وردەکاریی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی کۆماندۆی کوردستان و دژەتیرۆری عیراق و لیوای 16 و هاوپەیمانان

09:41 - 2024-04-16
کوردستان
102 جار خوێندراوەتەوە

ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكەی هێزی كۆماندۆی كوردستان و دژەتیرۆری عیراق و لیوای 16ی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان بۆ سەر حەشارگە و مۆڵگەكانی دا*ع*ش لە سنووری قەزای كفری كۆتایی هات و پێنج تیرۆرستی دا*ع*ش كوژران، كە دوو لە تیرۆرستان پلەی ئەمیریان هەبووە.

پاش بەدەستهێنانی زانیاری ورد و دروست لە لایەن هێزەكانی كۆماندۆوە لە جموجوڵی ژمارەیەك تیرۆرست و بوونی چەند حەشارگەیەكی چەك و تەقەمەنی لەو ناوچەیەدا، سەعات 6ی بەیانی رۆژی سێشەممە  16ی نیسانی 2024 فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان و دژەتیرۆری عیراق و لیوای 16ی وەزارەتی پێشمەرگە ئۆپراسیۆنێكیان بۆ سەر مۆڵگەكانی تیرۆرستانی دا*ع*ش لە ناوچەی تاوێركەوەی سنووری قەزای كفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان ئەنجامدا.
فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان و عیراق لە ئاسمانەوە بۆردومانی چەند حەشارگەیەكی دا*ع*شیان كرد و لە زەمینیشەوە هێزەكانی كۆماندۆ و لیوای 16ی وەزارەتی پێشمەرگە و دژەتیرۆری عیراق لە چەند قۆڵێكەوە هێرشیان كردەسەر مۆڵگە و حەشارگەكانی تیرۆرستان.
لە ئۆپراسیۆنەكەدا، چەند حەشارگەیەك لەناو بران و لاشەی پێنج تیرۆریستیش كەوتە دەست  "كوڕانی كۆماندۆ"، كە دوو لە تیرۆرستان پلەی ئەمیریان هەبووە، هاوكات دەست بەسەر بڕێكی زۆر چەك و تەقەمەنی و ماتۆرسكیلدا گیرا، هیچ زیانێكیش بەر هێزە هاوبەشەكانی ئۆپراسیۆنەكە نەكەوت.

جارێكی دیكە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە، كە بە خوێنمان هاوشێوەی شەهیدی فەرماندە "ئاكام عومەر" دەبینە قەڵغان و سوپەری پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان.

راگەیاندنی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان 
16ی نیسانی 2024

#هیزی کۆماندۆی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان