ناوچە جێناکۆکەکان لە جیهاندا

10:22 - 2022-06-25
ڕاپۆرت
851 جار خوێندراوەتەوە
لە هەندێک کێشمەکێشی جیهانیدا کەنەدا و ئەمریکا هاوپەیمانن، بەڵام ئالاسکا خاڵی ناکۆکییانە

ئا: ئارێز حسێن

زلهێزەکان لەسەر ئاستی جیهان و زلهێزە ئیقلیمییەکانیش لەسەر ئاستی وڵاتان و کیشوەرەکان هەمیشە خۆیان خوڵقێنەری گرفت و کێشە نەتەوەیی و مەزهەبی و تایفییەکانن و خۆشیان لە دوای جەنگە جیهانییەکانەوە نەخشەی جوگرافیای ناوچەکانیان بە پێوەرێک داڕشتووە، لەگەڵ بەرژەوەندییە ئابووریی و ستراتیژییە باڵاکانی خۆیاندا بگونجێت و تا لە هەر گۆڕانکارییەک لە سیستمە سیاسییەکان و هەر هەوڵێکدا بۆ چارەسەر و بنبڕکردنی گرفتەکە لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا دیارە لایەنی بەهێز و بێهێز لە هەوڵی ئەوەدا دەبن زۆرترینی ئەجێندای خۆیان جێگیر بکەن، بۆ ئەوەش ناچاری سپاردنی دۆسێکە بە لیژنە و کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی دەبن، لێرەشەوە دووبارە ئەو دۆسێیانە دەکەونەوە دەستی زلهێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکان و بۆئەوەش بەرژەوەندیی خۆیان رەچاو دەکەن و ئەگەر گرفتەکە لە هەردوولا ئاڵۆزتر نەکەن، ئەوا هیچ چارەسەرێکی ناکەن.
لێرەدا گرفتی سەرەکی کە بۆ خوێنەری کورد گرنگ بێت، گرفتی ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەرێم و  بەغدایە ئەگەرچی مادەی 140  ی لە دەستووردا بۆ جێگیر کراوە، بەڵام تا پێداچوونەوە و گەشتێک بە ناوچە جێناکۆکەکانی جیهاندا نەکەین، ناتوانین لە هۆکارە سەرەکییەکان و بە هەڵپەسێردراوی مانەوەی ئەو ناکۆکییانە تێبگەین کە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی باشووری کوردستان پێوەی دەناڵێنن.
لێرەوە بە شێوەی زنجیرە هەرجارەی هەڵوەستە لەسەر ناوچەیەکی جێناکۆکی جیهان دەکەین و ئەو توخمانە رووندەکەینەوە کە تێکەڵ بە هاوکێشە سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان بوون و بوونەتە مایەی بە بنبەست گەیشتنی چارەسەرەکان. 
  

ناکۆکییەکانی نێوان باشووری کشتوکاڵی و باکووری پیشەسازی لەسەر مافی دەوڵەت و فراوانبوونی بازرگانی بووە هۆی جەنگی ناوخۆ لە ئەمریکا

ئەڵقەی  یەکەم

ئەمریکا و کەنەدا
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 50 ویلایەت پێکهاتووە، کە 48 ویلایەت و واشنتۆنی پایتەختی دەکەونە نێوان زەریای هێمن و زەریای ئەتڵەسییەوە و دەکەوێتە ناوەندی کیشوەری ئەمریکای باکوورەوە.
 لە باکوورەوە لەگەڵ کەنەدا و لە باشووریشەوە لەگەڵ مەکسیکدا هاوسنوورە. ویلایەتی ئەلاسکای دەکەوێتە باکووری خۆرئاوای کیشوەرەکەوە و لە خۆرهەڵاتییەوە کەنەدایە و لە خۆرئاواشەوە لەگەڵ روسیادا لە رێگەی گەرووی بێرینگەوە هاوسنوورە. 
ویلایەتی هاوای کە لەچەند دوورگەیەک پێکهاتووە، دەکەوێتە ناوەڕاستی زەریای هێمنەوە.
ئەم وڵاتە لەلایەن 13 کۆلۆنی بەریتانیا بە درێژایی کەنارەکانی زەریای ئەتڵەنتیک دامەزرا، یەکەمیان کۆلۆنی ئینگلیزی «ڤێرجینیا» بوو، لەلایەن سێر واڵتەر رالی، بە ناوی شاژنی پاکیزە ئەلیزابێسەوە ناونرا. 
خێرایی نیشتەجێبوونی ئینگلیزەکان لە کەنارەکانی خۆرهەڵات دوای سەرهەڵدانی کۆمپانیاکان زیادیکرد کە ئامانجیان هاندانی بزووتنەوەی نیشتەجێبوون بوو لە خاکەکانی دەرەوەی وڵاتی خۆیان، ئەویش بەهۆی قەیرانی ئابووری و بێکاریی و گۆشەگیریی ئایینیەوە ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا. 
جەیمس تاون لە ساڵی 1607 لە ڤێرجینیا نیشتەجێ بووە، یەکەم نیشتەجێبوونی سەرکەوتووی ئینگلیزەکان بوو لە ئەمریکای داهاتوودا. دواتر کۆلۆنییەکانی دیکە دامەزران لە نیو هامپشایر، ماساشوستس، کۆنتێکتیکۆت، رۆد ئایلەند، میریلاند، کارۆلاینای باشوور، کارۆلاینای باکوور، نیویۆرک، نیوجێرسی، دێلاوێر و پێنسیلڤانیا. 
ئەم کۆلۆنیانە لە 4/7/1776دا جاڕی سەربەخۆییاندا و  حکومەتێکی فیدراڵییان دامەزراند. ویلایەتە یاخیبووەکان شکستیان بە بەریتانیا هێنا، کە یەکەم جەنگی کۆلۆنیالی سەرکەوتوو بوو بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی.
 لە سەدەی نۆزدەهەمدا ئەمریکا زەویەکانی لە فەرەنسا و ئیسپانیا و بەریتانیا و مەکسیک و روسیا و تەکساس و هاوای بەدەست هێنایەوە. ناکۆکییەکانی نێوان باشووری کشتوکاڵی و باکووری پیشەسازی لەسەر مافی دەوڵەت و فراوانبوونی بازرگانی بە کۆیلەکانەوە بووە هۆی جەنگی ناوخۆ لە ئەمریکا لە ساڵی 1860. 
لە ساڵی 1945 ئەمریکا لە جەنگی دووەمی جیهان وەک یەکەم وڵات دەرکەوت کە خاوەنی چەکی ئەتۆمی بوو هەروەها ئەندامێکی کارای کۆمەڵەی گەلان بوو کە دواتر بووە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دامەزرێنەری رێکخراوی ناتۆ.
لە ساڵی 1853 جەنگی کریما هەڵگیرسا و ئەلاسکا بووە هەڕەشە لەوەی ببێتە بارگرانی بەسەر ئیمپراتۆریەتی روسیاوە، کە روسیا بۆ بەدەستهێنانی بژێوی بڕیاریدابوو بیفرۆشێت.
دواتر روسیا  کەنەدای بە باشترین کڕیار دەزانی بەهۆی ئەو سنوورەی بەدرێژایی 2475 کم لەگەڵ ئەلاسکادا هەیەتی، بەڵام لەوکاتەدا ئەمریکا بە نهێنی هاوپەیمانی روسەکان بوو.
بۆیە ئەمریکا بووە براوەی ئەم سات و سەودایە، چونکە کەنەدا خۆی کلۆنیایەکی بەریتانی بوو، بەڵام دوای زیاتر لە 50 ساڵ لە فرۆشتنی ئالاسکا بە ئەمریکا، دۆزینەوەی زێڕ بە بەهای زیاتر لە ملیارێک دۆلار و سامانی دیکەی وەک زۆری درەخت و ماسیی سەلەمون و نەوتیش بۆ بەرژەوەندیی ئەمریکا زیادی کرد لە خاکی ئەو ویلایەتەدا کە هێشتاش کەنەدا چاوی لەسەرێتی و سەرقاڵی سات و سەودایە لەسەری. 

#جیهان

بابەتە پەیوەندیدارەکان