لە نێوان ئەمریکای بەکاربەر و چینی هاوردەکاردا

مەترسیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت

10:54 - 2024-04-04
ئابووری
69 جار خوێندراوەتەوە
# بەرزبوونەوەی نرخی نەوت

ئا: لاپەڕەی ئابووری


لەماوەی پێشوودا نرخی نەوتی خاوی برێنت لە 89 دۆلار نزیکبووەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دابینکردنی نەوت رووبەڕووی هەڕەشەی نوێ بووەوە بەتایبەتی لەگەڵ دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر دامەزراوەکانی بواری وزەی روسیا و پەرەسەندنی ململانێکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دەوڵەمەند بە نەوت، ئەمەش لە ئەنجامی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس.
 هەروەها سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی نەوت کە لەلایەن رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و هاوپەیمانەکانییەوە سەپێنراوە، لەگەڵ چاوەڕوانییە بەهێزەکان بۆ بەکارهێنان لەمساڵدا، هەموو ئەمانە یارمەتیدەر بوون بۆ بەرزکردنەوەی نرخەکان. بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش کاریگەری بەسەر تەواوی کەرتەکانی تری ئابوورییەوە دەبێت، هەربۆیە ئەم بەرزبوونەوەیە بۆتە مایەی ترس لەلای چاودێرانی ئابووری. 

هۆکارەکان
هەفتەی پێشوو ئۆکرانیا بۆردومانی یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگەکانی روسیای کرد، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا بە دووری 1300 کیلۆمەتر لە هێڵی پێشەوەی ئۆکرانیا، کە روسیا سەرەتا رایگەیاندبوو کە بەرپەرچیان دەداتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز شیکارییەکی بۆ وێنەکان کردووە، تێیدا کاریگەریی هێرشەکە پیشان دەدات، ئاماژە بەوە دەکات کە بەر یەکەی سەرەکی پاڵاوگە نەوتییەکە کەوتووە، کۆی توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی پاڵاوگەکە دەگاتە 340 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. ئەمەش کاریگەری گەورەی بەسەر بەرهەمهێنانی نەوتی روسیاوە دەبێت.

ئێران و ئیسرائیل
هەتا دێت کێشەو ململانێکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا گەرمتر دەبن، بەتایبەتی لەپاش پەلاماردانی کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق لەلایەن ئیسرائیلەوە. ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە وەڵامی هێرشێکی ئاسمانی کە گومانی لێدەکرێت لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کرابێت، تۆڵەی خۆی دەکاتەوە. لە لایەکی ترەوە ئاژانسی هەواڵی کاری ئێران لە زاری محەمەد رزڤانیفار، سەرۆکی دەستەی گومرگی ئێرانەوە رایگەیاندووە، کۆی داهاتی هەناردەی نەوتی ئێران لە 12 مانگی رابردوودا تا مانگی ئازاری ئەمساڵ گەیشتۆتە35.820240 ملیار دۆلار .
هەرچەندە ئەمریکا لە ساڵی 2018دا سزاکانی بەسەر تاراندا سەپاندەوە، بەڵام بەهۆی کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن چینەوە، رێگەی بەو وڵاتە داوە، کەلە بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوام بێت.

 

ئەوەی پاڵپشتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی کرد، زۆربوونی داواکاریی چینە بۆ نەوت لە مانگی ئازاردا

ئۆپێک پڵەس
بازاڕەکانی جیهان چاوەڕوانی کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس دەکەن کە لە  13 ئەندامی ئۆپێک و 10 وڵاتی دیکەی هەناردەکاری نەوت بە سەرۆکایەتی روسیا پێکدێت، کە وابڕیارە  پێداچوونەوە بۆ جێبەجێکردنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی گروپەکە دەکەن.

کەمکردنەوەی بەرهەم
بڕیارە هاوپەیمانییەکە تا کۆتایی چارەکی دووەمی ئەمساڵ، لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی خۆبەخشانەی ئێستای 2.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بپارێزێت. لە مانگی رابردوودا بەرهەمی ئۆپێک بە رێژەی 50 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمیکردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کەمکردنەوەی خۆبەخشانە و هەندێک کاریگەریی هەیە .
ئەوەی پاڵپشتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی کرد، زۆربوونی داواکاری چینە  بۆ نەوت لە مانگی ئازاردا، کە ئەمەش  یەکەمجارە لە دوای 6 مانگدا داواکاری چین بۆ نەوت زیاتر بێت. لە ئەمریکاش بۆ یەکەمجار لەدوای  ساڵ و نیوێک، داواکاری لەسەر نەوت زیادییکرد،  کە بازاڕەکانیش بە زیادبوونی خواستی جیهان لەسەر نەوتیان زانی، یەکسەر نرخی نەوت بەرزبوویەوە. جێگەی ئاماژەیە چین گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاوە لە جیهاندا، لە کاتێکدا ئەمریکا گەورەترین بەکاربەرە.

سەرچاوە: جەزیرە

بابەتە پەیوەندیدارەکان