ژاپۆن و شاعیرە کلاسیکییە هایکونووسەکانی

10:09 - 2024-04-04
ئەدەب و هونەر
116 جار خوێندراوەتەوە
ماتسۆ باشۆ

لە ئیتالییەوە: یاسینی فەقێ سەعی

3-1

هایکو* چی‌یە؟

لە ئەدەبیاتی ژاپۆنیدا، شیعری (هایکو - Haiku) ژانرێکی ئەدەبی ئێجگار گرنگە، لە تایبەتمەندیدا بەرزترینە و لە خەسڵەت و شوناسی کەلتوری ژاپۆنیدا قووڵترینە. 
مەرجی سەرەکی ئەمجۆرە شیعرە، باوەڕهێنانە بە هەژاری و بێدەسەڵاتیی زمان کە ناتوانێ شایەتحاڵی حەقیقەت بێت. لە بنچینە و ناوەڕۆکی شیعری هایکودا، رۆشنبیرییەکی سۆفیگەرانەی گەورەی (Zen - زین)* هەیە، هایکو هەوڵدەدات زمان بگەڕێنێتەوە بۆ کرۆکە پاکو بێگەردەکەی خۆی، دایماڵێ لە هەموو شتێک و رووت وەک ساتەوەختی خەلیقەت مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
 هیچ جۆرە خۆدەرخستن و دەرکەوتنێکی راستیی، چەندە سادەش بێت، ناگاتە ئەو ئاستەی کە ببێتە جێی بایەخی شاعیرە گەورەکانی هایکو: ئەوان پێیانوایە لە هەموو شتێکدا، وزەیەکی زیندوو هەیە کە خۆی بۆ ئەقڵ دەردەخات، بۆئەوەی ئەقڵیش ئەو وزەیە ببینێ، پێویستە خۆی ئازاد بکات لە هەموو خووەکان و دوورکەوێتەوە لە پێشبینی و هەڵسەنگاندنەکان، بۆ ئەوەی بتوانێ سنوورەکانی ئەقڵانیەت تێپەڕێنێ. ئاشکرایە کە ئەم وزە زیندووە خۆی جووڵەیە، هایکوش، بەهەموو سادەیی خۆیەوە، هاوکار و یاریدەدەری ئەم جووڵەیە دەبێت هەتا لەڕێی چەند دێڕە شیعرێکەوە گوزارشت لەخۆی بکات، کە خۆی لە خۆیدا گوزارشتە لە پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە سروشتەوە، ئەمەش مەرجی سەرەکی مرۆڤە بۆ ئاوێتەبوون لەگەڵ سروشتدا.
سەرەڕای ئەوەی ئامڕازی ئەم پەیوەندیکردنە، هایکوە، بەڵام هەرگیز نابێت بە گوزارشتێکی سادەی واقیعبینانە، بەڵکو هەمیشە وا لێکدەدرێتەوە شایەتحاڵی جۆرە جیهانبینیەکە سەرجەم ئەو سنوورانە دەبەزێنێ کە پێشتر باسمانکردن. 
بە لایەنی کەمەوە دوو شێوازی نووسینی هایکو هەیە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی دوو ستایلی جیاواز. 
ستایلی یەکەم بەو خەسڵەتە دەناسرێتەوە کە یەکێک لە سێ دێڕە شیعرییەکە (زۆربەی کات یەکەم دێڕ) بابەتێک دەخاتەڕوو، لە دوو دێڕەکەی تردا، ئەو بابەتە فراوانتر دەکرێت و دەگەیەنرێتە کۆتایی.
ستایلی دووەم ئەو جۆرە هایکوەیە کە لەیەک کاتدا مامەڵە لەگەڵ دوو بابەتی جیاوازدا دەکات، دوو بابەتی دژبەیەک یان هاوئاهەنگ.
ئەم دووەم ستایلەش، دەکرێت بە دوو شێواز دابڕێژرێت: یەکەم/ دێڕی یەکەم کە بابەتێک دەخاتەڕوو، دێڕی دووەم فراوان و قووڵی دەکاتەوە، بەڵام دێڕی سێیەم دەکەوێتە دژایەتیکردنی ناوەڕۆکەکە، ئەم پێچەوانەکردنەوە سێمانتیکیە* بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیەکی بەهێز لەگەڵ بابەتی یەکەم دێڕدا دروستدەکات. ئەم بازدانە لە مانای وشەکاندا هەندێکجار زۆر ناسک و تەنک و بە ئاستەم دەبینرێ و بەحاڵ هەستپێدەکرێت.
دووەم/ دێڕی یەکەم بابەتێک دەخاتەڕوو، دێڕی دووەم و سێیەمیش بابەتێکیتر دەخەنەڕوو کە بەشێوەی (دژ) یان (هارمۆنی) دەیبەستنەوە بە بابەتی یەکەمەوە. 
باشۆ، یەکێکە لە گەورەترین شاعیرەکانی هایکو، دوای خوێندنەوەی شیعرێکی (کیکاکو)ی قوتابی میراتگرەوەی پێی دەڵێت: "ئارەزووی سەرسامکردنی خوێنەرت زۆر لاوازە. خۆت سەرقاڵ کردووە بە دۆزینەوەی وێنەی شیعریی زۆرجوان و نایاب بۆ شتە هەرە دوورەکان؛ کەچی بۆ شتە هەرە نزیکەکان هەر هیچت نەکردووە." 
لە شیعرەکانی باشۆدا، سروشت بەشێوەیەکی گشتی بانگ دەکرێ بۆ گوزارشتکردن لەخۆی: ئاو، بەرد، گوڵ، خۆر، هەور، ئەستێرە، رووەک، دەریا، با، مەل...هتد. لەگەڵ ئەمەشدا، تێکڕای خۆشی و ناخۆشییەکانی مرۆڤیش بانگ دەکرێن. هەموو شتێک، وەک خۆیان دەڵێن: (کامی - Kami)یە. واتە خوداییە، لەناو ئەم ئەتمۆسفێرەدا، شاعیریش جەستەو رۆحی هێندە بەناو یەکتردا دەچن، دەبنە یەک شت، یەک یەکەی تۆکمە، ئیتر لەو ژینگە ئیستایکییەی بیرکردنەوەدا دەمێننەوە. 
هایکو لە ژاپۆن لەسەدەی حەڤدەهەمدا سەریهەڵداوە. هایکو لە شیعری (تانکا- Tanka)ەوە پەیدابووە. تانکا فۆرمێکی شیعر بووە کە لە سیویەک بڕگە پێکهاتووە. شیعری تانکا لە سەرەتاکانی سەدەی چوارەمەوە لە ژاپۆن نووسراوە. تانکا پێکدێت لە پێنج دێڕەشیعر کە هەر دێڕەی لە چەند بڕگەیەکی دیاریکراو پێکهاتووە، بەمشێوەیە: 5، 7، 5، 7، 7. بە سڕینەوەی دوو دێڕی کۆتایی، هایکو دروستبووە. کە (5،7،5) بڕگەن. 
یەکەمین ئەنتۆلۆژیای شیعری ژاپۆنی بە ناونیشانی "مانیۆسو"ە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەشتەم. ئەم ئەنتۆلۆژیایە پێکهاتووە لە چوارهەزار و پێنجسەد شیعری جۆراوجۆر لە دووتوێی بیست بەرگدا. 
بەپێی ئامارێک لە ژاپۆندا، زیاتر لە دە ملیۆن کەس ئارەزووی نووسین و خوێندنەوەی هایکویان هەیە. چەندین گروپی چالاکی شاعیران هەن (کە پێیاندەڵێن هایجینەکان) کە بەردەوام کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆ و قسەکردن لە بارەی هایکووەوە. سەرجەم گۆڤار و رۆژنامە گەورەکانی ژاپۆن، گۆشە و ستوونی تایبەتیان بۆ هایکو تەرخان کردووە.

-شاعیرە هایکونووسە کلاسیکیە ناودارەکانی ژاپۆن:-
(1- ماتسۆ باشۆ، 2- یۆسا بوسۆن، 3- کۆبایاشی ئیسا، 4- ماساۆکا شیکی)
-یەکەم: ماتسۆ باشۆ (1644 – 1694)

باشۆ (باهـ-شۆهـ) نازناوی شیعریی، شاعیری گەورەی ژاپۆنی ماتسۆ مونێفوسا (1694-1644)یە، ئەم شاعیرە بە یەکێک لە گرنگترین شاعیرانی هایکونووسی ژاپۆنی دادەنرێت بەدرێژایی ئەو سەردەمانەی ئەمجۆرە شیعرە لە ئەدەبیاتی ژاپۆنیدا سەریهەڵداوە. لە یەکێک لە بەناوبانگترین خێزانە ساموراییە دەسەڵاتدارەکانی ژاپۆندا لە دایکبووە، بەڵام هەر زوو دژی ئەو دەسەڵات و دەوڵەمەندییە بووەو رەتیکردۆتەوە، وەک گەڕیدەیەکی بێلانەو دەروێشێکی قەلەندەر ژیاوە. لە سەرەتای لاوێتیەوە (زین - Zen)و مێژووی شیعری کلاسیکی چینی خوێندووە، لە ژیان و گوزەرانێکی هەژارانەدا بووە، بە داهاتێکی ئێجگار کەمی کۆمەکی هاوڕێیان و بەخشینی قوتابیەکانی ژیاوە. لە ساڵی (1667)ەوە لە شاری ئێدۆ (تۆکیۆی ئێستا)دا ژیاوە، هەر لەم شارەدا دەستیکردووە بە نووسینی شیعری هایکو.
بەدرێژایی چەندین سەدە تا ئێستاش، باشۆ خۆشەویستترین شاعیری ژاپۆنە، ئەمەش لەلایەک لەبەرئەوەی ژاپۆنییەکان لە بەرهەمەکانی ئەودا سەرتاپای رۆحی ئەدەبیاتی ترادیشناڵی خۆیان دەبیننەوە و لەلایەکی ترەوە لەبەرئەوەی باشۆ توانی شیعری هایکو تێکەڵ بە جووڵەی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان بکات، توانی زیاتر لە ژیان و وجود نزیکی بکاتەوە و لە کۆت و زنجیری ستایلە شیعرییەکان ئازادی بکات. 
پێکهاتەی شیعری هایکوی ئەم شاعیرە، نیشانەی سادەیی ژیانی بیرکردنەوە و لێکدانەوەیەتی. کاتێک ماتسوۆ هەستیکرد کە پێویستی بە ژیانە لە تەنیاییداو دابڕان لە خەڵک، خۆی لە هەموو کارێک خانەنشین کردو روویکردە (باش-ئان)ەکەی، کە کوخێکی سادەی دروستکراوبوو لە گەڵاو چڵی دارمۆز، کە بە ژاپۆنی پێیدەوترێت (باشۆ)، هەر لێرەوە ئەم نازناوە شیعرییەی بۆ خۆی دانا.
 باشۆ خەسڵەتێکی عیرفانی بەخشی بە زۆرینەی شیعرەکانی و هەوڵیدا بۆ گوزارشتکردن لە بابەتە گەردوونییەکان، وێنەی سادەوساکاری سروشتی بەکاربێنێ، وەک سیتاڤی* مانگ، یان کێچ و ئەسپێی کوخەکەی. باشۆ لەژێر کاریگەریی ژیانی شەخسی خۆیدا، وەک شوێنکەوتوویەکی (زین)، توانی ستایڵێکی جوانی بێهاوتا (فوگا – نۆ – میکی) بهێنێتە ناو هایکو و خۆی لە خودی شیعر نزیک بکاتەوە وەک مۆدێلێک بۆ ژیان و (کادۆ، رێگای شیعر)، ئەمەش لەو باوەڕەوە کە شیعر دەتوانێ ببێتە کانگایەک یان سەرچاوەیەک بۆ کامڵبوون و ئەرێنیبوونی فیکرو رۆشنبیریی. دەڵێت: "لەو مۆدێلە عیرفانییەی ژیاندا، لەگەڵ شیعردا ئاوێتە ببەو فیکرو رۆشنبیری خۆت کامڵ بکە، پاشان بگەڕێرەوە بۆ جیهانی مرۆڤایەتی." هەروەها دەڵێت: "مەچۆ دوای رێبازی شاعیرە گەورەکان بکەوی، بچۆ بۆ ئەوە بگەڕێ کە ئەوان بەدوایدا وێڵ بوون." ستایلە جوان و بێهاوتاکەی باشۆ، بەبێ ئەو تانوپۆو نەخش و نیگارانەیە کە وابەستەن بە جوانیی، بەڵکو ئەو وێڵبوو بەدوای جیهانبینییە راستەقینەکەی "پیرێتی"دا. سەرنج و بەئاگاییەکانی باشۆ بەرامبەر بە جیهانی سروشتی، توانی فۆڕمی ئەم شیعرانە لە شیعری سادەی بێمانای سەرگەرمییەوە بگۆڕێ بە ژانرێکی زۆر گرنگی شیعری ژاپۆنی. 
باشۆی شاعیر لە دوا دەیەی تەمەنیدا، چەند گەشتێکی کرد، بوونە سەرچاوەی ئیلهام بۆ هەڵکۆڵینی وێنە و ساتەوەختی شیعری، شیعرە ئەندێشەئامێزەکانی. هەروەها لەو گەشتانەدا توانی هاوکاری شاعیرانی وڵاتەکەی بکات لەبارەی فۆرمی پێکەوەبەستنەوەی دێڕە شیعرەکان لەو شێوازە شیعرەی کە بە (رێنگا - Renga*) ناسرابوو. باشۆ سەرەڕای ئەوەی کە گەورەترین شاعیری هایکوو رێنگا بوو، (هایبون - Haibun*)یشی نووسیوە، لە نووسینی شیعرو کورتە پەخشان و گەشتنامەشدا بێهاوتابووە، وەک ئۆکو-نۆ-هۆسۆمیکی (دوا گەشت بۆ ناوچەکانی باکوور) کە ساڵی 1689 نووسیویەتی؛ کە تا ئەمڕۆش لە ئەدەبیاتی جیهاندا شاکارێکی بێوێنەیە. چەند نمونەیەک لە هایکوەکانی:

