كوردستانی نوێ، لە رێگەی هاوكارمان تەها
سلێمان، كە لێپرسراوی لاپەڕەی جینۆسایدی رۆژنامەكەمانە، بەهەماهەنگیی لەگەڵ هابیل
حاجی ئەحمەد بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفالكراوان لە چەمچەماڵ، لە راپۆرتێكی
پڕزانیاریدا، دۆزینەوەی كچێكی ناو رووداوەكانی ئەنفال، رادەگەیەنێت.
هابیل حاجی ئەحمەد بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفالکراوان
لە چەمچەماڵ، لەڕاپۆرتێکی پڕزانیاریدا تایبەت بەکوردستانی نوێ ڕوونی دەکاتەوەو دەڵێت،
(لە کاتی سەرقاڵیمان بە پرۆسەى وەرگرتنی زانیاریی و نموونەی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان
لە مۆنۆمینتی چەمچەماڵ، ژن و پیاوێک هاتن بۆلامان و کوردییان نەدەزانی و بە
تورکمانی قسەیان دەکرد)!
هەروەها دەڵێ (کچەکە بە چاوی پر فرمێسکەوە پێیگوتم
هاتووم پشکنینى DNAـم بۆ بکەن، بەمەبەستی
ناسینەوەی کەسوکارەکەم).
پێمگوتن ئەمە تەنها بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان
دەبێت، بۆ تۆ نابێت.
ژنەکە کە لە تەمەنێکى گەنجدا بوو، وەڵامى
دامەوە و گوتی؛ یارمەتی هەیە بچینە ژوورێک و دانیشین و گوێم بۆ بگریت؟
دەشنووسێ (فەرمووم لێکردو کاتێک دانیشتین و
گوێم بۆگرت، ئەو کچەى من بە تورکمانم دەزانى هاتە قسە و گوتی: من خەڵکی
دووزخورماتووم، ئەم پیاوەش هاوسەرمە و شەش مانگێک دەبێت هاوسەرگیریمان کردووە، من
کوردم؛ دایکم لە ساڵی 1988 لە پرۆسەی ئەنفالدا لە سەنتەرى لاوان (مرکز شباب)ـى
خورماتوو، ژانى مناڵبوون هەڵیدەپێچێت و پاسەوانەکانی ئەوێ دەیبەن بۆ نەخۆشخانەی
خورماتوو، بەمەبەستی مناڵبوون. ئەو کەسەى ئەو رۆژە لەدایکدەبێت من بووم.
بەڵام پاسەوانەکان دایکم دەبەنەوە بۆ (مرکز
شباب)ـەکە و من بەجێدەهێڵن و ژن و پیاوێک کە هەردووکیان پەرستار دەبن لەو نەخۆشخانەیە،
خاوەنی سێ مناڵى کوڕ دەبن، من هەڵدەگرنەوە و ناسنامەم بۆ دەردەهێنن و من دەکەن بە
مناڵی چوارەمی خۆیان ناوم دەنێن (.....) دواتر منداڵێکی دیکەیان لەدایکبوو کچ بوو،
بەوەش بووین بە دوو خوشک و سێ برا.
هەروەها ئەو ژنە بۆ هابیلی گێڕاوەتەوە (هیچ
کات لە روویان نەداوم و منیش هەستم بە هیچ نەکردووە کە من کچی راستەقینەى ئەوان نەبم،
تاوەکو پۆلی نۆى بنەڕەتییم خوێندووە و ئێستاش لە شاری خورماتوو خورماتوو دوکانی
ئارایشتگام هەیە).
هابیل دەنووسێ (من بە تاسەوە گوێم بۆ گرتووە
و ئەویش بەردەوامە لە گێڕانەوەى سەرگوزشتەى ژیانى خۆی و دەڵێت : لەکاتی ئاهەنگی
گواستنەوەم، بەر گوێم کەوت، خزمەکانم دەیانگوت، ئەمە کچی راستەقینەی ئەم ماڵە نەبووە،
کاتی خۆی هەڵیانگرتووەتەوە. ئەمە بۆ من شۆک بوو، رۆژێک لە ماڵەوە فشارێکى زۆرم خستە
سەر دایکم، تاوەکو ئەو دەنگۆیانەم بۆ پشتڕاست بکاتەوە، ئایا ڕاستە من کچى راستەقینەى
ئێوە نیم؟).
ژنەکە باسی ئەوەی کردوەو وتویەتی، (سەربارى
خۆشەویستى بۆ من، فشار و نیگەرانیی و ترسى ئەو لە درکاندنى راستییەکان، دواجار
زمانى دایکم هاتە گۆ و پێی گوتم، ئەوە ڕاستییە و ئێمە تۆمان لە نەخۆشخانەی
خورماتوو هەڵگرتووەتەوە، ڕۆژێک مەفرەزەیەک سەربازى عێراقی دایکتیان بە ئازاری منداڵبوونەوە
هێنا بۆ نەخۆشخانە و هەر کە منداڵەکەی بوو ئەویان بەپەلە بردەوە بۆ مەرکەز شەبابەکە،
ئەوکات ساڵى 1988 ژن و منداڵی کوردەکانیان هێنابوو لەوێ چەند ڕۆژێک زیندانییان
کردن.
هەروەها پێی وتووە (ئێمەش ئەوکات کچمان نەبوو
لەگەڵ (......) هاوسەرم، هەردووکمان پەرستار بووین لە نەخۆشخانەکە، پێکەوە بڕیارماندا
تۆ هەڵبگرینەوەو بتکەین بە کچى خۆمان! وە ئێستاش تۆ هەرکچی ئێمەیت، زوو زوو دایکم
کە ئێستا دەزانم دایکى راستەقینەم نییە، دەیگوت؛ بەبێ تۆ ناژیم.
هابیل دەڵێ، کچەکە بەردەوامبوو لە گێڕانەوەکانى
و وتی: من ئێستا هەستێکی زۆر زۆر ناخۆشم هەیە، هاتووم پشکنینم بۆ بکەن بۆ ئەوەى
بزانم من کێم و کچی کێم؟ دایکم لە ژیاندا ماوە یاخود نا، دەبێت کێ باوکم بێت؟ کێ
خوشک و برام بێت؟ ئەی خزمەکانم کێن؟ من بە ڕەچەڵەک خەڵکی چ ناوچەیەکی کوردستانم؟ ئەمانە
و چەندین پرسیارى دیکە لەگەڵ فرمێسکەکانى تێکەڵ بووبوون.
پاش بێدەنگییەکى کاتی؛ هاوسەرەکەی بێدەنگییەکەى
شکاند و گوتى، (......) لە رووی دەروونییەوە زۆر تێکشکاوە، رۆژانە تکام لێدەکات، بەدواى
وەڵامى پرسیارەکانیدا بگەڕێم، هانامان بۆ ئێوە هێناوە و سۆراغێکمان بۆ بکەن، تاوەکو
چیتر بەو ئازارەوە نەژین.
هابیل دەڵێ، (زانیم پیاوەکە فەرمانبەرەو دۆخى
داراییان باشە، بەڵام دۆزینەوەى کەسوکار بڕستى لێ بڕیون).
هابیل دەشڵێ، (زۆرجار لە مۆنۆمێنتى ئەنفال لە
چەمچەماڵ رووبەڕووى چیرۆکى ناخهەژێن دەبینەوە، بەڵام هەندێکجار ئەو پرسیارانەى کەسوکارى
ئەنفالکراوان بۆیهاتوون بێ وەڵامە و ئێمەش دەستەوەستانین لە ئاستى داواکانیان، تەنها
کارێک بیکەین، هاوبەشیکردنى خەمەکانیانە.