چاوساغە بە تەگبیرەکەی رێکخستن

کاکە زیادی گەورە، پەناگە ئارامەکەی تێکۆشەران، لە سەردەمی نائارامیدا

12:25 - 2024-08-28
دووتوێ
387 جار خوێندراوەتەوە

دیداری / جەمال ئارێز

 

کاسبکارێکی خاوەن زەوی و موڵکدار، بەبێ هیچ باکگراوند و پێشینەیەکی خەباتی سیاسی، ستەمکاریی و باغربوونی رژێمی بەعس لەدوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول، دەبنە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ عەوداڵبوونی بەشوێن بزووتنەوە و شۆڕشێکدا بۆ رەتکردنەوەی ئەو واقیعە تاڵەی ئەوێ رۆژێ. 
هەڵگیرسانەوەی شۆڕش لەسەر دەستی خەباتگێڕانی کۆمەڵەی رەنجدەران و بزووتنەوەی سۆشیالیستی  لەژێر چەتری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا لە نیوەی دووەمی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، وەرچەرخانێک لە ژیانی کاکە زیادی گەورەدا دروستدەکات، بۆیە لەوێوە وەک دۆستێکی شۆڕش و هاوکارێکی مەفرەزە سەرەتاییەکانی دۆڵی خەلیفان و مەلەکان و خۆشناوەتی، تێکەڵ بە سیاسەت و کوردایەتی دەبێت. 
ئەو دەوڵەمەندە بەرچاوتێرەی کە ستەم و لەخۆباییبوونی رژێم هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی تێدا بەهێزتر کرد، لە دۆستێکی شۆڕش و مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێ-وە گەیاندییە ئاستی هاوئاهەنگیکار لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕش و سەرکردایەتیی رێکخستنی شارەکان لەدوای ئەنفال کە بەمەبەستی تێهەڵچوونەوە بە شێوازێکی جیاواز و دروستکردنی پردی پەیوەندیی نێوان پارتیزانەکانی دوای ئەنفال و سەرکردایەتیی شارەکان، شانی دایە بەر خەباتێکی زەحمەت و مەترسیدار، بۆ ئەوەش بە گیان و ماڵ و دارایی خۆی، چووە خزمەتی ئەو قۆناغەی شۆڕشەوە و هەمووی لەپێناویدا دانا تا لە زیندانی ئەبوغرێب گیرسایەوە.
دۆسێی ئەم ژمارەیەمان تەرخانکرد بۆ دیدارێکی تایبەت لەگەڵ هەڤاڵ محەمەد رەسوڵ سەعدی، ناسراو بە کاکە زیادی گەورە.

 

ساڵی 1983 سەردانی مام جەلالم کرد، شەش نامەی پێدام بۆ چەند کەسایەتییەک، هەندێکیان خۆم گەیاندم و هەندێکیشیان بە خەڵکی دیکەی دۆستی خۆیاندا بۆم ناردن، چونکە قۆناغەکە زۆر مەترسیدار بوو و دۆزینەوەی کەسی متمانەپێکراویش کاتی دەویست

 

*کەی و چۆن تێکەڵ بە خەبات و چالاکیی سیاسی بوون و لەکوێوە دەستتان پێکرد؟ ئاخۆ وەکو چەندین تێکۆشەری دیکەی ئەو خەباتە لەڕێگەی رایەڵەکانی خوێندکارانەوە بوو، یاخود وەک تاکێکی ئاسایی و گوندنشین کاریگەریی شۆڕش و کوردایەتیی و خێزانی بوونە پاڵنەر بۆ پەیوەندیکردن بە رێکخستن و شۆڕشەوە؟
-ئێمە وەک بنەماڵە و خێزان پێشتر لە شەقڵاوە بووین، بەڵام لە خەلیفان و دۆڵی خانەقا و مەلەکانەوە تا دەگەیشتەوە ناوچەی خۆشناوەتی کاری کشتوکاڵی تووتنمان دەکرد و دەمانفرۆشتەوە، بەتایبەتی لەدوای ئاشبەتاڵەوە، ئیدی لەوێ تازە بەتازە دائیرەی ئەمن و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی رژێم دروستکرابوو و بەبێ ترس دەهاتنە ناو شار و سەر رێگەکان و جاروبار بەهۆ و بێ هۆ گەڕ و تەشقەڵەیان بە خەڵکەکە دەکرد.

زللەیەک بووە یەکەم تۆوی رق و تۆڵە
رۆژێکی ساڵی 1975 ئەوکاتە من ئۆتۆمبێلێکی جۆری (جیب)م پێبوو، لەبەردەم مەرکەزی قشڵەی شەقڵاوەدا بەریان پێگرتم، دایانبەزاندمە خوارەوە و پەلکێشیان کردم بەرەو ناو مەرکەزەکە، لەوێ ژوورێکیان هەبوو پێیان دەوت معاونییەت، هەمووشیان بەرگی مەدەنییان لەبەردابوو، سەرەتا بەو بیانووە دەستیان پێکرد: «دەستمان لێ راگرتوویت و تۆ نەوەستاویت»، گوایە لەخوارەوەی شەقڵاوە، منیش پێم وتن: «نەمبینیوون، دەشێت کات عەسر بووبێت و لەبەرئەوەی تیشکی خۆرەکە لەچاوم چەقیووە ئێوەم نەبینیبێت، ئەگەرنا من هەرکەس دەستم لێ رابگرێت، بۆی رادەوەستم جا بیناسم یان نا)، دوای ئەوە زلـلەیەکی زۆر بەهێزی لێدام، زۆری ئازاردام، ئەفسەرێکی کەتەی زل بوو. هەر ئەوکاتە موختاری گوندێکیان هێنابوو زۆریان ئازار و ئەشکەنجە دا، بەم دوو رەفتارە رقەکەم دروست بوو و پەنگی خواردەوە، لەبەرئەوەی هیچ لەگۆڕێ نەبوو، تەنها بیانوویان پێ دەگرتم تا بچم خزمەتیان بکەم.

*ئەم پەنگخواردنەوە و خۆخواردنەوەیەت چەندی خایاند و کەی کاردانەوەی لای ئێوە دروستکرد؟
-
بەو پێیەی کاری تووتنمان دەکرد هەر لە دۆڵی ئالانە و دۆڵی بلەوە تا نزیک مەلەکان، شاورێ، دەرگەڵە، خانەقا و هەموو ناوچەی خۆشناوەتیش، ئەو تووتنە لەو ناوچانە هەمووی ئێمە داماندەچاند و بەرهەممان دەهێنا.
لە هاتوچۆی رۆژانەدا جارجارە پێشمەرگە و کادرانی رێکخستنم لەو ناوچانە دەبینی وەک سەید سەلیم و پێشمەرگەکانی، بورهان بلەیی و چەندانی دیکە، بەڵام یەکەم کەس کە بینیم کادرێکی هۆشیار بوو، ناوی مامۆستا سەڵاح بوو، سەرەتا باسی ئاشبەتاڵ و پێویستییەکانی ئەو قۆناغەی دەکرد لەوەی کە دەبێت کۆڵنەدەین، بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز لە شۆڕشی پێشوو، ئەگەرچی من راستەوخۆ نەچوومە ناو ئۆرگانەکانی رێکخستنەوە، بەڵام وەکو هەوادار و دۆستێک تێڕوانینەکانیم بەلاوە قبووڵ بوو و هەرچییەکیشیان پێویست بوایە و پێم بکرایە، بۆم جێبەجێ دەکردن، بەوپێیەی ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆم پێبوو. ئەوکاتە سەرەتای راگواستنی گوندە سنوورییەکان بوو، گوندنشینەکان گرفتاری ئەو کێشەیە بوون، بۆیە من لەڕووی شەکر و چاو خۆراک و پۆشاکیشەوە هاوکارییم دەکردن و بۆم دەبردن.
لەوێوە پەیوەندییەکە رۆژبەڕۆژ پتەوتر بوو تا گەیشتە ئەو سەردەمەی کە بەرەی جود و حزبەکانی پەیدابوون، بەداخەوە دواتر شەڕی ناوخۆ، واتە لە سەرەتای هەشتاکاندا، پاش ئەوەی حزبەکانی بەرەی جود وەک هێزی کارا لە گۆڕەپانەکەدا نەمان، بەگشتی هەر یەکێتی لەناوچەکاندا مایەوە و باڵادەست بوو.
شەش نامەکەی مام جەلال لە گوندی خەتێ
دوای هاتنە خوارەوەی سەرکردایەتی لە زەڵی و ناوزەنگەوە، مام جەلال هاتە گوندی خەتێ و لەوێ بارەگای دانا، کاک زاهیری حاجی  ئاغای کۆیە ناسیارمە، خاڵی د.فوئاد و دکتۆر خدر مەعسومە، رۆژێک وتی: وەرە با پێکەوە بچین بۆ خەتێ بۆ خزمەت مام جەلال، دەستبەجێ رازیبووم، چونکە پێم خۆش بوو، پێکەوە چووین، لەوێ بە مام جەلال - یان ناساندم، دوای پشوویەک، مام جەلال شەش نامەی دامێ بۆ چەند ئا‌غا و سەرۆک عەشیرەتێکی وەک حسێن ئاغای سورچی، عوسمان بەگی ئاغای هەرکییەکان، کەریم خانی برادۆست، شێخ رەشیدی لۆلان و یەکێکیش بۆ کۆڕێ، تەنها ترسم لە عوسمان بەگ نەبوو، بۆیە راستەوخۆ خۆم چووم، لەوانی تر زۆر دڵنیانەبووم بە خەڵکی دیکەی دۆستی خۆیاندا بۆم ناردن، بەتایبەتی کە قۆناغەکە زۆر مەترسیدار بوو، دۆزینەوەی کەسی متمانەپێکراویش کاتی دەویست.

*ئەو هەڵوێستانەت تاچەند متمانەیەی بۆ ئێوە دروستکرد لای شۆڕش و سەرکردایەتی؟

-رۆڵی هەبوو، چونکە هەرچەندە من تا ئەوکاتەش پەیوەندیی ئۆرگانیم بە رێکخستنەوە نەبوو، بەڵام بۆ نموونە کەسێک هەبوو کە وەک هەزاران فەرمانبەری دیکە بەزۆر کرابوو بە جەیشی شەعبی، لەلایەن پێشمەرگەوە دەستگیرکرابوو، بردبوویانە مەڵبەندی چوار لە سماقوڵی کە ئەوکاتە تازە کاک کۆسرەت چووبووە دەرەوە، بەهۆی ئەو متمانەیەوە کە دروستم کردبوو، چووم و بووم بە کەفیلی و ئازادکرا.

هێنانەوەی تەرمی دوو کوڕەکەی کاک کۆسرەت
دوو کوڕی کاک کۆسرەت کە لەکاتی بۆردومانی فڕۆکەکاندا بۆ سماقوڵی شەهید ببوون، من هێنامنەوە بۆ هەولێر، دوای ئەوەی داوام لێکرا، پاش زیاتر لە 20 رۆژ کە لەوێ بە ئەمانەت نێژرابوون، بە ئۆتۆمبێلی خۆم و بە نهێنی هێنامنەوە بۆ ناو شار و بەخاکمان سپاردنەوە.
من پێشتریش نامە و پۆستی سەرکردایەتیی رێکخستنی هەولێرم لەگەڵ شەهید خالید تووتمەیی لە ماڵی کاک کۆسرەتەوە شار دەگەیاندە شاج و بە پێچەوانەوە، ئەوەش وای کردبوو پەیوەندییەکی پێشترمان هەبوو، بۆیە کە چووم، کاک کۆسرەت رۆژێکی بۆ دیاریکردم تا لە گوندی بێستانە یەکتری ببینین، پێشتر لیستێکی بۆ کردبووم بۆ دەرمان و پێداویستیی پزیشکی و ئازووقە، ئەوانەم هەموو بۆ بردبوو، ئەو جارەیان کە هێشتا ماڵ و منداڵەکەی نەبردبووە دەرەوە لەگەڵ خۆی، پێی وتم: دەبێت چارەسەرێکی ماڵ و منداڵەکەم بکەیت، ئەوان لە شاردا بە نهێنی ماونەتەوە، منیش بە راشکاوی پێموت: تەنها دەتوانم لای خۆم دایان بنێم، چونکە متمانەم بە کەس نەبوو، لەبەرئەوەی ئەو سەردەمە هێزەکانی کاک کۆسرەت گورزی قورسیان لە رژێم دەوەشاند، ئەوەش ژیانی ماڵ و منداڵەکەی خستبووە مەترسییەکی زۆرەوە، ئەویش ئەو بیرۆکەیەی پێ باشبوو، ئیتر بردمن بۆ ماڵی خۆم لە گەڕەکی رووناکی لە قاتی سەرەوە دامنان.

*رێکخستن تاچەند ئاگایان لەو کەین و بەینە بوو؟ 
-ئەوکاتە رێکخراوی هەولێر بەش بەش و پەرت بوو، لەنێویاندا کاکە زیاد عومەر تەها هەبوو، سەرپەرشتیی کەرتێکی رێکخستنی دەکرد، هاتوچۆی ماڵی کاک کۆسرەتی دەکرد، پەیوەندیمان لەگەڵ ئەو بەهێز بوو، جگە لەوانیش کاک بەیاری کوڕی ملازم عومەر و دلارام خانی دایکی و چرای کچی کاک نەوشیروان و هەندێک ناسیاوی تریان پەرت و بڵاویش ببوون، ئەمانە بە دوومانگ و سێ مانگ دەمانەوە و لە چاوی سیخوڕەکان دەمانشاردنەوە لەو خانووە و جارجار شوێنگۆڕکێشمان پێ دەکردن.

*هیچ رۆڵێکتان دەبینی لە هێنان و بردنی پیشمەرگەی چەکدار و ئەو مەفرەزانەی دەهاتنە شار و ناوچە نزیکەکانەوە بۆ چالاکی؟
-بەڵێ، زۆر جار رێکەوت وابووە مەفرەزە هاتوونەتە شارەوە بۆ چالاکییەک، بەڵام بەهۆی خراپیی دۆخەکەوە دەربازبوونیان ئاسان نەبوو، شوێنمان بۆ دابین دەکردن و دوو شەو و سێ شەو دەمانەوە. بەداخەوە زۆر جار هەندێک چالاکیی سەربەخۆ دەکرا کە بەبەرنامە نەبوو، هەندێک کەس دەبران بۆ لێپێچینەوە، دواتر دەردەکەوت هەر لە بنەڕەتەوە دۆستی شۆڕش و یەکێتین، ئەوەش جۆرێک ئیحراجیی بۆ ئێمە و کاک کۆسرەتیش دروست دەکرد، لە نموونەی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری خۆراکی هەولێر کە زۆرجار هاوکاریی دەناردە دەرەوە لە پێداویستی و ئازوقە. تەنانەت خەڵک هەبوو مانگانە بۆ خۆم 30 هەزار دیناری سویسریم لێ وەردەگرت کە دەینارد بۆ شۆڕش، ئەوکاتە زۆر لەو دەوڵەمەندانە هاوکاریی داراییان بۆ شۆڕش دەنارد، منیش رادەسپێردرام بۆ وەرگرتن و گەیاندنی هاوکارییەکان، بەتایبەتی لە ساڵانی 1985 تا 1988.

*پەیوەندیت بە هیچ کەسێکەوە هەبوو لەڕووی سەربازییەوە سەربە رژێم بێت و هاوکاریی شۆڕش و هێزی پێشمەرگە بکات؟ 
-
بەڵێ خەڵکی لەو جۆرەشمان هەبوو، بۆ نموونە بورهان بلەیی لە رووکاردا موستەشاری فەوج بوو، بەڵام بە نهێنی و لە تاریکیی شەودا بە چەکی خۆیەوە دەمانبردە لای کاک کۆسرەت، یەکێک لە رەبییەکانی فەوجەکەی خۆی لە بنەسڵاوە تەرخان کردبوو بۆ ئەو پێشمەرگانەی کە لەکاتی چالاکیدا رێگەی دەربازبوونیان لێ دەگیرا، ئیتر بەهۆی ئەو رەبییە چۆڵەوە خۆیان لەدەست هێزەکانی رژێم رزگار دەکرد و هەستیان پێ نەدەکرا تا دۆخەکە هێورد دەبۆوە، ئەوکات دەرباز دەبوون، یان رێوشوێنی دەربازبوونمان بۆ دەگرتنەبەر، هەروەها قادر بەگی برادۆستی کە بەداخەوە لە شەڕی ناوخۆدا لە سیدەکان شەهید بوو، 

*کاکە زیاد باس لەوە دەکرێت کە جەنابت لە دۆخێکی زۆر دژواری دوای ئەنفالەکان و پاش لێبوردنەکەی ساڵی 1988 خۆتان گەیاندووەتە سەرکردایەتی و قاسمەڕەش و لەوێوە نامەی رێکخستەوەی سەرکردایەتیی شارەکانتان هێناوە؟ ئەمە سەرکێشییەکی گەورە نەبوو لەو سەردەمە پڕ مەترسییەدا کە هیچ ئاوەدانییەک لە کوردستاندا نەمابوو؟ دەکرێت رووداوەکانی ئەو سەفەرە پڕ لە مەترسی و موجازەفەیەمان بۆ روون بکەیتەوە؟
-
دوای ئەوەی شاڵاوەکانی ئەنفال کۆتایی هات، خەڵک لە دۆخێکی ئەوپەڕی نائومێدیدا بوون، رۆژی 16/10/1988 لە رێگەی کاکە زیادی رێکخستنەوە ئاگادارکرام کە بچم سەرێک بدەم، بەڵام ئاگادارکرام کە بەر لە چوونم، دەبێت ئەو مەفرەزانە ببینم کە هێشتا لە ناوچە وێرانەکاندا مابوونەوە، وەک شەهید رێباز و ئاسۆ ئەڵمانی و بورهانی سەعید سۆفی، منیش چووم ئەوانم بینی پێش رۆیشتنم بۆ سەرکردایەتی. 
رۆژی 15ی 10 بەریدەکانی ئەو هێزانەمان کۆکردەوە و رۆژی دواتر بەڕێکەوتین، پێشمەرگەیەکمان هەبوو ناوی کاک سەمەد بوو، هەروەها پێشمەرگەیەکی تریش مام کەریم کە مێردی پوری کاک کۆسرەتیش بوو، بەرەو قاسمەڕەش بەڕێکەوتین. 

راسپاردەکانی کاک نەوشیروان و کاک کۆسرەت
لەوێ یەکەم هێز کە تووشمان بوو، لە نێوان سونێ و شێنی، هێزەکەی شەهید تەحسین کاوانی بوو. لەوێوە لەگەڵ شەهید تەحسین بەڕێکەوتین بەرەو قاسمەڕەش بۆلای کاک نەوشیروان، ئیزنمان لێ وەرگرت تا بچین بۆ سەردانی کاک کۆسرەت کە ئەوکاتە ماڵەکەی لە شاری مهاباد بوو، تا هەندێک نامە و راسپارەدی بۆ ببەین، کاک نەوشیروان بڕێک پارەی دا بە شەهید تەحسین بۆ رێگە و بەڕێکەوتین بەرەو مهاباد، بەرلەوەی بگەینە مهاباد لە شاری خانێ (پیرانشار) لە هۆتێلێک لاماندا بۆ پشوو، دوای پشوویەکی چەند سەعاتی هەمان رۆژ بەڕێکەوتین بەرەو مهاباد، لەوێ کاک کۆسرەت و شەهید عەبدولڕەزاق و شەهید حەسەن کوێستانی و مامۆستا بەکر مستەفامان بینی، تا 20ی مانگ ماینەوە و هاتینەوە بەرەو قاسمەڕەش. مام جەلال هەندێک جیهاز و دووربین و کەرەستەی سەربازیی لە شامەوە ناردبوو لەگەڵ خۆمان هێنامانەوە بۆ قاسمەڕەش  تا لەوێوە بیگەیەنینە دەستی مەفرەزە پارتیزانەکان و سەرکردایەتی. 

 

   لە راستەوە: کاک کەریم - شەهید فارووق جەبار - جوتیار جەبار - کاکە زیاد - ماڵی کاک کۆسرەت- مەهاباد مانگی 10ی  1988

 

 

*ئێوە کەی بوونە ئەڵقەی گرێدانەوەی سەرکردایەتیی شۆڕش بە سەرکردایەتیی شارەکانەوە و کێ رایسپاردن؟
-
لە سەروبەندی گەڕانەوەماندا دووبارە لای کاک نەوشیروان لاماندا، ئەو لەوێ لەناو چیایەکدا ئەشکەوتێکی کەمێک قووڵ هەبوو، دوو ژووریان هەر لەناو ئەشکەوتەکەدا بۆ دروستکردبوو وەک بارەگا بەکاریدەهێنا، پاش دانیشتن و نانخواردن لە ژوورێکیان کە شوێنی دانیشتنی گشتی بوو، بانگی کردین  بۆ ژوورەکەی تر، لەوێ پێیوتم ئێمە بڕیارمانداوە سەرکردایەتییەک لەناو شارەکاندا دروست بکەین، ئەو سەرکرایەتییە ئەرکی سەرپەرشتیی و رێکخستنەوە و ئیدارەدانی رێکخستنەکان دەگرێتە ئەستۆ، بۆیە هەندێک راسپاردە و ئەرکت پێ دەسپێرین، پاشان وتی: پاش کەمێکی تر کەسێک دێت، ئەو کەسە ببینە و لە نزیکەوە لەگەڵیدا رێکبکەوە، بەڵام تۆ دەتوانیت چی بکەیت و چ ئیمکانییەتێکت هەیە، خانوویان بۆ دەکڕیت یان بۆیان بەکرێ دەگریت، چۆن مشووریان لێ دەخۆیت ئەوە خۆت دەیزانیت و کەیفی خۆتە، پاشان وتی ئەو کەسەی لێرە دەیبینیت بۆ ئەوەیە کە هەرکاتێک پۆستی رێکخستن هەبوو، تەسلیم بەوی دەکەیت و بەپێچەوانەشەوە پۆست و بەریدی سەرکردایەتی لەو وەردەگریت بۆ رێکخستنی شارەکان بەتایبەتی هەولێر. 
ئیتر من لەگەڵ کاک نەوشیروان لەسەر هەموو شتەکان رێکەوتین، ئەوە مابوو رووبەڕووی ئەو کەسەم بکاتەوە و یەکتری بناسین کە کێیە تا بەریدی لێ وەربگرم یان بەریدی تەسلیم بکەم، پاش کەمێک ئەو پیاوەشیان هێنایە ژوورە بچووکەکە، کە هێنایان تەماشا دەکەم سەید رەئوفە، ئەو پیاوە بازرگانی فەرش بوو، مامەڵەی لەگەڵ باوکمدا هەبوو، هاموشۆمان هەبوو لەگەڵیدا، بۆخۆی خەڵکی قەڵادزێ بوو، بەردەوام کە دەهات سەردانی باوکمی دەکرد، بۆیە کە یەکتریمان بینی باوەشمان بەیەکتریدا کرد و ماچی یەکتریمان کرد، کاک نەوشیروان وتی: کەواتە ئێمە هیچ کێشەیەکمان نەما، مادام خۆتان ئەوەندە یەکتری باش دەناسن.

*چەند رۆژ لە قاسمەڕەش مانەوە و راسپاردەکانتان چۆن گەیاندە پارتیزانەکان و سەرکردایەتیی ناوشار؟
-
هەر ئەو رۆژە دەمەو ئێوارە بەڕێکەوتین، بەگەیشتنەوەشمان بۆ ناو سنووری باشووری کوردستان، کەوتینە بۆسەی رژێمەوە، چونکە خەڵکی کۆڵبەر و قاچاغچیش هەبوون لەو رێگەیە باسیان دەکرد کە بەردەوام بۆسە هەیە، زۆر بە وریاییەوە دەڕۆیشتین، لەبەرئەوەش کە هێشتا قەڵادزێ رانەگوێزرابوو و وێران نەکرابوو، رژێم زۆر بە سەختی سنوورەکانی قایم کردبوو. سەرباری خۆمان و بەریدەکان، دوو پێشمەرگەشیان پێدا ناردینەوە.
بەهەرحاڵ لە گەڕانەوەکەدا ئەو کوڕەی لەگەڵمدا بوو، ناوی کاک عومەر کۆڕێی بوو، بەجێمان هێشت، کە گەیشتینە ئەو شوێنەی باسی بۆسەیان دەکرد، لەوێ کەوتینە بۆسەکەوە، رێگەکە ئەوەندە باریک بوو، ئەو وڵاخەی پێمان بوو، دەبوو رووی لە چیابوایە و پشتی لە ئاو بوایە، نەیدەتوانی رێک بڕوات، لە شاخەکەی دەدا، دەیگەڕاندەوە بۆ ئاوەکە، ئاوەکەش زۆر بوو، ماوەکەش کەم بوو هەر 15 بۆ 20 مەترێک دەبوو، بەڵام بە دۆشکە و BKC لێیان دەداین، ئەوان لە بەرزاییدا بوون و ئێمە لەچاڵاییدا، بۆیە نەگەڕاینەوە، ئیتر تا گەیشتینە ناو رانیە، شەومان لێ داهات.

 

 مام جەلال لە شامەوە هەندێک جیهاز و دووربین و کەرەستەی سەربازیی ناردبوو بۆ سەرکردایەتی و پاریتزانەکان لەگەڵ خۆماندا بەشێکیمان هێنامانەوە بۆ قاسمەڕەش  بەشێکیشمان گەیاندە دەستی مەفرەزە پارتیزانەکان

 

 

*لەوێوە چوونە کوێ، بەرەو رانیە چوون یان قەڵادزێ و ژاراوە و سەنگەسەر؟
-
نەوەستاین هەتا گەیشتینە رانیە، چووینە ماڵی کاک تەیب وەرتی کە دۆستێکی خۆم بوو،  خۆی لەماڵ نەبوو، تەنها هاوسەرەکەی لەماڵەوە بوو، پێم وت ئەو میوانانە با لێرەبن، دەچم ئۆتۆمبێلێک دەهێنم، چووم ئۆتۆمبێلێکی ژمارە تایبەتیم هێنا، چونکە دووان لەوانەی لەگەڵماندا بوون، پێشمەرگە بوون، تا هاتمەوە کاک تەیب هاتبووەوە، بەڵام سەیر بوو بەلامەوە کاک تەیب هیچ لوتفێکی نەبوو بۆ میوانداریی و خوڵقی نان و چایی خواردن، سەرباری ئەوەی پێشتر زۆر نێوانمان خۆش بوو، دۆخەکەش هی ئەوە نەبوو موناقەشەی لەگەڵدا بکەم، پێموابوو دەترسێت و دەیەوێت زوو لەکۆڵی ببینەوە. 

ئەو پیاوەی لە پرسەی باوکم گەڕابووەوە
شۆفێرەکە لێی پرسیم تۆ خەڵکی کوێیت؟ وتم شەقڵاوە، وتی لەم رۆژانەدا لە پرسەیەک بووین لە شەقڵاوە، پرسەی رەسوڵ سەعدی، ئەوانەی پشتەوە ویستیان قسە بکەن، بەڵام زوو ئیشارەتم کردن و بێدەنگم کردن، ئینجا زانیم کاک تەیب بۆچی بەوجۆرە سارد و سڕ بووە، ئەو هەرسێ رۆژەکە لە پرسەی باوکم بووە، لەوێش منی نەبینیبوو، لە پرسەکە هەرکەس هەواڵی منی پرسیبوو، کەسوکارم پێیان وتبوون بە سوغرە گیراوە لەلایەن حکومەتەوە، لەوێ ئەوەش تێگەیشتم کە لە هۆتێلەکەی خانێ پشوومدا و سەرخەوێکم شکاند، خەونم بە باوکمەوە بینی، من هەروا وەک شتێکی ئاسایی وەرمگرت، بەڵام دواتر تێگەیشتم ئەوکاتەی خەونەکەم بینیووە، هەمان رۆژ باوکم مردبوو.
هەر ئەو رۆژە گەیشتینە هەولێر و ئەو پیشمەرگەیەم ناردە ئەو شوێنەی خۆی بۆی هاتبوو،  خۆی گەرمیانی بوو، ناوی عادل بوو، بەو دواییانە بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان بوو.

*کە گەڕایتەوە هەولێر و لە پرسەکەدا نەبوویت لەلایەن کەسوکارتەوە هیچ گومانێکت لەسەر دروست نەبوو؟ 
-
ئەوەی باش بوو بۆ من، دوو مەلامان هەبوو خەڵکی شەقڵاوە بوون، رژێم لەسەر وتاری هەینی نەفیی کردبوون بۆ باشووری عیراق، ئەوانیش مەلا عوسمان و مەلا عەزیز، کە تێمگەیاندن، وتیان هەرچی بوو بۆ ئێمەی بەجێ بهێڵە بۆت چارەسەر دەکەین، تەنها بڵێ من لۆرییەکەم براوە بۆ سوغرە و شەو چوومەتە ماڵی ئەوان، بەڵام باش بوو لەلایەن رژێمەوە من بانگ نەکرام، بەڵام هەڵوێستەکەی ئەوان زۆر جوامێرانە بوو.

 

*وەک ئاماژەتان پێکرد لەو ماوەیەی کە گەڕانەوە هەولێر دووبارە پرسەکە نوێ بۆوە، چۆن ئاگادار دەکرایت لە هەر گۆڕانکاریی و پێشهاتێک ئەگەر هەبووایە؟
-
پرسە لە شەقڵاوە و لە هەولێریش نوێ بووەوە بەو پێیەی من کوڕە گەورەی باوکم بووم، تا 15 رۆژ هیچ لەگۆڕی نەبوو، بەڵام رۆژێک بروسکەیەکی سەرەخۆشیم لە کاک کۆسرەتەوە پێگەیشت. دوای ئەوە بە ماوەیەک کوڕێک هات ژنێکی لەگەڵدا بوو، ژنەکە دووگیان بوو، پیاوەکە خۆی دابەزی وتی: من ناوم عەبدوڵڵایە، برای کاک عومەرم، ئەویش نامەیەکی کاک کۆسرەتی دامێ تێیدا نووسیبووی: «ئەو میوانە وا حساب بکە منم»، تومەس ئەو میوانە کاک مستەفا سەید قادرە بوو، بەڵام هێشتا ئەو نەهاتبووەوە، تەنها نامەکە هاتبوو، نزیکەی هەفتەیەک بۆ 10 رۆژ دوای ئەوە ئینجا خۆی هات، ئەویش لەرێگەی کاکە زیاد عومەر تەهاوە هات کە ئەویش هەر بە کاکە زیاد ناسرابوو، ئەوکاتە رێکخستن پچڕ پچڕ ببوو کاکە زیاد لێپرسراوی بەشێکی زۆری رێکخستنی هەولێر بوو، هەروەها کاک مەلا قادر کە ئامۆزای شەهید عەبدولڕەزاق بوو، لەگەڵ کاک فەرید ئەسەسەرد بەبێ ترس کاریان دەکرد.  کاک مستەفا سەید قادر و کوڕێکی دیکەش هەبوو ناوی مستەفا ئیبراهیم بوو، ئەویش هەر قەڵادزێی بوو لە رێکخستندا بەناوی شاسوارەوە ناسرابوو، هەردووکیان ماڵیان هێنایە ئەوێ، کاک مستەفا دوو ناوی رێکخراوەیی هەبوو، هەم عومەر و هەم عەزیز، لە کۆڵانی ئێمە عەزیز بوو، کە دەچووە دەرەوە بۆ ناو خەڵک عومەر بوو. ئیتر لێرەوە وردە وردە کارەکان خرانە سەر سکە و دەستکرا بە کاری رێکخراوەیی.

 

 

 


*چۆن سەرکردایەتیی شارەکان پێکەوە گرێ درانەوە و کێ رۆڵی هەبوو لەو بوارەدا؟
-
شەهید جەباری حاجی رەشید لە سلێمانییەوە زوو زوو دەهات، لانیکەم لە مانگێکدا دوو بۆ سێ جار دەهات، خۆی و شەمام خانی هاوسەریشی، ئەوکاتە کاک جەبار و شێخ عەبدول بە وەکاکەت سەرپەرشتیی رێکخراوی کەرکوکیان دەکرد، بەغدا لەلایەن دکتۆر خەسرەو گوڵ محەمەدەوە سەرپەرشتی دەکرا، دهۆک عارف روشدی بوو، ئەگەرچی ژمارەی رێکخستنەکانی دهۆک کەمتر بوون، تەنها 36 کەس بوون، ئەویش دوو سێ جار هات، بەڵام بەڕاستی بوێریی و چاونەترسیی شەهید جەبار بێ وێنە بوو، دەبوو ئێستا لەو سلێمانییە چەندین گۆڕەپان و شوێنی بەناوەوە بکرێت، چونکە ئەو بۆخۆی ژیانێکی شاهانەی هەبوو، تا بڵێیت کادرێکی هۆشیاربوو، زۆر قووڵ بیری دەکردەوە و دەوروبەرەکەی قەناعەت پێ دەکرد، جگەلەوەش زۆر زمان شیرین و خۆش مەعشەر بوو.

 

شەهید جەباری حاجی رەشید لە سلێمانییەوە لانیکەم لە مانگێکدا دوو بۆ سێ جار دەهات، خۆی و شەمام خانی هاوسەری، ئەوکاتە کاک شێخ عەبدول بە وەکالەت سەرپەرشتیی رێکخراوی کەرکوکی دەکرد، بەغداش لەلایەن دکتۆر خەسرەو گوڵ محەمەد - ەوە سەرپەرشتی دەکرا

 


«ئیهمالی جۆرێکە لەخیانەت و ئەنفالی رێکخستن بەڕێوەیە»
جارێک کاک نەوشیروان نامەیەکی نارد، تێیدا نووسیبووی: «زۆر ئاگاتان لەخۆتان بێت، ئیهمالکردنیش بە خیانەت حساب بکەن، لەبەرئەوەی دوژمن بەرنامەیەکی بەدەستەوەیە، ئەنفالی رێکخستن دەستپێبکات».
هەر دوای ئەو نامەیەی کاک نەوشیروان، دەرکەوت زانیارییەکان راستە، چونکە دەستکرا بە گرتنی رێکخستنەکان لە خەلیفان، لە هەولێر، بەڵام ئێمە کەسێکمان هەبوو لەناو ئەمنی گشتیی (شیمال)، زۆر سوودمان لێ دەبینی، ئەو کەسەمان لەرێگەی فەرحان قرژەیی-ەوە ناسی، ئەو فەرحانە ئامر مەفرەزەی ئەمن بوو، بەڵام سەربە (ئەمنی شیمال) بوو، ئەوە بە وتەی خۆیان سەرپەرشتیی ئەمنی ناوچەی حوکمی زاتی دەکرد. ئەو کەسە ناوی قەحتان بوو، پلەی نەقیبی هەبوو، رێکەوت وابوو خەزووری ئەو قەحتانە هاتوچۆی شەقڵاوەیان دەکرد، باوکم دەیناسی، بەڵام ئەوکاتەی ئێمە لەرێگەی فەرحانەوە ناسیمان، پلەی ببووە رائید، ئەوکاتەش رائیدی ئەمن و عەرەبی سوننەش بێت زۆر دەستی دەڕۆیشت و بەرپرسی بەشی (تەوجیهی سیاسی) بوو، ئەو پیاوە تەلەفۆنمان بۆ دەکرد، شوێنێکی بۆ دیاری دەکردین، دەچووین زۆربەی زانیارییەکانی بۆ دەهێناین، کە هەڤاڵێکمان دەستگیردەکرا، پێی دەوتین لەکوێ و لەسەرچی گیراوە و کێ ئیعتیرافی لەسەر کردووە یان کێ راپۆرتی لەسەر داوە، ئەمەی لەبەرامبەر شتدا دەکرد، پارەی وەرنەدەگرت، بەڵام دەچووە دوکانێک سەلاجە و موجەمیدە و غەسالە و ئەو شتانەی دەبرد و ئیتر ئەو هەقی نەبوو، خۆمان پارەکەیمان دەدا، یەکجار نەبێت کارێکمان پێکرد، لەبەرامبەردا فەرشێکمان دایە.
*کەی رێکخستنەکانی ئێوە کەوتنە بەر شاڵاوی گرتن و راوەدوونان و چۆن شوێنەکەتان ئاشکرابوو؟
-وەک پێشتر وتم ئەو زانیارییانەی لە نامەکەی کاک نەوشیرواندا هاتبوو، رێک وادەرچوو، دەستکرا بە ئەنفالی رێکخستن، یەکەم وەجبەی هەولێر کاکە زیاد عومەر تەها و گروپەکەی دەستگیرکران لەلایەن ئیستیخباراتی عەسکەرییەوە، دواتر زانیمان کە لەکوێوە ئیخباری کراون و چۆن گیراون و دۆسێکەیان چییە، کۆمەڵێک دەستگیرکران، بەشوێن ئەوانەدا زۆر ماندوو بووین، ئەگەر بابەتەکە تۆڕێکی ریکخستن بووایە، هیچمان بۆ نەدەکرا، بەڵام زانیارییەکانمان دەستدەکەوت و دەمانتوانی تاکتیکی کاری رێکخراوەیی بگۆڕین تا دەستگیرکردنەکان خەڵکی دیکە نەگرێتەوە.
شێوازی ئاشکرابوونمان بەو جۆرە بوو، پێش شەهید جەبار، کاک شاسوار فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووبوو، پێمانزانی، برادەرێکمان لە زیندانەوە هەواڵی نارد، بۆیە بەپەلە فریای کەوتین، کاک شاسوار سەرباز بوو لە باشووری عیراق، برایەکی هەبوو کەسێکی ناردبوو کە ئاوەڵزاوای کاک شاسوار بوو، لە فەوجەکەوە هێنایەوە، بەڵام پاش نیوسەعات لە دەرچوونی ئەوان لە سەربازگەکە، چووبوون لەوێ بیگرن، دوای ئەوەی ئەوان دەرچووبوون، فەوجەکە سەرژمێرکرابوون، گرتنی ئەویش مەترسییەکی گەورەی لەسەر رێکخستنەکان دروست دەکرد، ئێمە لەگەڵ شەهید جەبار رێکەوتین کە کاک شاسوار دەبەین تەسلیمی سازمانی خەباتی ئێرانی دەکەین تا بۆمان بگەیەننە ناوچەی سەرکردایەتی لە قاسمەڕەش و نۆکان و شێنی، دوای ئەوەی ئەومان دەربازکرد، شەهید جەبار دەڕوات بۆ بەغدا تا هەرچی بەرید لای دکتۆر خەسرەو هەیە بیهێنێت و یەکشەممە بێتەوە بۆلای ئێمە، بەڵام بەداخەوە کە دەڕوات هەر لە بازگەی تاسڵوجە دەگیرێت و دەیهێننەوە بۆ ئەمنی سلێمانی، ئێمەش کەسمان ئاگامان لەو رووداوە نەبوو.

دوای دەستگیرکردنی شەهید جەبار حاجی رەشید
شەمام خان قسەی لەگەڵ ماڵی ئێمە کردبوو و کاک مستەفا قسەی لەگەڵ شەمام خان کرد، شەمام خان وتبووی هیچ میوانی سلێمانیتان نەهاتووە؟ دیسانەوە بە تەلەفۆن شەمام خانمان وەرگرتەوە، بەڵام من قسەم نەکرد، شەمام خان وتی لە دوێنێوە جەبار کە دەرچووە، تەلەفۆنی نەکردووە، دەبوو لە بەغداوە تەلەفۆنی بکردایە، نەهاتووە بۆلای ئێوە؟ کاک مستەفا وتی نەخێر، دیارە ئەو ناوە نهێنییەکانی وت، ئیتر دوای تەلەفۆنەکە چووین نەخۆشخانەکان گەڕاین، وتمان نەوەک هاتبێت بۆ ئێرە و لەرێگە تووشی کارەساتی هاتوچۆ بووبێت، دوای سۆراغ کردنی بەتەواوەتی نائومێد بووین.
هەندێک میوانمان هاتبوو، یەکێکیان بورهان بلەیی بوو کە لە سەرەتاوە باسمکرد، شەو لەگەڵ کاک مستەفا و بورهان بلەیی دانیشتبووین، پێشتر کاک جەبار دوو شوێنی بۆ دروست کردبووین کە شوێنێکیان شەش کەس دەیتوانی لێی دابنیشن بەبێ ئەوەی کەس هەستی پێ بکات، مەگەر کەسەکە لە خۆمان بوایە، یاخود زۆر پسپۆڕی ئەو شێوازی کارە نهێنییانە بوایە، چونکە لەناو حەمامەکەوە بۆی دەچوویت، ئەوەش خانوویەک بوو بۆخۆم لەسەر حسابی خۆم بە 19 هەزار دیناری سویسری کڕیبووم، گوایە بەکرێ داومەتە هەردوو کاک مستەفا، بەڵام شوێنی کۆبوونەوە و خۆ حەشاردان بوو.

راکردنی کۆڵانە و کۆڵان
لەپڕ شەو سەعات 12 بەدواوە دایان بەسەرماندا، من بۆخۆم دەستبەجێ هەڵهاتم دیوارە و دیوار، نزیکەی نۆ ماڵم لەدیوی دواوە بڕی و لەودیوەوە چوومەوە ماڵی دووەمی دراوسێی خۆمان، ماڵی کاک عەلی بوو کە برای شەهید فاروق جەبار و کاک جووتیاری رەحمەتی بوو، بەڵام لەبەرئەوەی بەپێی پەتی رامکرد، قاچم بریندار ببوو، لە دیواری پشتەوە خۆم هاویشتە ماڵیانەوە، بەو نیوەشەوە، وتیان ئەوە خێرە، وتم هەرچواردەورمان گیراوە، ئیتر لە ماندوێتیدا خەوم لێکەوت، کاتێک بەخەبەریان هێنام، سەعات شەشی بەیانی بوو، کاک سابیرێک هەبوو ئامۆزای کاک عەلی بوو، وتی: دەچم بۆ فڕن، بزانم ئەوانە لێرە ماون یان نا؟ دواتر زانیمان نەک هەر لەوێ ماون، بەڵکو هێزی زیاتریشیان داواکردبوو، هەموو گەڕەکەکەیان ئابڵۆقە دابوو.

*دواتر چۆن دەربازبوویت لەو شوێنە ئابڵوقەدراوە؟
-کاک عەلی پاسی گواستنەوەی کرێکاری هەبوو، وتی: من سەعات 7 مەوعیدی کرێکارم هەیە،، ئەگەر خۆم دەربازبووم، هەوڵدەدەم شتێکت بۆ دەنێرم، ویستم لەگەڵ ئەو دەربازببم، بەڵام دەرگای پاسەکە رووی لە جادەکە بوو، بۆیە نەدەکرا من لەگەڵ ئەودا بڕۆم، نیوسەعات دوای ئەوە بە منداڵێکدا دەفتەر خدمەیەکی سەربازیی بۆ ناردم.
سەعات بوو بە هەشتی سەرلەبەیانی، دەستیانکرد بە پشکنینی ماڵەکان، کە لە دەرگای ماڵی کاک عەلی-یان دا، چوومە دواوە و حەوشەی دواوەی ئەوانیشم بەجێهێشت، چوومە ماڵێکی تەنیشتیان، ماڵەکە نەیانزانی، دوای پشکنین کە دەرگاکەیان داخستەوە، خاسێ خان-ی هاوسەری کاک عەلی هات و هاوارێکی لێکردم و چوومەوە بۆ ماڵی ئەوان، سەعات بوو بە 8:30 ، بە خاسێ خانم وت: بڕۆ دەرەوە چاودێرییەک بکە، کە گەڕایەوە وتی دوو چەکدار لەوسەری کۆڵانەکە وەستاون و ماڵی ئێوەش هەمووی گیراوە، ناردمە ماڵەکەی ئەوبەرەوە و وتم دەرگاکەیان بخە سەرپشت و لێیگەڕێ، پاشان بەبێ ئەوەی خۆم تێکبدەم، پەڕیمەوە ئەوبەر بۆ ماڵی کاک سابیر کە هاوسێمان بوو، دارێکم بەدەستەوەگرت و خۆم کووڕ کردەوە و پەڕیمەوە، کەس دەنگی نەدام، لەوێشەوە چوومە پشتەوە، لەپشت ئەو ماڵەوە زەوییەکی کەلاوەی بەتاڵ هەبوو، بەپەلە رۆیشتم و نەشمدەوێرا سواری تاکسی ببم، نەوەستام هەتا باداوا، لەوێ چووم بۆ ماڵێک خزمم بوون، برایەکی تەنکەری نەوتی پێبوو، پێموت بڕۆ تراکتۆرەکەت ببە کۆڵانی ئێمە بەناوی نەوت فرۆشتنەوە، سووسەیەکی کۆڵانەکەمانم بۆ بکە و بزانە دۆخەکە چۆنە، رۆیشت و هاتەوە براژنمی بینیبوو، پێی وتبوو هەموو ماڵ و منداڵ و میوان و هەموو شتێکیان بردووە، ماڵەکەش بە سەرباز تەنراوە.

ماڵی خەسووی کاک کۆسرەت، مەکۆی یەکگرتنەوە
 ئیتر لەوێش رۆیشتم و چووم بۆ ماڵی پوورە تەمینی خەسووی کاک کۆسرەت کە ماڵەکەیان لە چۆڵەوانییەک بوو. پوورە تەمین دوو کوڕی هەبوو یەکێکیان شەهید محەمەد زەنگەنە بوو، لەسێدارە درابوو، ئەوی دیکەشیان دکتۆر نەزمی بوو، دوای ئەوەی کاک مستەفا سەید قادر و کاک شاسوار لەگەڵ دکتۆر نەزمی یەکیانگرتبووەوە، زۆر گەڕابوون بەشوێن مندا، هیچ سۆراغێکیان دەست نەکەوتبوو، هاتنەوە بۆ ماڵەوە، کە منیان بینی زۆر گەشانەوە، لەوێ کاک شاسوار وتی: ئەو تەلەفۆنەی دوێنێی ماڵی کاک جەبار و شەمام خان بابەتەکەی ئاشکراکردووە، دوو رۆژ بەو حاڵە ماینەوە، لەرێگەی فەرحانەوە ناردمان بەشوێن قەحتاندا، کە قەحتانمان بینی وتی: شاسوار کێیە ئەوە بدۆزنەوە، ئیتر ماڵ و منداڵەکەی تۆ هەموویان ئازاد دەکرێن، وتم من نازانم و نایناسم، وتی چۆن دراوسێی تۆیە! ئەو وردەکاریی ئەوەی نەدەزانی کە من خانووەکەم بۆ کڕیون، وتی ئەو سەربازە، چوون بیگرن لە سەربازگەکە، لەوێ نەماوە و هەڵهاتووە، پاشان وتی: یەک مانگ مۆڵەتت هەیە تا دەیدۆزیتەوە، شاسواریش و کاک مستەفاشم لەگەڵدا بوون، بەڵام لە دەرەوە وەستابوون... ماوەیەک بەبێ ترس دەگەڕام، بەڵام دەبوو رۆژی دووجار تەلەفۆنی بۆ بکەم و بڵێم نەمدۆزیوەتەوە.

 

     لە ئەبوغرێب هەموومان براینە دوو ژوور، زۆربەی هەڤاڵان لەوێ یەکمانگرتەوە، وەک: شێخ عەبدول، بەختیار ئەولی، سامان مەولود، شەهید رزگار، کارزان، لەوێش دووبارە رایەڵەکەمان دروستکردەوە و کۆمیتەیەکمان پێکهێنا بەناوی کۆمیتەی باوەڕ، هەر بەناوە نهێنییەکەی شەهید جەبارەوە

 


*ئەدی دوای ئەو مانگە چۆن خۆت قوتارکرد و چارەنووسی منداڵەکانت بەچی گەیشت؟
-
بۆ وەرگرتنەوەی شتەکانی ناو ماڵەکە، فەرحان خۆی لێکردە خاوەن و بڕی 20 هەزار دیناری سویسریمان دا تا دەربازمان کردن، گوایە شتی فەرحانە و هێشتا نەگەیشتۆتە دەستی، ئەوە جگەلەوەی ئۆتۆمبێلەکەی خۆم و ئەوەش کە کاری رێکخستنم پێ دەکرد، ئەویشیان برد. جگە لە ئۆتۆمبێلەکەی رێکخستن هەموویمان وەرگرتەوە، چونکە ئەو ئۆتۆمبێلەیان خاوەنی نەبوو، ئەوەیان نەگەڕاندەوە.
دواجار رائید قەحتان پێی وتم: هیچ مەجالێک نییە، لە ئەمنی سلێمانی داوات دەکەن لەسەر شاسوار، دەبێت بچیت بۆ ئەوێ، منیش وتم باشە، ئەو ناوە نهێنییەکانی هەمووی وت کە لە تەلەفۆنی ماڵی ئێمەوە ناویان هێنراوە، بەڵام قەناعەتم بە قەحتان کرد کە شاسوار قەڵادزێییە، هاتووە بۆ ئێرە، لەو کۆڵانەش تەنها من تەلەفۆنم هەیە و دراوسێکان دێن لەوێوە تەلەفۆن دەکەن من چاودێرییان ناکەم و دەستیش بەڕووی کەسەوە نانێم، بەڵام ئەمن گومان دەخەنە سەر شەهید جەبار کە ئەو هەموو تەلەفۆنەی بۆ دەکرێت و ئەویش لەوێوە تەلەفۆن دەکات، ئەم پەیوەندییە زۆرەی هەولێر و سلێمانی دەبێتە جێگای سەرنجیان، پێشتریش تۆڕێکی رێکخستن لە سلێمانی دەستگیرکرابوون، مامۆستا ئەحمەد و وەستا بەکر و ئەوانی تر، لە ماڵی یەکێکیان لیستی ناوی نهێنیی هەموو رێکخستنەکان دەستی بەسەردا گیرابوو و ئاشکرا ببوو، بەهەرحاڵ دوا قسەی قەحتان ئەوەبوو لەپاش مانگەکە وتی: هیچ مەجالی تێدا نەماوە وتی من دەتبەم بۆ ئەمنی سلێمانی، وتم باشە، هەر بەراستیش وردە وردە ماڵ و منداڵەکانمیان ئازاد کرد، کاک مستەفاش وتی: ترست لە کاک جەبار نەبێت، چەند لەمن دەترسیت، ئەوەندەش لەو بترسە، ئەو پیاوێکی قارەمان و ئازایە.

بەپێی خۆم چووم بۆ ئەمنی سلێمانی
رۆژێک چووم بۆ ئەمنی سلێمانی لە پرسگەکە دانیشتم، دواتر بانگیان کردم بۆ ژووری ئەفسەرێک بەناوی نەقیب ماجید، بەبێ ئەوەی بەخێرهاتنم بکات، دەستبەجێ دەستی بەقسە کرد و وتی: زیاد هیچ خۆت ماندوو مەکە و ئێمەش ماندوو مەکە، رێکخراوی هەولێرمان پێ بڵێ، دارایە، پۆڵایە، نەبەزە، تا نزیکەی ناوی شەش کەسی وت، وتم ئەوە تۆ باسی چی دەکەیت، من لەو گەڕەکەم تەنها من تەلەفۆنم هەیە، بۆیە خەڵک زۆر دێت بۆ ماڵی ئێمە، هەمان چیرۆکی پێشووم بۆ ئەویش گێڕایەوە، ئیتر وتی دەتەوێت ماندوومان بکەیت؟ جەڕەسێکی لێدا و وتی: جەبار بانگ بکەن. شەهید جەباریان هێنا، ماجید بە کاک جەباری وت قسە بکە جەبار، باش بوو ماجید تەماشای نەدەکردین، شەهید جەبار دووجار چاوی راستی بۆمن ترووکاند، بەبێ ئەوەی ماجید بیبینێت، وتی: بەڵێ من چوومەتە ئەو ماڵە و لەگەڵ مستەفا ئیبراهیم دەروێش بەریدمان گۆڕیوەتەوە، بێگومان شەهید جەبار دڵنیابوو لەوەی کە کاک شاسوار دەربازی ئێران بووە، بۆیە ناوی ئەوی هێنابوو، منیش وتم ئەوە راست نییە، چی تەسلیم کردووە من نازانم، بەڵی هاتووە بۆ ماڵی من، ئیتر من نازانم چی کردووە و چی نەکردووە، ئەوان هاتوون تەلەفۆنیان بەکارهێناوە، پێشتر قەحتان پێی وتبووم لە ژوورەکان وریابن لە قسەکردن، ئەگەری هەیە مایکرۆفۆنی لێ دانرابێت، ئیتر لەوێ دەستیان بەستمەوە و بردیانمە ژوورێک لەگەڵ شەهید جەبار، تا پێنج رۆژ بەو جۆرە مامەوە، بەڵام لەو ماوەیەی لەوێ بووم شەهید جەبارم دڵنیاکردەوە لەوەی کە هەموو هەڤاڵان سەلامەتن چ شەمام خان، کاک ئاکۆ محەمەد وەهبی، کاک مستەفا سەید قادر، شەهید جەباریش جگە لە کاک شاسوار ناوی کەسی تری نەهێنابوو، چونکە لەوە دڵنیابوو کە ئەو دەربازبووە، بەڵام ئەوەی ئەوانی بەئاگا هێنابۆوە ئەو بەڵگەنامانە بوو کە گیرابوو، ناو و ناوی نهێنییەکانیان هەموو بەراورد کردبوو، خۆیان شیکارییان بۆ کردبوو و وردە وردە گەیشتبوونە سەرەداوەکان.

شەهید جەبار هەموو گرفتەکانی خستبووە ئەستۆی خۆی
کاک جەبار ئەوەندەی توانیی زۆربەی گرفتەکانی خستە ئەستۆی خۆی، تا کەمترین زیان بەر هاوڕێیانی رێکخستن بکەوێت و وایکرد بەرپرسیارێتییەکەی هەمووی خستە ئەستۆی خۆی و باری شانی هەمووانی سووک دەکرد، هەرچەندە ئەمن زۆریشیان لێ دەکرد، چونکە ئەو جیڤارایەک بوو بۆخۆی لە سیاسەت و کاری رێکخراوەییدا.
پاش ماوەیەک رەوانەی دادگای سەورە کراین و بەرلەوە کەرەستەیان بۆ هێناین بۆ ریش تاشین، پارچەیەک ئاوێنەی گەڕ و قتویەکی پەنیر پڕ لە ئاوی سارد و پارچەیەک سابوون و یەک لەتە گوێزان دەبوو نزیەکی 30-35 کەس ریشی پێ بتاشێت، هەموو روخساری خۆمان بڕیبوو، سەیر بوو رۆژی دادگاییەکەشم هەر هەمان مێژوو بوو، چونکە من لە 16ی مانگی 10 ی 1988 لە قاسمەڕەشەوە بە راسپاردەکانەوە گەڕامەوە بۆ هەولێر، هەمان رۆژ باوکم مردبوو، لە 16/10/1990ش دادگایی کرام و حوکم درام بە 10 ساڵ.
پاشان ئێمەیان برد بۆ بەشی ئەحکام خاسە وەریان نەگرتین، ئینجا بردیانین بۆ بەشی (پێشوازی!) ئەو رۆژە براینە دوو ژوور، ژوورەکان بە شیش دروستکرابوون، زۆرێک لە هەڤاڵان لەوێ بوون وەک: شێخ عەبدول، بەختیار ئەولی، سامان مەولود، شەهید رزگار، کارزان، ئیتر لەوێ دووبارە رایەڵەکەمان دروستکردەوە و کۆمیتەیەکمان پێکهێنا بەناوی کۆمیتەی باوەڕ هەر بەناوە نهێنییەکەی شەهید جەبارەوە، هێشتا نەمانزانیبوو کە مستەفا سەید قادریش گیراوە.

یەکەم مواجەهەمان لەگەڵ کەسوکاردا
یەکەم سەردانی کەسوکار کە هاتن بۆلامان، خەسووی کاک کۆسرەتیان لەگەڵدا بوو، بەوە زانیمان کە کاک مستەفاش گیراوە. رۆژێک رامسپاردن بانگ بکەن بزانن عەبدوڵڵا سەید قادر لەکوێیە، ئەگەر هەبێت وەڵام دەداتەوە، بەڵام لەجیاتی عەبدوڵڵا، کاک مستەفا دوای ناسینیان دەڵێت کێ ئێوەی راسپاردووە، دەڵێن زیاد، ئەویش دەڵێت دەبڕۆن پێی بڵێن (باوکی ئاگا) لێرەیە! ئیتر 50 دینارم دا تا بیگوێزنەوە بۆلای ئێمە، بەڵام گواستیانەوە بۆ قاوشی بەرامبەرمان. دواتر هەرچۆنێک بوو گواستمانەوە بۆلای خۆمان و یەکسەر کەوتەوە کار. 
لەڕێی سەردانەکانەوە، کۆمیتەکەمان هەتا من ئاگاداربووم گەیشتە 160 کەس، دواتر وتیان گەیشتۆتە 200 کەس.

*ئێوە چۆن بە دۆخی راپەڕین و کۆڕەو و دانوستانی بەرەی کوردستانی و حکومەتتان زانی لە زیندانەوە، پاشانیش لێبوردنی گشتی دەرچوو، بەڵام ئێوە ئازاد نەکران؟ ئەو دۆخە چ هەستێکی لەلا دروستکردن؟
-
بەوەی کەس نەدەهات زانیمان کە راپەڕین بووە، زانیشمان کە کۆڕەو بووە و دابڕانێک لەنێوان کوردستان و بەغدادا دروست بووە، بەڵام دواتر دۆخەکە تاڕادەیەک ئاسایی بووەوە، مواجەهەمان کرا، زانیمان گفتوگۆ هەیە.

کاک نەوشیروان و د. فوئاد مەعسوم لە ئەبوغرێب
 رووداوەێکی سەیر روویدا، رۆژێک بە بڵندگۆ هاوارکرا مستەفا سەید قادر، ئێمە لێنەگەڕاین بچێت، چونکە ئەو بەو ناوەوە نەگیرابوو، لەوێ ناوی عومەر مەحمود ئیسماعیلە، هەموو بەڵگەنامە تەزویرەکانی بەو ناوەوە بوو، سێ چوار رۆژ دوای ئەوە فەرەیدون دارتاش بانگ کرا، کە چووبوو، د. فوئاد مەعسومی بینیبوو، ئەوەی پیشتر کاک نەوشیروان بوو کە هاتبوو، بۆیە کە کاک فەرەیدون گەڕایەوە پێی وتین چی بووە، دوای ئەوەش کاک کۆسرەت پارەی بۆ دەناردین بۆ کاروباری رێکخستن و تەسلیم بە کاک مستەفا دەکرا، بەڵام ناخۆشترین کاتمان لەوێ، کاتی کۆڕەوەکە بوو، چونکە زانیبوومان بەهۆی ئەوەی رادیۆیەکمان بەنهێنی پەیداکردبوو، ئەگەرنا قەدەغە بوو.
بۆ ئازادبوونەکەشمان ئەوە رۆڵی راپەڕینی سێیەم و شەڕەکانی ناوچەی کفری و گەرمیان بوو، هەرچەندە لێبووردنی گشتی لە مانگی حەوت دەرچووبوو، بەڵام رژێم جێبەجێی نەدەکرد، بەڵام وەک دواتر زانیمان لەو شەڕانەی راپەڕینی سێیەمدا نزیکەی 10 هەزار سەرباز و 200 ئەفسەر دیل کرابوون، کاک جەبار فەرمانی رەحمەتی کردبووی بە مەرج کە ئازادبوونی ئەو سەرباز و ئەفسەرانە، پەیوەستە بە جێبەجێکردنی بڕیاری لێبوردنەکەوە. هەرچەندە هەندێکیان ئازادکردبوون پێشتر، چونکە ئەوانەی وەک سەربازی هەڵهاتوو گیرابوون، نێردرانەوە بۆ وەحدەکانیان یان بۆ تەجنیدەکانیان، بەڵام ئێمەیان وەک سیاسی هێشتبۆوە، دواجار لەژێر ئەو گوشارەدا هەر ئازادبووین و بە رێوڕەسمێکی جەماوەریی فراوان پێشوازیمان لێکرا و یەکەم شوێنی کارکردنیشم لە دوای ئازادبوونم، بەرپرسیارێتیی ئیدارەی هۆتێلە سیاحییەکەی شەقڵاوە بوو کە وەک بارەگای سەرەکیی بەرەی کوردستانی و میوانخانە سوودی لێ دەبینرا و زۆربەی کۆبوونەوە گرنگەکان لەوێ بەڕێوەدەچوون.

 

لە راستەوە: مەحموود سەنگاوی -  شێخ جەعفەر - نەوشیروان مستەفا، قاسمەڕەش

بابەتە پەیوەندیدارەکان