سالۆمی لە سینەمادا گەورە بوو

09:30 - 2024-04-18
ئەدەب و هونەر
71 جار خوێندراوەتەوە

شارا نەوزاد

سالۆمی ستیڤێنین سیناریست و ئەكتەری گەنجی فەرەنسی یەكێكە لەو هونەرمەندانەی لە منداڵییەوە لە كەشێكی سینەماییدا ژیاوە، بەو پێیەی باوكی و براكانی لە بوارەكەدابوون و هاوپیشەی بوون، ئەمەش وای كردووە سالۆمی زۆر بە ئاسانی هەلی چوونە نێو ئەو بوارەی بۆ بڕەخسێ و ببێت بە ئەكتەرێكی باش.  سالۆمی ساڵی 1985 لە پاریس لەدایكبووە، كچی دەرهێنەر و ئەكتەری ناودار ژان فرانسوا ستیڤینینە و خوشكی ساگامۆر ستیڤینین و رۆبنسن و پیێر ستیڤینینە كە ئەوانیش وەك ئەم ئەكتەرن. سالۆمی لە منداڵییەوە رۆڵی بینیوە و لە تەك باوكیدا بەشداری لە فیلمەكاندا كردووە. وردە وردە وەك ئەكتەرێك دەركەوتووە و لە چەندین فیلمدا رۆڵی بینیوە، لەوانە لە فیلمە تەلەفزیۆنییەكانی وەك كریسمس و دوایی، رۆن لەسەر ئاگر، كلارا... بەهۆی رۆڵەكانییەوە توانیوێتی وەك ئەكتەرێكی باش جێگەی خۆی بكاتەوە و چەند خەڵاتێك بەدەست بهێنێ، یەكێك لەو خەڵاتانە، خەڵاتی هیوای گەنجی مێینەی تەلەفزیۆنی لە فێستیڤاڵی خەیاڵی بەدەستهێنا. سالۆمی لە كەشێكی هونەریدا گەورەبووە و هەر لە منداڵییەوە لەنێو ئەو هونەرەدابووە و چاوی كردۆتەوە لە تەك باوكیدا بووە، ئەمەش وای كرد سالۆمی بە ئاسانی لەو بوارەدا جێگەی خۆی بكاتەوە. یەكێك لەو فیلمانەی سالۆمی رۆڵی تێدا بینیوە، فیلمی  عومەر كوشتمی. ئەم فیلمە ساڵی 2011 بەرهەم هێنراوە و لە دەرهێنانی رۆشدی زێمە و فیلمێكی مەغریبی – فەرەنسییە و بۆ باشترین فیلمی زمانی بیانی لە هەشتاوچوارەمین خەڵاتی ئۆسكاردا هەڵبژێردراوە. سالۆمی لەم فیلمەدا لەتەك كۆمەڵێك ئەكتەری وەك سامی بواجیلا ودێنیس پۆدالیدێس و مۆریس بێنیچۆ و پاسكال ئێلسۆ و رۆڵی بینیوە و توانیوێتی بە باشی رۆڵەكەی خۆی بگێڕێ. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان