شه‌مێران عه‌لی
ڤاهینا جیۆكانتی ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ی به رۆڵی ماتا هاری ناسراوه و توانیوێتی به‌و رۆڵه‌ی جێگه‌ی خۆی له دڵی بینه‌راندا بكاته‌وه و سه‌رنجی بینه‌ران به‌لای خۆیدا رابكێشێ. چونكه هه‌م زنجیره دراماكه به‌لای بینه‌رانه‌وه گرنگه و حه‌ز ده‌كه‌ن زانیاری‌یان له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و ژنه سه‌ماكه‌ره سیخوڕه هه‌بێ و هه‌م جیۆكانتێ زۆر به جوانی رۆڵه‌كه‌ی گێڕاوه.
له دنیای سینه‌ما و درامادا گه‌لێك چیرۆكی راسته‌قینه هه‌یه كراون به فیلم و دراما، نه‌ك هه‌ر سینه‌ما، له نێوه‌ندی ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه‌شدا زۆرن ئه‌و رۆمانانه‌ی باس له كه‌سایه‌تییه‌كی راسته‌قینه‌ی دنیا ده‌كه‌ن و چیرۆكی ژیانی ئه‌و كه‌سایه‌تییه ناسراوانه یان ئه‌و رووداوه گه‌ورانه‌ی دنیا ده‌گێڕنه‌وه. یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تییه ناسراوانه ئه‌م ژنه سیخوڕه بووه، كه له رۆژگاری خۆیدا یه‌كێك بووه له سیخوڕه‌كان. ماتا هاری ئه‌و ژنه سه‌ماكه‌ره‌ی ساڵی 1917 له‌سه‌ر سیخوڕیی فه‌ره‌نسییه‌كان له قه‌ناره‌یاندا. چیرۆكی ژیانی ماتا و سیخوڕییه‌كه‌ی بابه‌تێكی گرنگه و به گرنگییه‌وه باسی لێوه ده‌كرێ، چیرۆكه‌كه په‌ڕیوه‌ته‌وه بۆ دنیای سینه‌ما و ئه‌ده‌بیات. یه‌كێك له‌و به‌رهه‌مانه زنجیره درامایه‌كه له‌سه‌ر ئه‌و ژنه، كه ڤاهینا زۆر به جوانی رۆڵه‌كه‌ی گێڕاوه و زنجیره‌كه ده‌چێته چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه هونه‌رییانه‌ی وه‌ك به‌رهه‌مێكی سیخوڕی و ژیاننامه ئه‌ژمار ده‌كرێت.
ئه‌م زنجیره‌یه ده‌رهێنانی دێنیس بێری و چه‌ند ئه‌كته‌رێك رۆڵیان تێدا گێڕاوه، له‌وانه ڤاهینا جیۆكانتێ رۆڵی سه‌ره‌كی بینیوه، هه‌روه‌ها مه‌كسیم ماتڤیێڤ و ئه‌لێكسی گوسكۆڤ و چه‌ند ئه‌كته‌رێكی تر... زمانی زنجیره‌كه روسی و ئینگیزییه و ساڵی 2017 به‌رهه‌م هێنراوه.
ڤاهینا جیۆكانتێ
ڤاهینا جیۆكانتێ ئه‌كته‌ری فه‌ره‌نسی ساڵی 1981 له شاری ئۆرلیان له فه‌ره‌نسا له دایكێكی ئه‌نده‌لوسی و باوكێك به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كۆرسیكی له‌دایكبووه. ڤاهینا جیۆكانتێ ده ساڵی ته‌مه‌نی له خانوویه‌كی گه‌وره‌دا له‌گه‌ڵ حه‌وت خوشك و برا له گوندێك به ناوی ڤێرۆ له كۆرسیكا به‌سه‌ربردووه، دواتر رووی له مارسیلیا كردووه و له‌وێ وانه‌ی سه‌مای كلاسیكی خوێندووه. له ته‌مه‌نی چوارده ساڵیدا یه‌كه‌م رۆڵی خۆی له فیلمی ماری بای دی ئه‌نجێس گێڕاوه، ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌ك بووه بۆ كاری هونه‌ری و دوا به دوای ئه‌م فیلمه خه‌ڵاتی هیپۆمێن بۆ باشترین ئه‌كته‌ره گه‌نجه‌كان له هه‌شته‌مین فێستیڤاڵی بێزیێرس وه‌رگرتووه. ئه‌م خانمه ئه‌كته‌ره له چه‌ند فیلمێكدا رۆڵی بینیوه، له‌وانه: به‌هه‌شتی كروز، یارییه بازرگانه‌كان، لێ پریمیێر سێركل، 99 فرانك، بلوبێری، ژیانی دزراو...
رۆڵی جیۆكانتێ
ڤاهینا جیۆكانتێ له ریزی ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌یه به جوانی رۆڵه‌كانی بینیوه، یه‌كێك له‌و رۆڵه هه‌ر گرنگ و سه‌ركه‌وتووه‌كانی رۆڵی ماتا هاری سیخوڕه، ئه‌و خانمه سه‌ماكه‌ره‌ی به تۆمه‌تی سیخوڕیی فه‌ره‌نسییه‌كان له سێداره‌یاندا. ڤاهینا له‌و درامایه‌دا زۆر به جوانی ئه‌و رۆڵه‌ی بینیوه.ماتا هاری زنجیره‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنییه، ساڵی 2017 له‌لایه‌ن كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنانی نێوده‌وڵه‌تی ستار میدیا به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی یه‌كی روسیا و ئینته‌ر (ئۆكرانیا) به‌رهه‌مهێنراوه. زنجیره‌كه چیرۆكی سیخوڕیی سه‌ماكاری به سۆز كه خۆی ناوی مارگریتا زێله و زیاتر به ناوی ساخته‌ی ماتا هارییه‌وه ناسراوه، ئه‌م خانمه له سه‌رده‌می جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیدا له‌نێو سوپای فه‌ره‌نسادا كاری سیخوڕیی له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌ڵمانیا كردووه. ئه‌م به‌رهه‌مه چیرۆكی ئه‌و خاتوونه سیخوڕه‌یه. ژیانی ماتا هاری به جه‌زره‌به و ئازار ده‌ستی پێكردووه، له‌لایه‌ن هاوسه‌ری پێشوویه‌وه گۆشه‌گیر كراوه و له كچه‌كه‌ی دابڕێنراوه و هیچ ئامرازێكی بژێوی ژیانی نه‌بووه و به ناچاری بووه به سه‌ماكار، له‌وه‌ش بێ هیوا بووه له دۆزینه‌وه‌ی هه‌ر داهاتێكی باشتر. له قۆناغێكی دواتری ژیانیدا مارگرێت بیری له كارێكی مه‌ترسیدار كردۆته‌وه و له ژێر ناوی ساخته‌ی ماتا هاری دا له جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیدا بۆ هه‌میشه ره‌وتی مێژووی ئه‌و خانمه ده‌گۆڕێت. ماتا هاری به زه‌حمه‌ت ده‌توانێت پێشبینی ئه‌وه بكات چاره‌نووسی چ رۆڵێكی هه‌یه له رووداوه‌كانی داهاتوودا و ده‌چێته نێو جیهانی سیخوڕییه‌وه و باجه‌كه‌شی په‌ت و قه‌ناره‌بووه.
خاتوونی سیخوڕ به‌و ناوه تازه‌یه‌وه ده‌چێته قۆناغێكی تری ژیانی خۆیه‌وه و ژیاننامه‌یه‌كی ساخته و ته‌واو نوێی بۆ خۆی نووسیوه، كه پێچه‌وانه‌ی ژیانی خۆی بووه
مارگریتا ماكلۆد كێیه؟
مارگریتا گێرترویدا ماكلۆد، ساڵی 1876 له زێل له دایكبووه، ئه‌م خانمه به ناوبانگترین سیخوڕه له مێژووی مۆدێرنی جیهاندا. سه‌ماكارێكی هۆڵه‌ندی - ئه‌ڵمانی بووه و له‌لایه‌ن فه‌ره‌نسییه‌كانه‌وه به تۆمه‌تی سیخوڕیی له‌سه‌ریان له كاتی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیدا ساڵی 1917 له سێداره‌یانداوه. ئه‌م چیرۆكه بابه‌تێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند و گرنگ بووه بۆ نووسه‌ران و مێژوونووسان و سینه‌ماكاران، نازناوی "سیخوڕی سیخوڕان"ی پێ داراوه. ماتا ساڵی 1876 له هۆڵه‌ندا له‌دایكبووه، له ته‌مه‌نی نۆزده ساڵیدا شووی كردووه و منداڵێكی بووه، گواستنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی بۆ جاڤا له ئه‌نده‌نوسیا سه‌ره‌تای گۆڕانكارییه‌كانی ژیانی بووه، زۆر سه‌رسام بووه به رۆژهه‌ڵات و شێوازی ژنانی رۆژهه‌ڵات سه‌رنجی راكێشاوه. دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه هۆڵه‌ندا لێی جیاده‌بێته‌وه و ساڵی 1903 به ناوی (لیدی ماكلۆد) ده‌چێته پاریس. له سه‌ماكردندا شكست ده‌هێنێ. پاشان له ژێر ناوی ماتا هاری، كه به مالیزی به‌واتای (چاوی رۆژ) دێت، خۆی ده‌ناسێنێ. خاتوونی سیخوڕ به‌و ناوه تازه‌یه‌وه ده‌چێته قۆناغێكی تری ژیانی خۆیه‌وه و ژیاننامه‌یه‌كی ساخته و ته‌واو نوێی بۆ خۆی نووسیوه، كه پێچه‌وانه‌ی ژیانی خۆی بووه، تێیدا نووسیوێتی له رۆژهه‌ڵاتی دوور له‌دایكبووه و وه‌ك ژنێكی رۆژهه‌ڵاتی خۆی ناساندووه. سه‌مای پیشه‌یی خۆی له منداڵییه‌وه له‌به‌رچاو گرتووه! له‌م قۆناغه تازه‌یه‌ی ژیانی توانیوێتی ماوه‌یه‌ك پێی بژی، له پاریس بوو به "بووكی رۆژهه‌ڵات" له په‌رستگایه‌كی هیندۆسیدا سه‌مای كردووه. تا ئه‌و كاته‌ی عاشقی ئه‌فسه‌رێكی ئه‌ڵمانی بووه، لێره‌وه ژیانی چووه‌ته قۆناغه مه‌ترسیداره‌كه‌وه. كاتێك جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان روویدا و ئه‌ڵمانیا هاته ناو جه‌نگه‌وه، ماتا ئه‌و كات وه‌ك ژنێكی شكستخوارد گه‌ڕایه‌وه بۆ زێدی خۆی" هۆڵه‌ندا" بۆ ئه‌وه‌ی كونسوڵێكی ئه‌ڵمانیا بدۆزێته‌وه. لێره‌وه وه‌ك سیخوڕ رووی له فه‌ره‌نسا كردۆته‌وه. ئاكام یارییه سیخوڕییه‌كانی كۆتایی هات و ده‌ستگیركرا و ساڵی 1916 و به تۆمه‌تی سیخوڕی دادگایی كرا و ساڵی 1917 له سیداره‌دراوه. دوای 100 ساڵ له له‌سێداره‌دانی، وه‌زاره‌تی به‌رگریی فه‌ره‌نسا به‌ڵگه‌نامه‌ی نوێی په‌یوه‌ست به‌م ژنه بڵاوكرده‌وه، له‌وانه تۆماره‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌لایه‌ن لێكۆڵه‌رانی دژه سیخوڕی له فه‌ره‌نسا له ساڵی 1917. له نێو ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌دا ته‌له‌گرافێك بۆ به‌رلین له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی سه‌ربازی ئه‌ڵمانییه‌وه له مه‌درید هه‌یه، كه بووه هۆی ده‌ستگیركردنی ماتا هاری له هۆتێلێكی شانزه‌لیزه و بووه به‌ڵگه‌ی سه‌ره‌كی له كاتی دادگایی كردنیدا. ئه‌م زنجیره درامایه چیرۆكی ئه‌و ژنه سیخوڕه‌یه كه یه‌كێكه له به‌رهه‌مه ناوازه‌كانی جیهانی دراما و بینه‌رێكی زۆری هه‌یه، چون هه‌میشه بینه‌ر حه‌زیان به‌و چیرۆكانه‌یه و ده‌یانه‌وێت بزانن جیهانی سیخوڕیی و په‌نهانییه‌كانی ئه‌و بواره ترسناكه چییه. یه‌كێك له‌و به‌رهه‌مه هونه‌رییانه درامای ماتا هارییه كه ڤاهینا جیۆكانتێ زۆر به جوانی رۆڵه‌كه‌ی گێڕاوه و توانیوێتی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره به‌ده‌ست بهێنێ و سه‌رنجی بینه‌ران بۆ خۆی رابكێشێ.