لێپرسراوی بانكی خوێن لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ دەڵێت: مانگانە 200 بۆ 250 بوتڵ خوێن وەردەگرن و دابەشی دەکەین بەسەر نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەكانی دیکەدا.
لەوبارەیەوە جەلیل ئەحمەد لێپرسراوی بانكی خوێن لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان راگەیاند: مانگانە 200 بۆ 250 بوتڵ خوێن وەردەگرن كە زۆرینەیان لە جۆرەكانی(O)،( A) و (+B)، دابەشی دەکەین بەسەر نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییە گشتیی و ئەهلییەكانی گەرمیاندا.
وتیشی: رۆژانە بەپێی رێكارە تەندروستییەكان خوێن لە هاووڵاتیان وەردەگرین و هەموو بەخشەرێكی خوێن پشكنینی ڤایرۆس و هەوكردنی بۆ دەكرێت، پاش دڵنیابوونەوە خوێنەكەی لێوەردەگیرێت و لەژێر چاودێریی پزیشكدا بەراوردكاری و دڵنیای و گونجان بۆ نەخۆشەکان بەكاردەهێنرێت.
روونیشیکردەوە کە بەپێی رێكارەكان، خوێن بۆ ماوەی 35 رۆژ لە ساردكەرەوەدا هەڵدەگیرێت بەجۆرێك خوێنی هەڵگیراو كەم و زیاتر نەبێت، ئەو جۆرە خوێنانەی دەگمەن و كەمن چەند بوتڵێكی كەمیان لێ هەڵدەگیرێت، گروپێكی خوێنبەخش كە ناویان تۆماركراوە، هەركاتێك پێویست بكات، تەلەفۆنیان بۆ دەكرێت و خوێنیان لێوەردەگریرێت.
ئاماژەشی بەوەدا ساڵانە خوێنی بەخشراو زیاترە لە خوێنی وەرگیراو، بۆنموونە ساڵی 2024، 2648 بوتڵ خوێن وەرگیراوە و 2652 بوتڵیان بەخشیووە، بەشێك لەو زیادەیە خەزنکراوی مانگی 12ی ساڵی 2023 بووە.