عیراق لە 2050 دا دەچێتە ریزی یەکەمەکانی جیهانەوە

09:02 - 2024-04-08
ئابووری
83 جار خوێندراوەتەوە
#چیتر غازی سروشتی لە عیراقدا بەفیرۆ ناچێت

بەپێی راپۆرتێکی کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری غازی سروشتی لە جیهاندا، عیراق لە ساڵی 2050 دەبێتە یەکێک لە وڵاتە گرنگەکانی بەرهەمهێن و هەناردەکاری غازی سروشتی لە جیهاندا و دەتوانێت ساڵانە بڕی 55 ملیار م3 غازی سروشتی بەرهەم بهێنێت. بەمشێوەیەش  غازی سروشتی دەبێتە سەرچاوەیەکی باشی داهات و چیتر نەوت وەکو تاکە سەرچاوەی داهاتی وڵات نامێنێت.  
هەوڵەکانی عیراق
ماوەی چەندین ساڵە عیراق لە هەوڵی ئەوەدایە کە سوود لە غازە سروشتییەکەی وەربگرێت و چیتر بە فیڕۆنەچێت. بۆ ئەم مەبەستەش ساڵی پار رێکەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیای تۆتالی فەرەنسی ئیمزاکردووە بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە عیراقدا بەتایبەتی لە کێڵگەکانی خۆرئاوای قورنە و مەجنون ئارتاوی و توبا. لە رێگەی ئەم رێکەوتنەشەوە  عیراق دەتوانێت سوود لە غازە سروشتییەکەی وەربگرێت کە ماوەی چەندین ساڵە بەفیڕۆ دەچێت، هەروەها بەرهەمی غازی سروشتیش زیاتر بکات.
دابینکردنی پێداویستی ناوخۆ
گەشەپێدانی کەرتی غازی سروشتی جگە لەوەی سەرچاوەیەکی داهاتی باش دەبێت بۆ عیراق، لەهەمانکاتیشدا دەتوانێت پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕبکاتەوە، چونکە بەشێکی زۆری  کارەبای عیراق لەرێگەی غازی سروشتییەوە بەرهەمدێت، بۆ ئەم مەبەستەش ناچارە لە دەرەوەی وڵات غازی سروشتی بکڕێت بەتایبەتی لە ئێران.

 

ماوەی چەندین ساڵە عیراق لە هەوڵی ئەوەدایە کە سوود لە غازە سروشتییەکەی وەربگرێت و
 چیتر بە فیڕۆنەچێت

 

زیادبوونی بەرهەمهێنانی غاز
عیراق لە رووی سامانی غازی سروشتییەوە وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بەڵام نەتوانراوە بە باشی سوود لەم سامانە گرنگە وەربگیرێت، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا حکومەتی عیراقی هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ گەشەپێدانی ئەم کەرتە گرنگەی وزەو ئابووری. جێگەی ئاماژەیە بڕی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی عیراق  لە ساڵی 2022 گەیشتە نزیکەی 15 ملیار م3  لە کاتێکدا لە ساڵی 2013 تەنها 5 ملیار م3 بووە.
رۆڵی نەوت بە بەهێزی دەمێنێتەوە
ئەمڕۆ نەوت وەکو سەرچاوەی سەرەکی داهاتی حکومەتی عیراق دادەنرێت، بەپێی بۆچوونی چاودێرانی ئابووریش بێت، ئەم رۆڵەی نەوت تا چەندین ساڵی تر وەکو خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام پێدەچێت  تا ساڵی 2050 نەوت رێژەکەی بۆ 60 % ی داهاتی عیراق دابەزێت.
 بەفیڕۆدانی غازی سروشتی
عیراق یەکێکە لەو وڵاتانی کە بەهۆی دەرهێنانی نەوتەوە، غازێکی سروشتی زۆری بە فیڕۆدەچێت و هەوڵ نەدراوە سوود لەو غازە سروشتییە وەربگیرێت، هەربۆیە عیراق لە پاش روسیا و ئێران، سێهەم وڵاتە لە جیهاندا لە بەفیڕۆدانی غازی سروشتی.

سەرچاوە: رۆژنامەی الصباح

بابەتە پەیوەندیدارەکان