گەشەپێدانی کشتوکاڵ لە پارێزگای سلێمانی

10:25 - 2024-04-07
ئابووری
74 جار خوێندراوەتەوە

سەرهەد تاریق محەمەد

 پۆند یان (گۆماو) بە شێوەیەک لە شێوەکانی کۆکردنەوە، یان گەنجینەکردنی ئاو هەژمار دەکرێت، لە وەرزی داباریندا و پاشان وەبەرهێنانی لە وەرزی بارانبڕاندا. کە چەندین مەبەستی وەک کشتوکاڵ و دابینکردنی ئاو بۆ ئاژەڵداریی و بەخێوکردنی پەلەوەری ئاویی و ماڵی و دابینکردنی ئاو بۆ چالاکییە گەشتوگوزارییەکان بەکاردێت. لە دێر زەمانەوە دانیشتوانی کۆنی کوردستان و عیراق، وەک ئەکەدی، ئاشوری، ساسانی و بابلییەکان گۆماویان دروست کردووە بە مەبەستی دابینکردنی ئاو لە وەرزە وشکەکاندا بۆ کشتوکاڵ.
لەم ساڵانەی دواییدا پۆند لە لایەن گوندنشینان و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گرنگی و بایەخی زیاتری پێدراوە. لەبەر کەمی توانای دارایی حکومەت بۆ ئەنجامدانی بەنداو، تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی نزیکەی (25) بەنداوی بچوک دروست بکات لە کۆی (250) بەنداوی پیشنیارکراو لە لایەن وەزارەتی کشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاوەوە، ئەمەش رێژەیەکی زۆر کەمە لە چاو پێداویستییەکانی ئاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و قەتیسبوونی باران. نەبوونی دۆخی سروشتی گونجاو بۆ دروستکردنی بەنداو لە هەندێک لە ناوچەکانی کوردستان، وەک نەبوونی گەرووی تەنگ و  پێکهاتەی جیۆلۆجی گونجاو بۆ دروستکردنی بەنداو، هاندەرێکی بەهێزە بۆ دروستکردنی پۆند لەبەرئەوە دروستکردنی پۆند زۆر گرنگە بۆ بەرجەستەکردنی پێداویستییەکانی ئاو، کە بنەمای گەشەکردنی کشتوکاڵە.
لە خشتەی (1)وە توانای گەنجینەکردنی پۆنداوە حکومییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەردەکەوێت، گەورەترین پۆنداو، پۆنداوی (چەمی قەڵایە)، کە توانای گەنجینەکردنی بڕی (321000م3) ئاوی هەیە، هەروەها بچوکترین پۆنداو، پۆنداوی (دەرەگورگانە)، کە توانای گەنجینەکردنی (20000م3) ئاوی هەیە. هەروەها لەو خشتەیەوە دەردەکەوێت کە هەرچەندە توانای گەنجینەکردنی ئاوی پۆنداوەکانی سەرەوە زۆر سنووردارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە کارێکی زۆر گرنگ هەژمار دەکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی قەتیسبوونی باران و وشكە ساڵی. گەشەپێدانی ژمارەی پۆنداوەکان و ئەنجامدانی پۆنداوی گەورەتر بۆ زیاتر گەنجینەکردنی ئاو رۆڵیکی گەورەی دەبێت لەسەر زیادکردنی رووبەری ئاودێریی و دابینکردنی ئاو بۆ مەبەستی جیاجیا.

لەم ساڵانەی دواییدا پۆند(گۆماو) لە لایەن گوندنشینان و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بایەخی زیاتری پێدراوە

لە خشتەی (2)دا بڕی دابارینی ساڵانە لە وێستگەی کەشناسی شاری سلێمانی لە نێوان ساڵانی (1973-2021) دەردەکەوێت و دیاردەی وشکەساڵی لە ساڵانی    (1998) و (2021) و ساڵی (1999) دەبینرێت، هەرچەندە ساڵی (1999) زۆر وشک نەبووە بۆ بەروبوومی زستانە (395ملم) بارانی ساڵانە باریووە، بەڵام ساڵی پێشووتری زۆر وشک بووە (230ملم) باران  باریوە، لەبەرئەوە ساڵی (1999)ش وەک ساڵێکی وشک هەژمار دەکرێت لەسەر بنەمای بڕی دابارینی ساڵانە، کە ئەگەر لە (300ملم) کەمتر بوو، بە ساڵێکی نیمچە وشک هەژمار دەکرێت. بۆ بەروبوومی زستانەکان کە بەشی پێداویستی بەروبوومی گەنم ناکات کە پێویستی بە (400ملم) بارانی ساڵانەیە. 
بەڵام هەر سێ ساڵەکە، بە سێ ساڵی زۆر وشک هەژمار دەکرێن بۆ بەروبوومە هاوینەییەکان، کە بە لایەنی کەمەوە پێویستییان بە(600ملم) بارانی ساڵانە هەیە بۆ چالاکبوونی کانی و کارێز و سەرچاوەکانی ئاو، کە زۆربەی جوتیاران و خاوەن کێڵگەکان لەو ساڵانەدا ئاژەڵەکانیان دەکەنە ناو کێڵگەکانی گەنمەوە و لە زۆر شوێن باڵای گەنمەکە بە رادەیەک لاواز و کورت دەبێت، گونجاو نابێت بۆ دروێنەکردن بە ئامێری دەڕاسە، هەروەها لە ساڵی (2021) دابارین بە بڕی (284.9ملم) بووە، کە بە ساڵێکی زۆر وشک هەژمار دەکرێت، بە جۆرێک زۆربەی بەروبوومە زستانییەکان وشکبوون، یاخود زۆر لاوازبوون، بە تایبەت لەو جۆرە خاکانەی کە لماوین. لەو ساڵانەدا بەنداو و پۆندەکان رۆڵێکی گرنگ دەبینن بۆ بەرجەستەکردنی ئاو بۆ بەروبوومە زستانییەکانی وەک گەنم بە شێوەی ئاوی تەواوکاریی (تکمیلی) بە بڕی (50)ملم بۆ هەر ئاودێرییەک، هەروەها بە پێی پێویست لە قۆناغی گوڵکردن، کە دەکەوێتە سەرەتا بۆ ناوەڕاستی مانگی (4)، هەروەها بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی قەتیسبوونی باران لە وەرزی چاندندا لە ناوەڕاستی مانگی (10)ەوە دەست پێ دەکات تا کۆتایی مانگی (11). 

سەرچاوەکان
1. Mohammed K.M. 1986, Water resource in Diyala river and its utilization in Diyalah- governorate .PHD Dissertation, college of Arts, University of Baghdad.
2. ئومید نوری محمد أمین، (2003)، أسس الحاصلات الزراعیة في المناطق الدیمیة، کلیة الزراعة، جامعة السلێمانیة، الطبعة الاولی، 
3. Jamil jalal Mohammed, Natural Resources and its Utilization for Agricultural, Development in Sulaimani Governorate, university of sulaimani, 2008, P18-103, 104.
4. جمیل جلال محمد، محمود وتمان، وەبەرهێنانی زەوی و دروێنەوی ئاو و پێداویستی هەنووکەی ئاو لە ناحیەی تانجەرۆ، پاریزگای سلێمانی، گۆڤاری زانکۆی ڕاپەڕین، ساڵی سێیەم، ژمارە9، 2016، ل510.
5. بەڕیوەبەرایەتی کشتوکاڵ و  سەرچاوەکانی ئاو، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ و ئاودێریی سلێمانی، ڕێکەوتی 9-6-2023.

بابەتە پەیوەندیدارەکان