سەبارەت بە دوو كتێبی یۆستاین گاردەر

ئەو چیرۆكانەی لە سادەییدا قووڵن

09:45 - 2024-04-18
ئەدەب و هونەر
82 جار خوێندراوەتەوە
یۆستاین گاردەر



بەختیار حەمەسوور



ئەنتۆن و یۆناتان
هەمیشە مایەی پرسیار و سەرسامییە بۆم چۆن هەندێ چیرۆكی سادە و ساكار دەتوانن تا ئەو رادە زۆرە خەمگینم بكەن!؟ چیرۆكی «ئەنتۆن و یۆناتان»ی یۆستاین گاردەر لەو چیرۆكانەیە. وەك سەرجەم كارەكانی تری گاردەر، لەم چیرۆكەشدا بەسەرهاتی كوڕیژگەیەكمان بۆ دەگێڕێتەوە، راستتر وایە بڵێین: كوڕیژگەیەك و بووكەڵە پەڕۆینەكەی. ئەم دووە پێكەوە و بە پایسكیل بەناو شاردا دەگەڕێن و تەماشای هەموو شتێك دەكەن؛ خەڵكان لەسەر شەقام و ناو دوكان و بازاڕ؛ یۆناتان كوڕیژگەكەیە و ئەنتۆن بووكەڵە پەڕۆینەكە. بەڵام ئەوە تەنیا بەشێكی گەڕانی یۆناتان و ئەنتۆنە، ئەوان گەشتی دوورتر دەكەن، شتی سەمەرەتر دەبینن، هەڵبەت بە رێیەكی دی، رێی فەنتازیا و خەیاڵ! ئەوان بە كەشتیی ئاسمانی دەچنە سەرمانگ، چاوشاركێ دەكەن، لە چاڵەگەورە و بچووكەكاندا خۆیان لە یەكتر دەشارنەوە، یۆناتان كەشتیی ژێرئاویشی هەیە، لەگەڵ ئەنتۆن دەچنە بن زەریا، لە جامی كەشتییەكەوە لە كۆسەماسی و پۆلەماسی دەنۆڕن، ئەسپی دەریایی باریك و هەشت لەپەی خڕ و قەڵەو دەبینن. لە بنی بنەوەی زەریاشدا بەلەمی چارۆكەداری كۆن هەن، كە قەوزە و گژوگیا دایپۆشیون. یۆناتان شەمەندەفەر و هەلیكۆپتەریشی هەن و لەگەڵ ئەنتۆن سەفەریان پێدەكات. دوای ئەو سەفەرە دوورانە جا دەگەڕێنەوە ناو واقیع، بۆ سەرشەقام و سواری پایسكیلەكەیان. یۆناتان بە تیژی پایسكیلەكەی دەئاژووێ و لە پێچێكدا خۆی بە پیكابێكی بارهەڵگردا دەكێشێت، لەسەر پایسكیلەكە بەر دەبێتەوە، هەروەها ئەنتۆنیش. یۆناتان لەسەر شۆستەكە درێژ دەبێت و خوێن لەسەری دەڕوات، ئەنتۆن لەسەر چیمەنەكە. دواتر ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن دێت و یۆناتان هەڵدەگرنەوە، كارمەندێك چاوی بە ئەنتۆن دەكەوێت لەسەر چیمەنەكە، دەستی دەداتێ و لەسەر سكی یۆناتان دایدەنێت. ئیتر هیچ دەربارەی یۆناتان نازانین، مرد؟ نا، تكایە! من بە راگوزەریش حەز ناكەم بیر لە مردنی یۆناتان لەو چیرۆكەدا بكەمەوە، لەبەر هیچ نا، لەبەر خودی ئەنتۆن، چون دەزانم پاش ئەو تەنیا دەبێت، زۆرتەنیا. دایك و باوكی یۆناتان دێن بۆ نەخۆشخانە، ئەنتۆن دەبەنەوە بۆ ماڵەوە، دەیخەنە تەنیشت بووكەڵە لەتەختەدروستكراوە روسییەكان، ئەنتۆن نیگەرانە لەودۆخە، بیری یۆناتان دەكات، ناتوانێت لەگەڵ ئەم بووكەڵانەدا كە تەنیا دەتوانن گەورەتر یان بچووكتر لەیەك بن، هەڵبكات. كۆتایی چیرۆكەكە دووبارەكردنەوەی رستەیەكە لە سەرەتادا هاتووە: (یوناتان گوتی: ئەنتۆن، توخوا ئێمە بەختەوەر نین كە لە جیهانێكداین؟ ئەوە ئێمەین كە ئێستا لێرەین.) هاودەم ساڵح جاف وەرگێڕی كتێبەكەیە. چیرۆكی ئەم كتێبە بە كۆمەكی كۆمەڵێك نیگار نوێندراوە، كە هاوتەرین بە هێڵە درامییەكە دەچنە پێش و یەكتر تەواو دەكەن.

 

ئینسان ناچارە بۆ خۆدەربڕین و پێشاندانی دۆخ و حاڵەتەكانی هەموو شت بخاتە دووتوێی (گێڕانەوە)وە؛ لەو ساتەوە زمانمان دەپژێ دەگێڕینەوە، بێ پشوو، لە بەیانیڕا تا دوایین چركەی شەو و پێڵوولێكنان.


پرسیارەكان
كتێبێكی چكۆلە بەكۆمەڵێك پرسیاری گەورەوە. یۆستاین گاردەر خولقێنەر و بزوێنەری پرسیارە سادەكانە، ئەو پرسیارانەی قووڵاییان هەیە و بۆ وەڵامدانەوەیان هەموومان دەخاتە دۆخی تەنگەژە و قەیرانەوە. لەكتێبی «پرسیارەكان»دا تۆ لە بەردەم ئەو پرسیارانەدا رادەگرێت كە دەبێت وەك كەسێك كە خاوەنی بیركردنەوە و روانینیت، لە خۆتی بپرسیت، كتێبەكە وا دەردەكەوێ رووی لەلاوان بێت، بەڵام پێموایە دەتوانێت ببێت بەكتێبی هەموو تەمەنەكان. كتێبەكە بەپرسیارێكی قورس دەست پێ دەكات: (ئەم جیهانە لە كوێوە پەیدا بووە؟ ئایا هەموو شتەكان لەئەزەلەوە هەبوون؟ یان هەموو ئەو شتانەی دەوروبەرمان لە نەبوونەوە پەیدا بوون؟) دواتر دەربارەی "گەردوون" دەپرسێت: (ئایا هەر لەسەر ئەم هەسارەیەی ئێمە ژیان هەیە؟ یان لە هەموو گەردووندا ژیان هەیە؟)
كارەكتەری ئەم كتێبە وەك لەنیگارەكاندا دەردەكەوێ، منداڵێكە، لە فەزایەكی خۆڵەمێشیدا، لە شوێنێكدا كە چەشنی دارستانێكی فەنتازییە، یاخود جێیەك كە تێیدا گەردوون تووشی كپیی و بێدەنگییەكی قورس هاتووە، ئەم منداڵە نیگەرانە، ئەم نیگەرانییە لە روخساریدا دیارە و خەمگینانە تەماشامان دەكات، خەمگینانە دەست لەشتەكان دەدات و هەنگاو دەنێت؛ پرسیارەكان نیگەران و خەمگینیان كردووە؟ بەڵێ! رەنگە هەر گەورەیەك كە لەو فۆرمە نیگەران و خەمگینییەدا دەییبینێت پڕ بەدڵ حەز بكات هاوكاری بكات تا لەودۆخە دەرباز بێت، بەڵام كاتێك گوێی لێ دەگرین، گوێ لەپرسیارە سەخت و دژوارەكانی دەگرین، نەك ناتوانین كۆمەكی پێبكەین، بەڵكو ئێمەیش وەك ئەو نیگەران و خەمگین دەبین، چون پرسیارەكانی ئەو پرسیاری قیرسچمەیی ئێمەیشن و بەدرێژایی تەمەن، نەمانتوانیوە وەڵامی رازیكاریان وەربگرینەوە.
با پێكەوە گوێ لە چەند دانە پرسیاری تری ئەم منداڵە رابگرین: (ئایا خودایەك ئێمەی دروست كردووە؟ یان ئەو بۆچوونانەی سەبارەت بە خودایەك هەمانن زادەی مێشكمانن و هیچی دی؟) ، (ئایا ئەوانەی مردوون و لەم جیهانەی ئێمەدا نەماون، ئاگاداری حاڵی ئێمەن؟) ، (ئەو شتە چییە زیاتر لەهەر شتێكی تر دەترسم لە دەستی بدەم؟) ، (كات چییە؟ ئایا شتێك كە دەبێتە رابردوو ئیتر هەرگیز ناگەڕێتەوە؟) ، (ئاخۆ بۆ ئەوەی بەختەوەر بم. پێویستە خاوەنی شتی زۆر بم؟) ، (ئایا شتێك هەیە لەوە دڵنیام بكات هەموو یادەوەرییەكانم لەو شتانەوە سەرچاوەیان گرتووە كە بە راستی روویان داوە؟) ، (ئایا دەتوانم كەسێكی ترم ئەوەندەی خۆم خۆشبوێت؟) ، (چی وام لێ دەكات خەون ببینم؟ ئەی لە كاتی خەوتندا، چی لە مێشكمدا روودەدات؟) ، (هاوڕێی باش كێیە؟ ئایا دەكرێ لەناو گیانداراندا باشترین هاوڕێیەك بۆ خۆم پەیدا بكەم؟)
ئازاد بەرزنجی وەرگێڕی كتێبەیە و هونەرمەند ئەكین دوزاكین نیگاری بۆ كێشراوە، نیگارەكان هێندەی تێكستەكە گرنگن، جیا لەوەی پێبەپێی پرسیارەكان دیمەنەكان وێنا دەكەن، هاوكات بوون بە هێڵێكی درامی و خودی تێكستەكەیان لە پرسیاری كۆنكرێتییەوە خستووەتە سەر باری گێڕانەوە؛ ئینسان ناچارە بۆ خۆدەربڕین و پێشاندانی دۆخ و حاڵەتەكانی هەموو شت بخاتە دووتوێی (گێڕانەوە)وە؛ لەو ساتەوە زمانمان دەپژێ دەگێڕینەوە، بێ پشوو، لە بەیانیڕا تا دوایین چركەی شەو و پێڵوولێكنان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان