د. ئیدریس ئەحمەد: لۆگۆی زەیتی زەیتوونی حەلەبی سورییان لێداوە، بەو پێیەی حەلەب بە زەیتوونی باش بەناوبانگە

زەیتی زەیتونە ساختەکە چۆن دروستکراوە؟

10:07 - 2024-04-17
ئابووری
74 جار خوێندراوەتەوە

لە ماڵێکدا لە گەڕەکی بەختیاریی شاری سلێمانی، دەست بەسەر بڕێکی زۆر زەیتی ئاسایی و مادەی شەمعدا گیرا کە خاوەنەکەی لە ماڵەکەدا  تێکەڵی کردووە و گیراوەیەکی لێ دروستکردووە و لەڕێگەی ئۆنلایەنەوە بە زەیتی زەیتون فرۆشتویەتی. کارەکەش پاش ئەوە ئاشکرا بووە کە لەو ماڵەدا ئاگر کەوتۆتەوە و بەهۆیەوە خاوەنی کارگەکە سووتاوە، لە کاتی گەیشتنی پۆلیسیش بۆ شوێنی رووداوەکە، کارەکەیان ئاشکرا بووە.
رەنگی مۆم
بەوتەی  د.ئیدریس ئەحمەد،  نوێنەری تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئەو کەسانەی کارەکەیان کردووە، خانویەکیان بەکرێ گرتووە و دواتر بە نایاسایی کارگەیەکیان تێدا دروستکردووە. لە کارگەکەدا مادەیەکی کیماییان هێناوە کە بە (رەنگی مۆم) ناودەبرێت و بە گەرمکردن یان سووتاندن ئەکتیڤ دەبێت، دواتر تێکەڵی زەیتەکە دەکرێت و رەنگی سەوز بە زەیتەکە دەدات و وا دەردەکەوێت کە زەیتی زەیتونە.
لۆگۆی زەیتی زەیتوونی حەلەبی سورییان  لێداوە
ئەو کەسانە پاش ئەوەی کارەکەیان کردووە، لۆگۆی زەیتی زەیتوونی حەلەبی سورییان  لێداوە، بەو پێیەی حەلەب بە زەیتیوونی باش بەناوبانگە، پاشان زەیتوونەکەیان  لە رێگەی ئۆنلاینەوە فرۆشتۆتەوە.

 

بەکارهێنانی ئەو زەیتە زیانی تەندروستیی هەیە بۆ کۆئەندامی هەرس و هەناسە و تێکچوونی هۆرمۆنەکان و دروستبوونی هەستیاریی سەر پێست و هۆکارێکیشە بۆ نەزۆکی

 

زیانی تەندروستی هەیە
بەوتەی  نوێنەری تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، بەکارهێنانی ئەو زەیتە زیانی تەندروستیی هەیە بۆ کۆئەندامی هەرس و هەناسە و تێکچوونی هۆرمۆنەکان و دروستبوونی هەستیاریی سەر پێست و هۆکارێکیشە بۆ نەزۆکی.
لە رێگای ئۆنلاینەوە بووە 
هەرچەندە کڕین و فرۆشتنی زەیەتەکە لە رێگای ئۆنلاینەوە بووە، بەڵام قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشیاری بە مارکێتەکان داوە و رایگەیاندووە کە مامەڵە بە زەیتەکەوە نەکەن و رادەستی لیژنەکانی قائیمقامیەتی بکەنەوە.
پاش ئەم رووداوە خاوەنی کارگەکە لە ئاگرکەوتەوەکەدا گیانی لەدەستداوە، بەڵام کەسێکی دیکە کە هاوکاری بووە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان