قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بەیاوەری وەزیرانی پێشمەرگە و سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت و بەرپرسانی تری ئەمنی، شەوی 25/6، سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆری کردو لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیای دانا غاز کۆبووەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا کە بریکاری وەزیری سامانە سروشتییەکان ئامادەی بوو، باس لە هێرشە موشەکییەکانی سەر پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرا.
قوباد تاڵەبانی دڵنیایی پێدان کە کار دەکەن لەپێناوی پاراستنی ژیانی کارمەندانی ناو کێڵگەکە و ئەوان وەکو حکومەتی هەرێم بەهیچ شێوەیەک رێگر نین لەبەردەم هاتوچۆی کارمەندان و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عیراق لەسەر خەت دەبن بەمەبەستی بەرگرتن لەڕوونەدانی لەو جۆرە هێرشانە.
لەکۆبوونەوەکە دڵنیایی درا بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە ھێرشەكان هیچ کاریگەرییان نابێت لەسەر بەرهەمهێنانی غازی سروشتی و غازی شل و پێداویستی هاووڵاتییان پارێزراو دەبێت.
ئەم سەردانە لەکاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوو، هێرشی موشەکی کرایە سەر پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر.