دووهێندەبوونی مەینەتییەکانی ژنان لە ئەنفالدا

11:26 - 2024-04-14
دووتوێ
458 جار خوێندراوەتەوە

کەژاڵ ئەحمەد

ئەنفال ئەو زامە هەرگیز ساڕێژنەبووەی کوردە کە دوای تێپەڕبوونی 36 ساڵ هێشتا هەر دەکولێتەوە و هەردەم ئازاری زۆرە، ئەوانەی ئەنفالکران کوردبوون و ناسنامەی مەزڵومییەتی میللەتەکەمانن، ئەوانەی بە حوکمی دڕندانەی بەعس ئەنفالکردنیان بە رەوا زانرا، پیاو و ژن و منداڵ و گوند و سەروەت و سامانی کوردستان بوون، کە دەمەوێت بەشێوەیەکی تایبەت باس لە قوربانیانی ژن بکەم لە هێرشی ئەنفالدا هۆکارەکەی دوو هێندەبوونی مەینەتییەکانی ژنە لە ئەنفالدا.
 بیهێنەرە بەرچاوی خۆت کاتێک دایکەکان خۆیان و کۆرپەکانی سکیان بەرەو ئەو چارەنووسە رەشە براون، یەکێک لە پسپۆڕەکانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان باس لە دایکێکی دووگیان دەکات لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا ئێسکەکانی خۆی و کۆرپەکەی ناو رەحمی دۆزراونەتەوە، ئەم دایکە پشتی دەستی کون بووە بە فیشەک، ئەمە مانای وایە لەکاتی گولـلەبارانکردنیاندا بەرلەوەی بە شۆفڵ خۆڵ بکەن بەسەریاندا، ویستوێتی منداڵەکەی سکی لە گولـلەکان بپارێزێت، هیچی شک نەبردووە دەستەکانی خۆی نەبێت، ئەم پاڵەوانی مەحەبەتە بەتەنیا هەر دایکە کە لە هەموو دۆخێکدا بە میهرەبانییەکەی سەرساممان دەکات. 
پەیکەری دایکی ئەنفال لە ناحییەی رزگاریی سەربە قەزای کەلار لایەنێکی دیکەی تراژیدیی ژنانی دوای ئەنفالمان نیشاندەدات. دیمەنی ژنێکی بەجێماو لە ئەنفال کە بە دەستێکی داسێکی دروێنەی هەڵگرتووە و دەستی چاوەڕوانیی لەسەر ناوچەوانی داناوە و سەیری رێگەیەکی دوور و ئاسۆیەکی نادیار و تەڵخ دەکات، پەیکەرەکە وا دروستکراوە دایکەکە جلێکی کوردیی ژنانەی لەبەردایە و شەرواڵێکی پیاوانەی بەسەردا کردووە. بەڵی ژنانی پاشماوەی ئەنفال شانیاندایە بەر کارکردن بۆ پەیداکردنی بژێویی خۆیان و منداڵەکانیان، دوای ئەوەی سوپاکەی سەدام هەموو شتێکی بردن، گوندەکەیان و بەروبوومی ساڵەکەیان و کەلوپەلی ماڵەکانیان و مەڕو ماڵات و کەرەستەکانی جووتیاریی و هەموو جۆرە پیشەیەکیان. 
سڵاو لەو ژنانەی رۆڵی دایک و باوکیشیان بینی،لەو جمکانەی یەکێک لە جمکەکانیان شەپۆلی ئەنفال بردی و یەکێکیان ئازایانە لەگەڵ ئەو ئازارەدا مایەوە، لە هەموو ئەو ژنە بەتەمەنانەی یادی ئەنفالیان بە لاواندنەوە بە سوێکانیان لەویژدانی مرۆڤایەتیدا بەزیندوو هێشتەوە.
هەر لە کەیسی پڕ ئازاری ژنانی پاشماوەی ئەنفالدا داخی گرانی ئەو پاکیزانە هەن کە نازانرێت بەرەو کوێ براون و بەکێ فرۆشراون؟ تاوانەکەی سەرانی بەعس دەرهەق بە کورد بەگشتی و دەرهەق بە ژنی کورد بەتایبەتی لێخۆشبوونی نییە، گەورەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە کە تائێستایش ئاکام و دەرهاویشتەکانی ماون، وەک بابەتەکانی نەدۆزینەوەی تەرمی تەواوی قوربانییەکانی ئەنفال و هەڵەبجە و جینۆسایدەکانی دیکەی بەعس، منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە، چارەنووسی نادیاری ژمارەیەک لە قوربانییەکان کە بەشێک لەوانە ژنن. 
سەرگەردانی و ژیانی کولەمەرگیی و هەژارانەی نەوەکانی ئەنفالکراوان، تاقانەکانی ئەنفال و بێ ناسنامەیی کوردی فەیلی و  زۆر کێشەی تر کە چارەسەرکردنیان ساڵانێکی دیکەی دەوێت پاش نەمانی حوکمی بەعسیش، هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت. 
لە یادی ئەنفالدا دەڵێم (رفقا بالقواریر) تکایە وریای شووشەکان بن، ژنان شووشە  بێ رتووش و روون و جوانەکانی قافڵەی خەمباری ئەنفالن، بەڕێز و حومەتەوە سەیری باڵای قوربانیی و زەحمەت و خەباتەکەیان بکەن. بە فەخرەوە لە بەخششەکانیان بڕوانن، ئاوڕدانەوە لە ژنانی بەجێماو لە ئەنفال، ئاوڕدانەوەیە لە هەلی زیندوومانەوەی رەوشتی سیاسی و ئینسانییەتتان.

#ئەنفال

بابەتە پەیوەندیدارەکان