ژاپۆن و شاعیرە کلاسیکییە هایکونووسەکانی

09:42 - 2024-04-18
ئەدەب و هونەر
71 جار خوێندراوەتەوە
کۆبایاشی ئیسا ----- تانیگوکی بوسۆن

لە ئیتالییەوە: یاسینی فەقێ سەعی


3-2

-دووەم: تانیگوکی بوسۆن (1716 – 1784)
تانیگوکی بوسۆن (بو–ساهن) دواتر بە (یۆسا بوسۆن) بەناوبانگ دەبێ، شاعیری هایکونووس و وێنەکێشێکی لێهاتوو بووە. دوای شاعیری گەورە باشۆ، ئەم شاعیرە هایکوزانە، لەنێو شاعیرانی ئیدۆ یان سەردەمی تۆکوگاوا لە(1600 هەتا 1868) دووەم شاعیری ژاپۆن بووە. بوسۆن لە یەکێک لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی ئۆساکادا لەدایکبووە؛ هەر بە منداڵی دایکوباوكی لە ژیاندا نەماون، لە ساڵی 1737دا، بۆ خوێندنی وێنەکێشان و شیعری هایکو لەسەر رێبازی باشۆ، چووە بۆ شاری ئێدۆ (کە تۆکیۆی ئێستایە.) 
لە ساڵی 1742دا، دوای ئەوەی مامۆستای وانەی شیعر گوتنەوەی کۆچی دوایی دەکات، ئیتر بوسۆن بەو بۆنەیەوە سەردانی باکوور و رۆژئاوای ژاپۆن دەکات، هەموو ئەو ناوچانە بەسەر دەکاتەوە کە کاتی خۆی باشۆی مەزنی تێدا ژیاوە، لە کۆتایی ئەم گەڕانەدا، ساڵی 1751 لە شاری کیۆتۆ بەیەکجاریی نیشتەجێ دەبێ. 
بوسۆن لە ساڵی 1756 تا 1765 وێنەکێشێکی ئێجگار چالاک و بەتوانا بووە، لەگەڵ ئەوەشا، رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر بایەخی بە هایکونووسین دابوو، تا کار گەیشتە ئەوەی سەرکردایەتی بزووتنەوەیەکی ئەدەبی کاریگەر بکات و هانی شاعیران بدات بۆ دوورکەوتنەوە لە هەموو بەرهەم و هوشیارییەکی رووکەش و رووکردنە بیرکردنەوەی قووڵ و پڕ مانا و پاک و بێگەردیی هاوشێوەی نووسین و بیرکردنەوەکانی باشۆی مەزن.
لە ساڵی 1760دا ژن دەهێنێت دەکات، لە ساڵی 1771دا، بەهاوکاری وێنەکێشی بەتوانا و هاوچەرخی خۆی (ئیکێ نۆ تایگا) زنجیرە شاکارە بەناوبانگەکەی (10 دیمەن لە 10 تابلۆدا) وێنەدەکێشێ، بەم شاکارە بوسۆن دەیسەلمێنێ کە یەکێک بووە لە بەتواناترین هونەرمەندە شێوەکارەکانی سەردەمی خۆی. گەورەترین بەشداریکردنی بۆسۆن لە شیعری هایکودا، ئەو ئاڵۆزی و سەرنج و تێبینییە شێوەکارانەیەیە کە لەشیعرەکانیدا بەدیدەکرێ. کارامەیی تەکنیکی بوسۆن وەک هونەرمەندێک بە ئاشکرا دیارە لە وردەکاریی وێنە و دیمەن و جوڵە بینراوەکانی ناو شیعرەکانیدا. 
ئەو شێواز و ستایلە تایبەتەی دایمەزراند لە شیعری هایکودا، ساڵی 1772 لە یەکەمین دیوانە شیعریدا بڵاویکردنەوە. هایکوەکانی بوسۆن زۆر بابەتیانەتر و روونتر بوون، لە هایکوە پڕ لە سۆزەکانی باشۆی مەزن. لەکاتێکدا باشۆی مەزن قوتابیەکانی لەسەر تەکنیکی "لە مامۆستات وەرگرە، بەلام دوای لەبیریکە" فێردەکرد، تەکنیکەکەی بوسۆن ئاڵۆز و تەمومژاویتر بوو، شیعرەکانی بە هۆشیارییەکی زۆرترەوە دادەڕشت؛ لەڕاستیدا شاعیرێکی ئاڵودەبوو بەیادەوەری و بیرەوەرییەوە، بەڵام بە هەستیارییەکی زۆر چڕترەوە. لە ساڵی 1776دا، ئەو کۆمەڵە هەوادارەی لە دەوری بوون، باشۆیەکی هاوشێوەی کوخەکەی باشۆی مەزنیان بۆ دروستکرد، بەڵام زۆر گەورەتر و ناویان لێنا (ماڵی باشۆ بۆ کۆبوونەوە) و هەر لەو شوێنەدا تاقانە کچەکەشی شووی کرد، هەرچەندە شوویەکی زۆر ناخۆش بوو بوسۆنی ئێجگار خەمبار کرد، بەڵام سەرەڕای ئەوانە، جگە لە هایکوەکانی، توانی چەندین دەقی شیعریی دوورودرێژ بنووسێت، هاوشێوەی شیعری کلاسیکی چینی و ژاپۆنی. لەكۆتاییدا، بوسۆن بەدرێژایی چەندین سەدە، تەنها وەک هونەرمەندێکی وێنەکێش باس دەکرا و یاد دەکرایەوە، تا چەند نووسەرێکی مۆدێرنی وەک (ماسائۆکا شیکی و هاجیوارا ساکۆتارۆ) پەیدابوون کە توێژینەوە و لێکدانەوەی وردوجوانیان بۆ شیعر و بەرهەمە ئەدەبیەکانی بوسۆن کرد و زۆربەرز نرخاندیان، بەمەش پلەوپایەی شایستەی خۆیان پێدا، لەساتەوە بوسۆن بەدووەم شاعیری گەورەی هایکونووسی ژاپۆن ئەژمار دەکرێ. چەند نمونەیەک لەهایکوەکانی:

کۆللارە
دوێنێش وەک ئەمڕۆ لە ئاسماندا
لەهەمان جێگەدا 

لەباخچەی پەرستگاکەدا؛
مشکخۆرەیەک لەنێو گژوگیادا
سێپەڕەیەک لە بەرەبەیاندا
  
گوڵە ئۆرکید، شەوانە
شکۆی گوڵەکان 
لەبۆنە خۆشەکەیدا حەشار دەدات

لەسەر زەنگە گەورەکە
بۆ خەوتن نیشتۆتەوە
ئای! پەپوولە

بێخەم بخەوە پەپوولە
بەزەنگی پەرستگاکەوە 
هەتا زەنگەکە بێدەنگە
 
تریفەی مانگی ناو قامیشەڵان
دەستی سۆز دێنێ بەسەر زەویدا
کە یەکەم بەفری لەسەر ئەبارێ
  
زستان دەگەڕێتەوە
بۆ یەکەم سپی بوونەوە،
لەبەر تریفەی مانگدا
  
گوڵە گێلاسەکان هەڵدەوەرن
بەسەر ئاوێنەی گۆلاوی مەرەزەکەدا: ئەستێرەکان،
لەبەر رۆشنایی شەوێکی بێ مانگدا.
  
شەوی خەمبار!
منیش وەکو مامۆستاکەم
شەوەکە بەسەردەبەم 
  
شەوی مانگ گیران:
یەکێک وەستاوە لە نێوان
دار هەرمێکاندا
  
ئێوارانی بەهار:
گڕی ئاگر دێت و دەچێ
لەم کڵپەوە بۆ ئەو کڵپە
  
گوڵەکانی هەڵوژە:
لە کون و قوژبنی ژوورەکەدا
هەوای فێنک کۆدەکەنەوە
  
دوێنێ و ئەمڕۆ هەر تێپەڕین
ئیدی قازە کێوییەک نەما
ئەمشەو تێبپەڕێ 
 
"تەنیا بۆ ئەمشەو جێگام کەرەوە"
پیاوەکە بۆ دوور شمشێری تووڕدا.
باهۆزی بەفرە.
  
تێکەڵاوی یەکتر دەبن
گۆماوەکە و رووبارەکە
لە بارانی بەهاردا
  
بە ئەوپەڕی بەرائەتەوە
لەسەر گوڵەباخێکی سپی
مێروولەیەکی شاخاوی وەستاوە
  
کە گوڵی هەڵوژەکانم چنییەوە
بە توندی کێشای بە دەستمدا
بۆنە خۆشەکەی...  
*****
-سێیەم: کۆبایاشی ئیسا (1763 - 1827)

کۆبایاشی نۆبویوکی (1827-1763) شاعیرێکی ناوداری هایکونووسی ژاپۆنی سەردەمی ئیدۆیە (1868-1600). ئەم شاعیرە بەناوی(کۆبایاشی کاتارۆ)شەوە ناسراوە، بەڵام لەزۆرینەی سەرچاوە و بەڵگەنامەکاندا بەنازناوی شیعری(ئیسا)بەناوبانگە، ئەم نازناوەی لەساڵی 1793دا وەرگرتووە، شاعیر لە شارۆچکەی کاشیوابارا لەدایکبووە، کە ئێستا بەشێکە لە شینانۆ-ماکی (شاری شینانۆ)، لەهەرێمی ناگانۆ.
بەرهەمە شیعرییەکانی ئیسا مۆرک و خەسڵەتێکی زۆر تایبەتیان هەیە، چونکە هەڵقوڵاوی ئەو ژیانە ناخۆش و دەگمەنەی شاعیرن کە تیایدا ژیاوە. شاعیر تەمەنی دووساڵ بووە دایکی کۆچی دوایی کردوە و باوکیشی زۆر زوو ژنی هێناوەتەوە، باوەژنیش لەجیاتی خزمەتکردنی ئەم مناڵە، کەوتۆتە دژایەتیکردنی، زۆرخراپ مامەڵەی لەگەڵدا کردوەو ژیانێکی تاڵ و پڕ لەئازار هەبووە، لەتەمەنی سیانزە ساڵیدا، بەکۆمەک و هاوکاری باوکی توانی لەو ماڵە دوورکەوێتەوە و بەرەو ئیدۆ(تۆکیۆی ئێستا)سەری خۆی هەڵگرێت، ماوەی بیست ساڵی رەبەق لە ئیدۆ لەوپەڕی هەژاریدا ژیاوە. 
هەتا ساڵی 1787 لە تۆکیۆ، بەبێ هیچ رەزامەندیەکی یاسایی وەک بەڵگەنامەی مانەوە، ژیانی بەسەر بردووە، کاتێک ئیقامە وەردەگرێت کە دەچێتە قوتابخانەی هایکو لە کاتسوشیکا. ئیسا لەتەمەنی 25 ساڵیدا دەستیکردوە بە نووسینی شیعری هایکو، هونەری هایکونووسین لەسەر دەستی مامۆستایان (گێنمو، چیکو-ئون) فێربووە، هەروەها مامۆستا (سیبی ناتسومی) بۆی دەبێتە چەترێک و وەک پارێزەرێک زۆرخزمەتی داکات.
لە ساڵی 1791 ناتسومی مامۆستا و پارێزەری کۆچی دوایی دەکات و ئیدی ئیسای شاعیر بە رەسمی دەکرێتە جێگرەوەی، بەڵام زۆر زوو واز لەم ئەرکە دێنێت و کاتی خۆی تەرخان دەکات بۆ گەشتوسەردانی باشووری رۆژئاوای ژاپۆن، لەم گەڕانەدا بەردەوام دەبێت تا کۆچی دوایی باوکی لەساڵی 1801دا. ئیسا لەلایەن باوکییەوە وەک میراتگرەوەی تاقانەی خۆی دیاری دەکرێت، بەڵام باوەژن و زڕبراکەی توانیان بۆ ماوەی سیانزە ساڵ رێگریی لێبکەن و ئەم مافەی لێزەوت بکەن.
لەکۆتاییدا، دوای ژیان لەچەندین شوێنی جیاجیای وەک کیۆتۆ، ئۆساکا، ناگاساکی، ماتسویاما و شارەکانی تری رۆژئاوا، ئیسا لەتەمەنی 51 ساڵیدا توانی بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی لە کاشیواباراو زەماوەند لەگەڵ ژنێکی گەنجی گوندەکەیدا بکات. لەم ژنە گەنجەی چوار منداڵی دەبێ، بەڵام هەموویان بەمنداڵی گیان لەدەستدەدەن. تەنانەت ژنە گەنجەکەشی بەسەر منداڵی چوارەمەوە دەمرێت لەهەمان ساڵدا، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە ماڵەکەشی وێران دەبێت.
ئیسا دوای ئەم رووداوانە، تەنها چوار ساڵی دیکە دەژی، لەم چوار ساڵەدا، بۆ جاری دووەم ژن دەهێنێت و ئەخیرەن دەبێتە باوکی کچێک، بەڵام هەرگیز بەچاوی خۆی ئەم میراتگرەوەیەی نابینێ، چونکە کاتێک لەدایک دەبێت، ئیسای باوک لەتەمەنی 65 ساڵیدا، چەند مانگێکە کۆچی دوایی کردووە.
دیوانە شیعری (ئۆرا گا هارو - 1820) دادەنرێت بەجوانترین شاکاری ئیسای شاعیر، بەڵام دیوانە شیعریەکانی تری وەک(رۆژانە تۆماری مەرگی باوکم – 1801)و (بەهاری من – 1819) ئەوانیش دەنگدانەوەو ناوبانگێکی زۆرچاکیان بەدەست هێناوە. 
ئەگەر شیعرەکانی ئیسا بەراورد بکەین لەگەڵ هێمنی و ئارامی باشۆو ئاڵۆزیی و ناڕوونی بوسۆن، ئەوا شیعرەکانی ئیسا پاراوترن بەزمانێکی سادەتر لە هی ئەوان. ئیسا زۆرجار زاراوە و وشەی دیالێکت و قسەی گفتوگۆی باوی رۆژانەی خستۆتە ناو شیعرەکانیەوە کە لە رووی فەلسەفەی بوداییەوە قووڵیەکی رەگداکوتاوی پێ بەخشیوە. هەندێکجار گاڵتەجاڕانە یان رەخنەگرانە، زۆرجاریش لە کوالێتی هاوکێشەیەکی نایەکساندا، شیعرەکانی ئیسا بە خۆشمەشرەبیەکی دڵسۆزانە دەناسرێنەوە کە بەڵگەی سەلمێنەری وریایی و زیرەکی و بەزەییە قووڵەکەی ئەم شاعیرەن. لەمەرگی یەکێک لە منداڵەکانیدا دەڵێت:
 ئەم دنیای شەونمە/ بەتەنها هەر دنیایەکە لەشەونم/ ئێستاش هەر شەونمە. چەند نموونەیەک لە هایکوەکانی: 

لاوێتی:
لێی دەبێت بە نەخش، تەنانەت
شوێن گازی مێشوولەش
  
لەخەو رادەبێ
باوێشکان دەدا، پشیلە گوربە؛
ئێ، عیشق وایە
  
من بە تەنیا لەوێ بووم.
من بە تەنیا.
کلو کلو بە چوار دەورما بەفر دەباری.
  
یاسای بودایە
شەوق دەداتەوە
لەناو شەونمی سەر گەڵاکاندا

ئەم دنیایە
هەر لە سپێدەوە کێشە و گرفتە
تەنانەت بۆ پەپوولەش
  
لەم دنیایەدا
بیر لە گوڵەکان دەکەینەوە
لەژێر دۆزەخدا

گوڵە هەڵوژەکان:
یەکپارچە خرۆشاندنە
بەهارەکەم
  
هەڵم:
لە تریفەی مانگەشەودا
سەرەتای بەهارە
  
لەبەر دەرگای هەر ماڵێکدا
بەهار دەستپێدەکات
لە قوڕی سەر پێڵاوەکانەوە
  
لەسەر هێلکەکانی دێتەخوار
مریشک لە خۆشەویستیدا 
بۆ شاگوڵ
  بولبولی گوندەکەم؛
نایبینم
 بەڵام دەزانم کە دەخوێنێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان