سەرۆك كۆمار: سەقامگیری، بناغەی بنەڕەتیی گەشەپێدانی وڵاتەكەمانە

12:03 - 2024-05-07
عیراق
69 جار خوێندراوەتەوە
کۆبوونەوەی سەرۆك كۆمار و شرۆڤەكارانی سیاسی

سەرۆك كۆمار، تەئكیددەكاتەوە كە سەقامگیریی وڵاتەكەمان، بناغەی بنەڕەتییە بۆ گەشەپێدان لە هەموو ئاستەكاندا و رایگەیاند: عیراق پەیوەندیی سیاسی و ئابووری بەهێزی هەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهاندا و هەوڵدەدەین پەیوەندییەكان بەرژەوەندیی هاوبەش مسۆگەربكات و ئاسایش و سەقامگیری پەرەپێبدات.
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا، پێشوازی لە ژمارەیەك شرۆڤەكاری سیاسی كرد و رایگەیاند: دیدار و كۆبوونەوەكانی سەرۆكایەتیی كۆمار، مەبەست لێیان وتووێژی هەمەچەشنە بۆ گەیشتن بە چارەسەر بۆ پرسە هەڵپەسێردراوە جۆراوجۆرەكان و پێویستیشە هێزە سیاسییەكان دیدگاكانیان یەكبخەن و ئاستەنگەكان تێپەڕێنن.
سەرۆك كۆمار، تیشكی خستەسەر ژمارەیەك رەشنووسی یاسای سەرۆكایەتیی كۆمار لە نموونەی رەشنووسی یاسای «ئەنجومەنی باڵای ئاو. هەمواركردنەوەی بڕیاری ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی سەركردایەتیی رژێمی لەناوچوو سەبارەت بە زەوتكردنی موڵك. دەسەڵاتی باڵای پاڵپشتیكردنی ژنان. هەمواركردنەوەی یاسای ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە دەروونییەكان. گەڕاندنەوەی داهاتی گەندەڵی)ی، كە ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران كراون بەمەبەستی پەسەندكردنیان بەوپێیەی پەیوەندیی راستەوخۆیان بە هاووڵاتیانەوە هەیە. ئاماژەشی بە رۆڵی گرنگی شرۆڤەكارانی سیاسی و پسپۆڕانی كاروباری عیراق كرد لە خستنەڕووی بیرۆكە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانەكان.

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان