كەركوك و چوار كتێبخانە

09:36 - 2024-04-18
ئەدەب و هونەر
134 جار خوێندراوەتەوە

لەتیف هەڵمەت

 

ئەم نووسینەم باسی  مێژووی كتێبخانە كوردێكانی كەركوك نییە، بەڵكو باسی چوار كتێبخانەی كوردییە كە خۆم هاوچەرخیان بووم و بەڕای من لە كات و دەمی خۆیاندا هەرچواریان ببوون بەسەنتەری رۆشنبیریی و كوردایەتی لە كەركووك دا.

كتێبخانەكەی محەمەد ئەمین عەسری
چوار كتێبخانەی كوردی لە كەركوكدا هەبوون، ئەگەر ئێستا مابێتن و نەمابێتن هەتا هەتایە ناونیشانی كوردستانێتی كەركوكن. یەكەمیان كتێبخانەكەی مامۆستا محەمەد ئەمین عەسری یە، لە بازاڕی حەڵواچییەكان بوو، نەختێك بەرامبەر قاڵیبازاری كەركوك. من لە سەرەتای هەرزەكاریمدا گەلێ كتێبی وەكو رۆستەم و زۆراب و ئەمیر ئەرسەلان و مەنیجە و بێژەن و نوكتەكانی مەلای مەزبوورە و لەیلێ و مەجنوون و شیرین و فەرهاد و یوسف و زولێخام لێ كڕیوە ...
ئەم كتێبخانەیە لەو دەمەدا، لە ساڵانی سستەمی پاشایەتی عێراقەوە تا ناوەندی حەفتاكان دەیان كتێبی داستان و بەسەرهاتی كەلتووری كوردی لەسەر ئەركی خۆی چاپكردووە، من یەكێكم لەو كەسانەی كە لە هیچ قوتابخانەیەك وشەیەكم بە كوردی نەخوێندووە و بەو داستان و دیرۆكە كوردییانە خۆمم فێری خوێندنەوە و نووسینی كوردی كرد و رەنگە ئەو كتێبانەم نەخوێندایەتەوە منیش وەكو بڵند حەیدەری وجەمیل سیدقی زەهاوی و محێدین زەنگنە و كێ و كێی دیكە هەر بە عەرەبی بمنووسیایە. بەڵام من جێی شانازیمە كە بە كوردی نووسیومە و سوێندم ناكەوێ ئەگەر بڵێم لەبەر ئەوەی كورد ئەوەندە ستەمدیدەیە سوێن بەخوا  خوانەخواستە كوردیش نەبوومایە دەبووم بە كورد و بە كوردی دەمنووسی . دەشێ دەیان نووسەری دیكەش لە چاپكراوەكانی كتێبخانەی ناوبراوەوە فێری كوردی بووبێتن و خاوەنی كتێبخانەكە دەهێندەی شۆڕشە چەكدارەكان بەخشش و دەستكەوتی بۆ نەتەوەی كورد دابین كردووە .خۆزگە لەناو بازاڕەكەدا پەیكەرێكی بۆ دەكرا، بەڵام كێ بیكات؟.

رەنگە ئەو كتێبانەم نەخوێندایەتەوە منیش وەكو بڵند حەیدەری وجەمیل سدقی زەهاوی و محێدین زەنگنە و كێ و كێی دیكە هەر بە عەرەبی بمنووسیایە


كتێبخانەی ئاسۆ 

كتێبخانەی دووەم كتێبخانەی ئاسۆ بوو، كە كاك جەبار بەڕێوەی دەبرد. ئەم كتێبخانەیە هەم كتێبخانە بوو هەم قەلەندەرخانەی كوردایەتی و رۆشنبیرییەكی هاوچەرخ... پڕبوو لە كتێبی كوردی و عەرەبی نوێخوازانە و نوێگەری ... رۆژانی دەرچوونی رۆژنامەی هاوكاری و گۆڤاری بەیان خۆی لەخۆی دا جەژنێكی تایبەتی بوو بۆ لاوانی كوردی كەركوك  و لە دەوروبەری كتێبخانەكە كۆدەبوونەوە و ئەم شیعری تیادا بڵاو بوبووە و ئەو چیرۆك و ئەو گوتار و... ئیتر هەر گروپێك و تاوتویی بابەتێكیان دەكرد بێ ئەوەی سڵ لەو سیخوڕانەی رژێم بكەن، كە ئەوناوەیان تەنی بوو . زۆر جار كتێبی قەدەغە دەهات و كاك جەبار لە زەرفی تایبەتیدا بە نهێنی دەیدایە دەستمان و ئیمەش بە نهێنی پارەی كتێبەكەمان دەدایە دەستی و هەمیشە زۆربەی لاوانی خوێن گەرمی شۆڕیجە و سەركاریز و ئیمام قاسم و ئیسكان و ئازادی و رەحیمئاوا و پیریادی‌ و عەرەفە و كوێ و كوێی دیكە و دەیان هونەرمەند و دەیان شاعیری ناسراو و نەناسراو گەمارۆی كتێبخانەی ئاسۆیان دەدا و كتێب و رۆژنامەی كوردی و عەرەبی جۆربەجۆریان دەكڕی و گفتوگۆیان لەسەر دەكرد. من لەگەڵ كتێبخانەی ئاسۆدا بیرەوەری خۆش و جوانم هەیە هەر كاتێ بمویستایە كتێبێك چاپ بكەم دەچووم بە كاك جەبارم دەگوت كتێبێك چاپ دەكەم چەند ژمارەم لێدەكڕی. دەیگوت  پێنج سەد ...  یا دەیگوت هەزار دانە و پێشین پارەی هەمووی یا نیوەی پارەكەی دەدامێ و ئەوە بۆ من كارئاسانییەكی چاپكردن بوو. شایانی باسە ئەویش لەسەر جامخانەی كتێبخانەكەی دەینووسی بەم زووانە دیوانێكی نوێی لەتیف هەڵمەت دەگاتە لامان. ئیتر عاشقانی شیعر پەیتا پەیتا پسووڵەیان بۆ دەستكەوتنی كتێبەكە دەبڕی و پارەی پێشینیان دەدا. لەبیرمە كتێبی "ئەونامانەی كەدایكم نایانخوێنێتەوە" و "جوانترین دێ"م پێكەوە چاپكرد. لە یەكەمیان چوار هەزارم چاپكرد و لە دووەمیان پێنج هەزار و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا فرۆشران. كاك جەبار پێشین پارەی دوو هەزار دانەی لەهەر دوو كتێبەكە دامێ. كتێبخانەی ئاسۆ هەم كتێبخانەبوو هەم بنكەیەكی رۆشنبیریی و كوردایەتی بوو لە كەركوكدا، بووبوو بەبنكەی كوردایەتی و خەڵوەتگەی سەوداسەرانی وشە و كتێبی كوردی.

كتێبخانەی شەعب

كتێبخانەی سێیەم كتێبخانەی شەعب بوو، كاك سەلاح دەیبرد بەڕێوە و دەگوترا هی برادەرانی حزبی شیوعییە، ئەویش هەواداران و كڕیاری تایبەتی كتێبی خۆی هەبوو. زۆر جاریش وەكو كتێبخانەی ئاسۆ پارەی پێشینی دەدامێ. بەڵام ژمارەیەكی لەو كەمتری دەویست.  لە كتێبخانەی شەعبیش چەردەیەكی باش كتێێبی كوردی دەفرۆشرا و هاوڕێیانی چەپخواز لە دەوری كۆدەبوونەوە و بووبوو بە سەنتەری بیر و هزری نوێخوازی و ئازادی.

كتێبخانەی شۆڕیجە

كتێبخانەی چوارەمی كەركوك كتێبخانەی شۆڕیجە بوو، كە كاك زاهیر و كاك ئەمین بەڕێوەیان دەبرد. ئەم كتێبخانەیە لە هەرێمی شۆڕیجەی لەسەداسەد كوردنشیندا بووبوو بەدیاردەیەكی رۆشنبیریی و ئێواران ئەوەندەی كۆڕێكی شیعری ئەمڕۆ لاوانی شۆڕیجە و سەركارێز و ئیسكان و رەحیماواو... لەناو كتێبخانەكە و دەوروبەریدا كۆدەبوونەوە و  جاری وابوو من و سەلام محەمەد نیوچە كۆڕێكی شیعریمان تیادا ساز دەكرد و بانگەشەمان تیادا بۆ شیعری نوێ دەكرد. جگە لە من  و سەلام محەمەد هاوڕێیانی بەڕێز كاك فەرمان نەبەرد و خەلیل خوێناوی و شاعیری ناسراو یوسف زەنگنە و نووسەری ناودار مامۆستا رەزا شوان و هونەرمەند فازیل جاف و كاك جەژنی عیزەدین و نووسەری ناسراو كاك عەبدولڕەحمان زەنگنە و دەیان نووسەر و عاشقانی دیكەی وشەی كوردی لە كتێبخانەی شۆڕیجەدا كۆدەبوونەوە. من چاوپێكەوتنێكی مێژووییم لەو كتێبخانەیەدا لەلایەن نووسەری ناودار كاك رەزا شوانەوە لەگەڵدا سازكراو لەو چاوپێكەوتنەدا گوتم:روانگە هێلكەیەكی پیس بوو هیچی هەڵنەهێنا. نووسەری بەڕێز كاك مارف ناسراو لە كتێبی(یادكردنەوەی ئەستێرەگەشاوەكانی ئەدەب و هونەر)دا كە وەزارەتی‌ رۆشنبیریی هەرێمی كوردستان چاپی كردووە دەڵێ: "ئەو رۆژەی كە ئەو چاوپێكەوتنەی لەتیف هەڵمەت بڵاوكرایەوە و تیادا گوتبووی روانگە هێلكەیەكی پیسبوو هیچی هەڵنەهێنا... چووم لە كتێبخانەی گەلاوێژ رۆژنامەی هاوكاری بكڕم روانیم جامخانەی كتێبخانەی گەلاوێژ شكاوە. پرسیم بۆچی جامخانەی كتێبخانەكە شكاوە خاوەنی كتێبخانەكە گوتی كە خوێنەران زانیان لەتیف هەڵمەت لەم ژمارەیەی رۆژنامەی هاوكاریدا  گوتوویەتی روانگە هێلكەیەكی پیس بوو هیچی هەڵنەهێنا. ئیتر بۆ دەستكەوتنی ئەو ژمارەیەی رۆژنامەكە هەموویان بەجارێ  هێرشیان كردە ناو  كتێبخانەكەوە و لە ئەنجامی پاڵەپەستۆدا جامخانەكەیان شكاند." ئەوسا لاوان ئاوا بەسەرگەرمی عاشقی وشەی كوردی و چاپكراوە كوردێكان بوون. سڵاو لەو رۆژانەی كە وشەی كوردی لە شاردا شۆڕشی دوژمن تۆقێنی بەرپاكردبوو. سڵاو لەو رۆژانەی  بوونی ئەو چوار كتێبخانەیە تاپۆ و قۆچانی رەشی كوردێتی و كوردستانێتی كەركوك بوو .

تایبەت بە ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان