تەها عەبدوڵڵا
عیسا حسێن سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، وتی: وەك یەكێتیی مامۆستایانی هەولێر، نیگەرانین لەوەی لە بازگەی دێگەڵە بەرامبەر بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی كرا و توندوتیژییان بەرامبەر كرا و گرژیی دروستبوو، لەكاتێكدا ئەوان تەنیا داوای مافەكانی خۆیان كردووە، وتیشی: مامۆستایان خەباتی مەدەنییان هەڵبژاردووە بۆ گەیاندنی داواكارییەكانیان بە حكومەت و دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان، بۆیە دەبوو بە گوڵ پێشوازییان لێبكرێت، نەك بازگە بە روویاندا دابخرێت و توندوتیژییان بەرامبەر بكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد كە چەكی دەستی مامۆستا قەڵەمە و هیچ جۆرە توندوتیژییەكیان نەنواندووە و داوای مافی خۆیان و سەرجەم مووچەخۆرانی بەشخوراوی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام بەداخەوە بەو جۆرە پێشوازییان لێكرا، لەكاتێكدا ئەوان هاتبوون بۆ هەولێر كە پایتەختی كوردستانە و لەسەر هیچ كەس و لایەنێك تاپۆ نییە.
هەر لەبارەی ئەو رووداوەوە، نیشتمان مستەفا ناوپردانی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی سەوز، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی بەشێوەیەكی مەدەنی لە هەرێمی كوردستاندا مافێكە و بە یاسا رێگەپێدراوە و نابێت رێگەی لێبگیرێت، وتیشی: ئەوەی دوێنێ لە بازگەی دێگەڵە روویدا، پێشێلكردنی یاسایەكی كارپێكراوە، كە خۆپیشاندەران بەشێوەیەكی مەدەنی هاتبوون داوای مافەكانی خۆیان دەكەن، بۆیە بە هیچ جۆرێك ناكرێت رێگە لە خەڵك بگیرێت لە شارێكەوە بچێتە شارێكی تر.
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، وتیشی: مامۆستایان و مووچەخۆران، داواكارییەكەیان رەوایە و لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی كوردستاندایە و پێویستە حكومەتی هەرێم و لایەنی بەرپرس بەدەنگیانەوە بچێت و بەڵێنی جێبەجێكردنیان بدات.