەكردووە. تەنانەت جۆرج دەبلیو بوش (George W bush) میدالی شانازیی ئازادی بە جۆن  بەخشی كە یەكێكە لە دیارترین میدالەكانی ئەمریكا، بەڵام وادیارە ئەم مەسەلەیە زیاتر كاری لە جۆرج بوش كردبێ تا لە وودین، چونكە پێویستی بەو میدالە نەبوو، بەڵام بوش بە بەخشینی ئەو میدالە ویستی خۆی لای خەڵك خۆشەویست بكات.
سەركەوتنی دەروونی
ئەگەر بمەوێت راستگۆیانە قسە بكەم، سەركەوتن و ئارامیی دەروونی هیچ پەیوەندییەكی بە دنیای دەرەوە نییە و تەنیا لە ناخی خۆتەوە سەرچاوە دەگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك شێواز هەن كە یارمەتیت دەدەن بۆ ئەوەی بەئاسانی سەركەوتنی ناوەكی بەدەست بهێنیت، بۆ نموونە بۆرسە لەبەرچاوبگرە ئایا ئەمڕۆ پشكەكانی تۆ بەرزبوونەوە یان دابەزین؟ ئایا رێگە دەدەیت بیروبۆچوون و هەستی ژەهراوی ژەهراویت بكات؟ ئەو شتانە چین كە لە دەرەوەی كۆنترۆڵی تۆن و دەتوانن غەمگینت بكەن؟ یان تۆ چۆن دەتوانیت ئاستی شادی و سەلامەتی خۆت بەرزبكەیتەوە؟ لە راستیدا نابێت هەوڵ بدەیت لە گۆڕستانی ژیانی دەوڵەمەندترین كەس بیت، بەڵكو بایەخ بە ناخی خۆت بدە و تیایدا بۆ خۆشبەختی بگەڕێ. هەموو رۆژێك شاكاری خۆت دروست بكە، هەڵبەتە سەركەوتنی دەروونی هیچ كاتێك بە تەواوەتی قابیلی بەدەستهێنان نییە. بەهەرحاڵ بە راهێنانی بەردەوام تاڕادەیەك دەتوانیت لێی نزیك بیتەوە، هەمیشە ئەوەت لە یاد بێت تەنیا كەسێك كە دەتوانێت و شادی و ئارامیت بۆ بهێنێت هەر خۆتیت.
بەڵام ئەو كەسانەی لە دنیای دەرەوە بەدوای سەركەوتندا وێڵن و شادی خۆیان لە دەوروبەریان داوا دەكەن و هەمیشە بە دوای سەروەت و سامان، بەڕێوەبەری جێبەجێكار بوون، میدالی ئاڵتوون یان میدالی فەخریدا رادەكەن، هەرگیز پەی بەوە نابەن بۆ گەیشتن بە سەركەوتن و بەختەوەریی راستەقینە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ناخی خۆیان، بۆ نموونە لەوانەیە بەڕێوەبەرێكی تەنفیزی پارەكەی بۆ كڕینی سەعاتێكی گرانبەها یان ئوتومبیلێكی مۆدێل بەرز خەرج بكات لەبەرئەوەی حەزی لەوەیە لەبەرچاوی خەڵك باش بێتە بەرچاو، بەڵام بێگومان بەم ئیشانە ئیرەیی كەسانی دیكە دەجووڵێنێت كە لەوانەیە هەندێ جار خۆشی ئەوەی خواستبێت. جگەلەوە ئەگەر بیزانیایە سەعات یان ئوتومبیلەكەی سەرنجی كەس راناكێشێت و ئیرەیی كەس ناجووڵێنێت هەرگیز نەیدەكڕین.
لە راستیدا هەندێك كەس لە رقی كەسانی تر پارە خەرج دەكەن و خۆیان دەنوێنن. بۆ ئەوەی لە ناخی خۆیاندا هەست بە ئارامی بكەن، بەڵام بۆچی پاروو بەدەوری سەری خۆماندا بخولێنینەوە لە كاتێكدا دەتوانین راستەوخۆ بە خواستەكانی خۆمان بگەین و شادی و خۆشی لە ناخی خۆماندا بەدەست بێنین، بۆچی رێگای قورستر بگرینە بەر؟

سەرچاوە:
 هنر خوب زیستن ص284-289

بابەتە پەیوەندیدارەکان