بێدەنگیی:
بەرد دەڕنێ
دەنگی زیکزیکەکان
  
وەرزی بارانبارین:
سەرلەنوێ قژم پەرش دەبێ
بە دەوری سیمای رەنگپەڕیومدا

لەناو دەریا تاریکەکەدا  
قیڕەی قازە کێوییەکان
سپی دەچنەوە
  
مردن نامێنێ ...
دوای چەندەها شەوی سەفەر
لە خۆرئاوابوونێکی پایزدا
  
لێرە
تەنها شتە فرێشەکان  
دەگەنە چاوەکانی من

لە نێو پیرە گۆمەکەدا 
بۆقێک بازیدا.
شڵپەی ئاوەکە.
  
سەدای زەنگی پەرستگاکە رەوییەوە؛
بۆنی ناسکی گوڵەکان بڵاوبۆوە؛
ئیدی ئێوارەیە.
  
لە شاری یۆشینۆ
گوڵە گێلاسەکان دێننە بەرچاو:
سەرو قژی سنەوبەرەکان
  
بارانی سەرەتای هاوین:
قاچی لەقلەقەکان  
دەنووشتێنەوە
  
خەتای بەهارە:
لە نێوان مەلەکان گریان
لە چاوی ماسییەکاندا فرمێسک 

گفتوگۆ گەرمە
لە نێوان ماڵی پاسارییەکان و
کونی مشکەکاندا
 
چۆلەکەی هاوڕێم،
ژیانی ئەو مێشە بپارێزە 
کە لە نێو گوڵەکاندا یاریی دەکات 
 
ئێوارە:
لە نێو گوڵەکاندا وندەبن
دەنگدانەوەی زەنگەکان
  
کاری بەهارە:
گردۆڵکەیەکی بێ ناو
بەیانیان تەم دایدەپۆشێ
  
گیای هاوینە:
بۆ زۆر لە جەنگاوەرەکان
کۆتایی خەونێکە
  
دارمۆزێک لەبەر رێژنەی باراندا:
چۆڕانەوەی ئاو بۆ ناو گۆمەکە
لەتوپەت دەکا لە من شەوەکە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان